site loader
Song image
کەرکووک – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

ئەوەی لەملا ‘قودس’تان بوو
لەولاش ‘دڵ’تان
وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان
بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن
بژیوە بۆ قەوچەقەوچ و كەفوكوڵتان!
چما كەرکووک چۆتە سەر مانگ تا بێتەوە
یا سوورگومە وەكوو مێشكی قانگ و بڵتان!
كەركووک ڕەگە و دانابڕێ
خۆتان لە ڕەگ دابڕاون
لک بە لک و چڵ بە چڵتان
گڕکانی ڕک هاتۆتە جۆش
ڕک لە خۆتان
لە کاژەڵەی کەللەی کلۆر
لە فایلتان
لە پردی سیراتی دێگەڵە
لە بارەگا و بنکە و منکەی سەرمەڕمەڕی بنكاولتان
ڕک لە شوورەی باخ و مەزرا
لە دیواری حەرەمسەرای بێژماری قل بە قلتان
لە پۆزلێدان
لە زمانی لووشکەوەشێن
لە گفتاری بێ هەوساری کاڵ و کولتان
کەی بەرۆكمان بەردەدەن کەی
حیلکەحیلک و موسەلسەلی کۆبوونەوە و گەردوخولتان؟
کەی دوایی دێ زرمەزلێی ‘تۆم و جێری’
پایدۆست دەکا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان؟
كەی شاشەکان دەسێنەوە
لە دەستگێڕ و دەڵاڵانی دەرپێی مێژووی گەڕ و گولتان؟
دوای چارەتان
بە سەد ساڵیش دەرباز نابن ئاو و هەوا
لە دووکەڵ و تەپکە و سلتان
شیعر ناڵێم زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە
شیش بۆ قەفەز دادەڕێژم تۆق بۆ ملتان
ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم بقریشکێنێ:
“گوو بە خۆتان گوو بە ماددەی سەدوچلتان”

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
بە ناوی خوا و پێخەمبەرەکان – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
هەرچی دەیکەن، پاکە وەک نوێژ
هەرچی دەیڵێن، وەک گەوهەرە!
دیالێکتیک، سەرمایەی مارکس
فەرموودەی ‘ماو’ یان لەبەرە!
ئەورووپایان هەموو دیوە
کە دێنە گۆ بۆ ڕۆژنامان؛
پەیڤێک زێڕه و یەکێک زیوە!
لەندەن، پاریس، ئەنقەرە، شام
یەکە یەکە پایتەختەکانی هەندەران
شارەزاترن لە شێخەڵڵا و سابوونکەران
چاک دەزانن کە ئەورووپا بۆیاخچی پسپۆڕی دەوێ
بۆ مەیخانان پیاڵە و هیرباشۆری دەوێ
بۆ کۆڵکێشی
بازووی زۆر بەتینی دەوێ
کوردی چیایی ناولەپ زبر و
شان و پیل بەردینی دەوێ!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
دەیانناسم
لە پاکیدا، چاک و پیرن
لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن!
شارەزای مێژووی جیهانن
کون بە کون، کەلێن بە کەلێن…
ستڕاتیژی دوژمن تەقەی بێ
جبەخانەی تاکتیک پڕە
مەخزەنێکی پێوە دەنێن!
دەیانناسم!
لە پاکیدا، چاک و پیرن
لە ژیریدا، ئەنیشتاین شاگردیانە هێندە ژیرن!
بیانبینن!
بزانن لە پێناو ئێمە چەند بێتووکن
چەند پەڕپووت و ڕووت و گەدان
چۆن شەو و ڕۆژ تەنیا لە بیری ئێمە دان!
باوەڕ بکەن
هەرچی دەیکەن بۆ ئێمەیە…
باوەڕ بکەن
هەرچی دەیڵێن بۆ ئێمەیە…
هەر بۆ ئەوەی لەم ئازارە ڕزگارمان بێ
هەر بۆ ئەوەی خۆشاوی شەهادەت فڕ کەین
هەر بۆ ئەوەی
خوێن وەکوو نان گران نەبێ و
هەموو جێیەکی لێ پڕ کەین
یەکێک دێنن قڕمان بکا
ئەگەر نەهات؟
فێرمان دەکەن یەکتر قڕ کەین!
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!
شوان هەر شوانە…
پەز هەر پەزە، هەتا دەمرێ…
با کەس ڕەخنەیان لێ نەگرێ!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
تەزبێح – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

وەڕەس نابیت!

