
دیسان عاشقان مەجلیسیان گرت
بەعام ناردیان ساقییان بانگ کرد
ساقی مەست بوو پیاڵەی پڕ کرد
ئامینێم تاقانەی دایە
ڕەببی ساقی شووشەت کون بێ
جامی دەستت سەرەوبن بێ
بەڵکوو سوودێکت بۆ من بێ
ئامینێم تاقانەی دایە
ئامینێم ئامینێم ئامینێم
زیز مەبە یاری دووروڵات
پاییز ڕۆیی زستان داهات
بزەت بۆ من بۆتە ئاوات
ئامینێم تاقانەی دایە
هاوین خەرمان لەبەر بایە
شەماڵ کەوتووە زریان نایە
هەڵیان بڕیم لە لەیلایە
ئامینێم تاقانەی دایە
ئامینێم ئامینێم ئامینێم
لە سابڵاغێ وەدەر کەوتم
لە گوڵەزەردان وەسەر کەوتم
وە دوای کۆچی لەیلا کەوتم
ئامینێم تاقانەی دایە
گوڵ پەیدا بوون لە موکوریان
غونچە پشکووت بە بای زریان
دەستەی عاشقان بۆی دەگریان
ئامینێم تاقانەی دایە
ئامینێم ئامینێم ئامینێم

دەمێکە ئازیز شای نەونەمامان
کاغەزی نایە بۆ شیفای زامان
یادی ڕێی دڵی لەبیر چۆتەوە
مەیلی ئێجگاری ئامان سارد بووەتەوە
مەیلی ئێجگاری هاوار سارد بووەتەوە
هەناسەیێکم هەر بە زۆر ماوە
بمگەیه ساقی کارم تەواوە
زیندووم کەرەوە بە جامێکی پڕ
بەڵکوو بمێنین ئامان بۆ غەمێکی تر
ساقی دادمە بگەرە فریام
لە ڕووی نازەوە دەست بدەرە جام
پیاڵەیێک نۆش کەم دیسان وەک جاران
بە ڕەغمی گەرمی هاوار گەڕووی مەیخۆران
بە ڕەغمی گەرمی ئامان گەڕووی مەیخۆران
ئامان ئامان ئامان یار یار ئەی ئای
شەماڵ چەن جاران ڕێت تەی کردووە
تەشریفت بۆ لای ئازیز بردووە
نە من لە جاران حاڵم خۆشترە
نە ئازیز وێنەی یارانی ترە
دەی سا شنەت بێ لە سوبح سەحەردا
وەک هەناسەی من لە ئاوی دەردا
هەی داد هەی داد هەی داد هەی ئاخ ئای

ڕۆژی تەرەب و فەسڵی گوڵ و وەختی بەهارە
یاران گوڵەکەم، کوا کە دەمی بۆس و کەنارە
گوڵزاری ئیرەم سوورەتی زیبای قەدی تۆیە
گۆشەی چەمەن و ڕوویی گوڵ و پایی چنارە
بەو زوڵف و موژەت مەمکوژە هەردەم بە جەفایێ
جارێ لە تەنافم مەدە، سەد جار لە قەنارە
تیری موژەکەت قاتڵە هەردەم بە بەڵایێ
دایم لە دڵی خەستەدڵان پێکی چومارە
سووتاو و بریندارم و سەودایی و مەستم
بەو پەرچەم و ئەگریجە و بەو چاوە خومارە
ئەو خاڵە لە سەر لێوتە جانا، چییە فەرموو
جێی ماچی لەبی تاهیرە نیشانەیی پارە
هۆنراوە: #تاهیر_بەگی_جاف

ئەی لەیل ئەی لەیل
عەزیزم، ڕۆحی شیرینم، دوو چاوم!
دەوای زامی دڵ و جەرگی بڕاوم!
ئەتۆ شا، من گەدا، دادم بپرسە
لە زوڵمی چاوی بیمارت کوژاوم
دەسا لادە سەری زوڵفت لەسەر ڕووت
کە ڕووتی ڕووتم و مایل بە تاوم
ئەی لەیل ئەی لەیل ئەی لەیل
لەباتی خوێنی خۆم ڕازیم بە ماچێ
دەسا بیدە هەتا زیندووم و ماوم
ئەی لەیل یار ئەی داد
مەکەن مەنعم لە شیوەن ئەی ڕەفیقان!
کە مەحزوون و غەمین و دڵشکاوم
لە ژینی خۆم ئومێدم قەتعە نالی!
کە سووتاوە هەموو جەرگ و هەناوم