site loader
Song image
بەختەوەری – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

من لەو هەموو بەختەوەرییە ڕانەهاتووم
تۆ گەنجینەت خستە بەرپێم
لەکاتێکدا
من بە تەمای ئاوڕێک بووم
تۆ گەردوونت لە ڕۆشنایی خوا هەڵکێشا
لە کاتێکدا
بۆ ئاورینگێک بۆ قاف دەچووم
من لەو هەموو بەختەوەرییە ڕانەهاتووم!
دەخیلت بم
ماوەم بدە تا لێی ڕابێم
زۆر دەترسم دەرنەبەم و
لە بنیدا بەچۆکدا بێم
هێڵێک بکێشە
سنوورێک دانێ
بۆ ئەو شێتییەی
مەحاڵی دەوێ و سنوور نازانێ
سنوورێک دانێ
بۆ بزڕکاندن
بۆ خەیاڵاتی هەمیشە لاوی و ڕاونانی مردن
سنوورێک دانێ
بۆ ئەو باڵدارە ڕەنگاوڕەنگانەی
لە هەزار لاوە
دادەوەرێنە
سەر لک و پۆپی درەختی سەرم
سنوورێک دانێ
بۆ ئەو چیمەن و مێرعوزارانەی
بە ڕووت و قووتی
خۆ لە گەز دەدەن لە دەورووبەرم
من لەو هەموو بەختەوەرییە ڕانەهاتووم
چ ڕەوایە تەنیا بۆ من شەوان ئاسمان
خۆی بە ئۆیە و پۆیەی ستڕەنگ بخەملێنێ
چ ڕەوایە
تەنیا بۆ من
بەیانییان
ئاونگی سەر گوڵەشیلان بزریوێنی!
من لەو هەموو بەختەوەرییە ڕانەهاتووم
دەخیلت بم، گەر هیچ نەبێ
لێی کەم کەوە:
چەند پەڕێکی هەڵوەڕێنە
چەند چڵێکی لێ داپاچە
ڕۆژێک، دوو ڕۆژ
باڵەکانی بتارێنە
جارێک، دووجار
لک و پۆپە بە ئەستێرە قورسەکانی ڕاتەکێنە
لەو ڕۆژەوە
تەخت و تاجی مەملەکەتت داگیر کردووم
سەرانسەری ئەم گەردوونە مەملەکەتمە!
لەو ڕۆژەوە
لە زمانی بەرد دەگەم و با دەدوێنم
لەو ڕۆژەوە
بە بۆن ڕەنگان لەیەک جودا دەکەمەوە و
بە ئاو دنیا دەنەخشێنم
لەو ڕۆژەوە
تەخت و تاجی مەملەکەتت داگیر کردووم
هەر پنجێک گیا با لێی بدا
من لەگەڵ ئەو بەدەم باوە دەشنێمەوە…
لەو ڕۆژەوە
من هەسارەی بێ تەوەرم
بە ئازادی
بە گەردووندا دەخولێمەوە!
من لەو هەموو بەختەوەرییە ڕانەهاتووم
دەخیلت بم
ماوەم بدە تا لێی ڕابێم…
زۆر دەترسم دامڕمێنێ
زۆر دەترسم
دەرنەبەم و بە چۆکدا بێم

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
بۆ سەردەشت عوسمان – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

کە هاتن و
دار چنارە شیکەکەیان لوول دا و ڕفاند
لەو ساتەوە کە هاتن و
گوڵەجۆیە گڕتێزاوەکەیان کرتاند
کۆتری خەم هەتا ئێستاش هەر گمەی دێ
کۆڕی پرسەی هەموان تەواو
پرسەکەی من
بەردەوامە و هەر جمەی دێ!
داخی ئەوەم لە دڵدایە
نەیگەیشتمێ تا پێی بڵێم:
“ئاگادار بە!
لەم وڵاتە
ئەوەی قەڵەم چۆڵەچرا و ئاورگی بێ
دەبێ زمان چەقۆی تیژی سەر قورگی بێ!”
نە دەزانم
نە دەشپرسم
کێ بوون دابارینە سەری!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە
بنیادەم بوون یا کەمتیار
بە چی هاتن:
بە جامڕەشێک یان بە جامڕوون
بێ نمرە بوو یا نمرەدار!
ئیدی بۆ من وەکوو یەکە
بەڵام پرسیم
پرسیم و دیسان دەپرسم:
ئەو سبەینەی
نرکە و گۆڵەی ئەو هەورەیان مت و کڕ کرد
ئەو سبەینەی
ئەو تەلارە نەخشینەیان خاشەبڕ کرد
ئەوێ ڕۆژێ
یاسای سەروەر
بۆ کام بەرخی کەڕەواڵە چووبووە کەمین؟
گیرفانی کێی دەپشکنی؟
لە ئاسمان بوو یان لە زەمین؟!
هەر پرسیم و پرسیمەوە
هەندێک دەڵێن:
“یاسای سەروەر
مایەسیری گیری دابوو دوورەدەست بوو”
هەندێک دەڵێن:
“زۆر سەرقاڵ بوو
شوورەی دەوری کۆشک و سەرای هەڵدەچنی
خەمی خەست بوو”
هەندێک دەڵێن:
“ئاسمانی ژوور باخەکەی خۆی تەلبەند دەکرد
لە چریکە و فڕکەی باڵی باڵدار پەست بوو”
هەندێک دەڵێن:
“نەخێر بێشکەی حکوومەتە ساوایەکەی ڕادەژەنی
ناوەناوە دایبییەکی لەپێ دەکرد
ناوە ناوە دایبییەکی دادەکەنی!”
هەندێک دەڵێن:
“نا ئەو ڕۆژە
بە شەرابی زەماوەندی بە شوودانی کەرکووک مەست بوو”
هەندێک دەڵێن:
“لە بانکێکا پارەی دەژمارد
لەبەر چاوی ڕژدی ئەغیار
سڵ و سرک و لەسەرهەست بوو”
منیش دەڵێم:
“کەس نەیزانی
یاسای سەروەر زگچووی لێبوو
لە ئاودەست بوو!”

