
By - هۆمەر دزەیی Homer Dizeyî
دەستم لە کەمەرت وەرێنم
بۆ خوەمت ڕاکێشم بە تین
لێوم لە گەردەنت هەڵسوێنم
ون بین لە ناو دنیای ئەڤین
فریشتە و پەریمان بێنە یاری
دامان نێن لە تاقی ئاسمان
ئەستێرەت بۆ ڕاخەن بە دیاری
هەوریش وەکوو جێ و بالینگان
گەر شەماڵ لێی سەندین ئەو نوێنە
سنگم بۆت ئەکەم بە سەرین
گۆنات بە مووی سینگم دا بێنە
نم نمیش دەس کا بە بارین
جەستەی تەڕ لە جەستەم بخشێنە
ون بین لە پشت ئاسمانی شین

By - هۆمەر دزەیی Homer Dizeyî
ئەو قورعانە بتگرێ هێنات لێکت کردەوە
سێ جار دەستت پێدا دا گیان بۆ مزگەوتت بردەوە
ئەمنت ئەوها بە جێ هێشت گیان بەو ئاهی وا سەردەوە
هۆی نارێ هۆی نارێ هۆی نارێ نارە جوان
وەرن جەرگم هەڵدڕن بە دەبانی کوشتەری
چەن جارانم گەوزاندی لە بن داڵان و دوودەری
ئێستاش خۆم لێ نەناس دەکەی پێم دەڵێی برادەر کوێندەری؟
هۆی نارێ هۆی نارێ هۆی نارێ نارە جوان
دەسماڵ حەریری دووبەر مێردت کرد خاکم بە سەر
لە سەر باڵای تۆ بوو جوانێ جەرگیان دامە بەر خەنجەر
گەر مەیلی جارانت ماوە وەی ڕەدووم کەوە ڕەش ئەسمەر
هۆی نارێ هۆی نارێ هۆی نارێ نارە جوان
چاوت ئەستێرەی شەوێ ڕوومەت دندووکی کەوێ
پێم بڵێ لە کوێ دەنووی شەوێ با ئەمنیش بێمە ئەوێ
باسکم بۆ بکە بە سەرین گیان بەجووت خەومان لێ بکەوێ
هۆ هۆی نارێ هۆ هۆی نارێ هۆی نارێ نارە جوان
هۆی نارێ هۆ هۆ هۆی نارێ هۆ هۆی نارێ نارە جوان