
By - مستەفا دادار Mistefa Dadar
یارە ژیکەڵانەکەم!
گوڵم!
بە هەر نیگایێ، مەوجی چاوە مەسته جوانەکەت،
دەچێتە ناو دڵم!
هەر بە گوێی دڵم!
گوێ دەگرمە گرفە گرفی شیعرە ئاگرینەکەت
شیعرە ڕێک و پێکەکەی
بە تاو و تینەکەت!
هەر بە چاوی دڵ دەڕوانمە دیمەنی ئەوینەکەت!
تۆ! ئەوینمی
ڕێک و پێک ترینە شیعری تاکو ئێستە هەڵنەبەستراوی ژینمی!
تۆ! هەڵۆی خەیاڵی هەڵفڕینمی!
هەر دەکەومە سەر هەوا، بە هەڵفڕینەکەت!
بە جازیبەی ڕەوەندی تێپەڕینەکەت!
بە شیعری باڵی چەندە ڕەنگی تاوسی خەیاڵ
بە خوێندنەوەی سروودی مەرگی کۆرپە نازەنینەکەت،
مەرگی کۆرپە نازەنینەکەت
لادە لادە لادە لاده لەچکە تەسکە کەسکەکەت!
خۆشەویستەکەم!
عەزیزەکەم! گەزیزەکەم!
تاقە ڕۆڵە جوانەمەرگەکەی بەهاری کورت!
ڕۆڵە خۆشەویستەکەی تەلان و کێو و چەم!
تۆ! هەزار ئایەتی، لە کانیاوی پڕ لە ئاو و خیزەکەم!
لە کاتی تونییایەتی،
بە چەشنی بیری بەرزەفڕ، بێ سنوور و بێ نیهایەتی،
تۆ! قیامەتی!
دڵستێن و دڵڕفێن و خەمڕەوێنمی!
تۆ! تەواونوێنی عەشقی پاک و خەمڕەوێنمی!
تۆ! پەل و نەمام ڕاوەشێنی باخی بادە هێنمی!
تێکەڵاوی گوشت و پێست و ئێسک و خوێنمی!
خوێنی خوێنەکەم!
هیچ وەبیرتە ئەودەمەی
کە کەوتمە جەغزی کەسکە کەسکی چاوە مەستە کەسکەکانی
پڕ لە سیحر و جوانی تۆ؟
بوومە مەستی مەست و سێحری سێحری چاوە مەستەکانی تۆ؟
دەستی خۆم بڕی!
دەستی خۆم بڕی بە بەژنی باڵی شیعری ئاڵی تەم نیشانی تۆ
بۆیە کورتە دەستی ئەمن و
خوێن دەبارێ هەر لە هەوری عاسمانی مانی تۆ
جوانە بووکەکە!
هەر هەنووکە دەمهەوێ
کە بێمە جێی ژوانی تۆ
مەرگی کۆرپە نازەنینەکەت
لادە لادە لادە لادە لەچکە تەسکە کەسکەکەت!
ها ترووسکەکەم
جامی دڵ پڕی شەڕابی شەوقی شیعری شەو شەوە
بەو نیگایە پاکە مەندەیەت
وەسوەسەی دڵی پڕم هەلا هەلاکە، ببیە شیعرەکەم!
ببیە شیعرەکەم
تاکە ڕۆشنایی خاتە هەوری دڵ برووسکەکەت
تا ڕەها بی گوڵپەڕی خەیاڵی ناسکی
تاسکە تاسکی
ئاسکی باسکی
بسکەکەت
لادە لادە لادە لاده لەچکە تەسکە کەسکەکەت!