
لە بەختی تاری شەو ناکەم شیکایەت
شەبیهە چونکە بەو زوڵفە سیایەت
نییە قابیل برینی ڕاهی دووری
وەکوو پرچت کشاوە بێنیهایەت
کە تیری نێونیگات چەرخانە ئینسان
قەفەس خاڵی ئەکا مورغی دیرایەت
لە چاوی بەد، خوا عومری جوانی
قەبوڵ کا لێم بە پاداشتی ویقایەت
هووەیدایە لە ڕەنگی ئاڵی دەستت
کە داییم پیشەتە قەتڵ و جینایەت
هەتا کەی بادەنۆشێ عاشقی تۆ
هەتا کەی، بێ مەزەی ماچی کیفایەت؟
دەخیلت بم هومای زوڵفینی دولبەر
بەسەر سەرما بکێشە فەیزی سایەت
بە گۆران ناکرێ قەت دەرکی سەودا
کلا نابم لەسەر جادەی هیدایەت
هۆنراوە: گۆران