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
کەرکووک – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

ئەوەی لەملا ‘قودس’تان بوو
لەولاش ‘دڵ’تان
وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان
بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن
بژیوە بۆ قەوچەقەوچ و كەفوكوڵتان!
چما كەرکووک چۆتە سەر مانگ تا بێتەوە
یا سوورگومە وەكوو مێشكی قانگ و بڵتان!
كەركووک ڕەگە و دانابڕێ
خۆتان لە ڕەگ دابڕاون
لک بە لک و چڵ بە چڵتان
گڕکانی ڕک هاتۆتە جۆش
ڕک لە خۆتان
لە کاژەڵەی کەللەی کلۆر
لە فایلتان
لە پردی سیراتی دێگەڵە
لە بارەگا و بنکە و منکەی سەرمەڕمەڕی بنكاولتان
ڕک لە شوورەی باخ و مەزرا
لە دیواری حەرەمسەرای بێژماری قل بە قلتان
لە پۆزلێدان
لە زمانی لووشکەوەشێن
لە گفتاری بێ هەوساری کاڵ و کولتان
کەی بەرۆكمان بەردەدەن کەی
حیلکەحیلک و موسەلسەلی کۆبوونەوە و گەردوخولتان؟
کەی دوایی دێ زرمەزلێی ‘تۆم و جێری’
پایدۆست دەکا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان؟
كەی شاشەکان دەسێنەوە
لە دەستگێڕ و دەڵاڵانی دەرپێی مێژووی گەڕ و گولتان؟
دوای چارەتان
بە سەد ساڵیش دەرباز نابن ئاو و هەوا
لە دووکەڵ و تەپکە و سلتان
شیعر ناڵێم زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە
شیش بۆ قەفەز دادەڕێژم تۆق بۆ ملتان
ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم بقریشکێنێ:
“گوو بە خۆتان گوو بە ماددەی سەدوچلتان”

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
بە ناوی خوا و پێخەمبەرەکان – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
هەرچی دەیکەن، پاکە وەک نوێژ
هەرچی دەیڵێن، وەک گەوهەرە!
دیالێکتیک، سەرمایەی مارکس
فەرموودەی ‘ماو’ یان لەبەرە!
ئەورووپایان هەموو دیوە
کە دێنە گۆ بۆ ڕۆژنامان؛
پەیڤێک زێڕه و یەکێک زیوە!
لەندەن، پاریس، ئەنقەرە، شام
یەکە یەکە پایتەختەکانی هەندەران
شارەزاترن لە شێخەڵڵا و سابوونکەران
چاک دەزانن کە ئەورووپا بۆیاخچی پسپۆڕی دەوێ
بۆ مەیخانان پیاڵە و هیرباشۆری دەوێ
بۆ کۆڵکێشی
بازووی زۆر بەتینی دەوێ
کوردی چیایی ناولەپ زبر و
شان و پیل بەردینی دەوێ!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
دەیانناسم
لە پاکیدا، چاک و پیرن
لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن!
شارەزای مێژووی جیهانن
کون بە کون، کەلێن بە کەلێن…
ستڕاتیژی دوژمن تەقەی بێ
جبەخانەی تاکتیک پڕە
مەخزەنێکی پێوە دەنێن!
دەیانناسم!
لە پاکیدا، چاک و پیرن
لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن!
بیانبینن!
بزانن لە پێناو ئێمە چەند بێتووکن
چەند پەڕپووت و ڕووت و گەدان
چۆن شەو و ڕۆژ تەنیا لە بیری ئێمە دان!
باوەڕ بکەن
هەرچی دەیکەن بۆ ئێمەیە…
باوەڕ بکەن
هەرچی دەیڵێن بۆ ئێمەیە…
هەر بۆ ئەوەی لەم ئازارە ڕزگارمان بێ
هەر بۆ ئەوەی خۆشاوی شەهادەت فڕ کەین
هەر بۆ ئەوەی
خوێن وەکوو نان گران نەبێ و
هەموو جێیەکی لێ پڕ کەین
یەکێک دێنن قڕمان بکا
ئەگەر نەهات؟
فێرمان دەکەن یەکتر قڕ کەین!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
شوان هەر شوانە…
پەز هەر پەزە، هەتا دەمرێ…
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More