لە شاخ و شار

تەزبێحەکەت هەر بادەدەی

دەنکەکانی دەگێڕیت و

ئەویان بەمدا دەماڵیت و

لەپڕ ئەمیش بەودا دەدەی!

هەزار بریا

من دەمزانی بەو تەزبێحە چ دەژمێری

ئەو سەرانەی

میرغەزەب و تەور وەشێن پەڕاندییان؟

ئەو ملانەی

مل ئەستوورە دابەستەکان شکاندییان؟

یا ئەو ڕنووە درۆیانەی کۆمایەک بوون

هەر هەڵیان دا

بوون بە گرد و ئێستا چیان!

چ دەژمێری و تەواو نابێ؟

ئەو تانکەرە ملحیزانەی

میزەڵدانیان نەوتی تیایە

قەتار قەتار ئاودیو دەبن

هەڵتەک هەڵتەک

هەر بەڕێوەن وەک تاژی ڕاو؟

چ دەژمێری؟

شیش و شۆفڵ یا سۆندەی ئاو؟

بورغی و بزمار

یا قەللابە و گرێدەری بێخمەی خنکاو؟ 

چ دەژمێری؟

دەرگەوان و پەردەوان و

ڕاپۆرتنووسە خوێنڕێژەکان

یا باجگرە لە شاخ و شار دەستنێژەکان؟

چ دەژمێری؟

ئەو پێتەخت و مێتەختانەی

لەملا هەر خۆت تاڵانکەر و

لەولاش هەر خۆت سامانیان بووی؟

ئەو ئەنفالچی و وانەکانەی

لەمسەر دوژمن

لەوسەر هەر خۆت مامانیان بووی!؟

چ دەژمێری ٥٨ لوغمەکەی گارنەر؟ 

یا ١٤٠ قازووخەکەی پۆل برێمەر؟

ئەو دەستانەی دەمت

لەجێی دەست بۆ بردن؟

ئەو پێکانەی

بە سیححەتی جەللادان و قوربانییان

لە یەک کاتا نۆشت کردن؟

چ دەژمێری؟

ئەو سەتانەی

لە ماوەی چاوقوچانێکا دەبنە هەزار؟

یا سفری ئەو ملیۆنانەی

وەکوو بەراز

دەترەکێن و دەبنە

ملیار؟

چ دەژمێری؟

چ دەژمێری و تەواو نابێ؟

ئەو ئاڕبیجی بەشانانەی

وەکوو حوشتر یەخیان دەدەی

یا سمێڵە بابڕە گەسکدەرەکان؟

هونەرمەندانی هونەرگەند؟

ڕۆشەنبیرانی فشنبیر

یا نووسەرە گووسەرەکان!

چ دەژمێری؟

قوڕگی گیراو؟

حەرفی خەساو؟

یا قەڵەمی لە بارەگا و دیوەخانان

ماسک و دەرپێ پێ داکەنراو؟

چ دەژمێری؟

ئەو کەسانەی هەڵتدێران

یا ئەوانەی

لەمەودوا هەڵیاندەدەێری؟

بریا سەت بریا دەمزانی

بەو تەزبێحە دەنک وردە چ دەژمێری!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
گۆڕستان – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

لە گۆڕستان بۆ بترسم!
خۆ هیچ نەبێ لەوێ‌
لەو وڵاتە
وەک تەرازوو کش و ماتە
ماڵۆچکەیەکی خۆم دەبێت
لانە و لانی دونیام لەبیر دەباتەوە!
ماڵۆچکەیەک
نە مانگانە کرێی دەدەم
نە کەس داوای کلیلەکەی دەکاتەوە!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More