
By - قادر ئەلیاسی
نییە باکم ئەگەر زاڵم شکاندوێتی باڵی من
ئەوە سەختە کە وا ناگاتە گوێی کەس ناڵەناڵی من
بەهار هات و تەبیعەت حوکمی ئازادی مەلانی دا
لە ناو کونجی قەفەزدا دیارە چۆنە ئێستە حاڵی من
لە گوڵزارێ ورینگەی بولبولی سەرمەست و شەیدا دێ
بەڵام نایە جریوێکیش لە هێلانەی بەتاڵی من
لەسەر ناچێتە دەر ساتێ خەیاڵی بسکی خاوی تۆ
ئەگەرچی تێگەیشتم چاوەکەم خاون خەیاڵی من
ئەرێ ئەی ئاسکی ناسک هەتا کەی دەستەمۆ نابی؟
ئەرێ پیرۆزەکەی خوەشفەڕ هەتا کەی نایێ ماڵی من؟
گوتت بۆت دێمە جێژوانێ هەزار سوێندت بە شاڵم خوارد
لە ئاهی ئاشقانەی من بترسە نەک لە شاڵی من
ئەگەر دەیزانی مانای خۆشەویستی ئەو کچە کوردە
بە سەد یاقووت و گەوهەر نەیدەدا فرمێسکی ئاڵی من
ئاخ ئاڵی من
وای ئاڵی من
ڕەش و تار درێژ و پڕ لە ئازار و خەم و دەردە
بەلێ شەوگاری دووری بوو سەراسەر ژینی تاڵی من

By - قادر ئەلیاسی
شەو لە خەوما ئارامگەی حاجیم دیتەوە
چۆکم دادا سوژدەم برد بۆی
گوتم حاجی پەرێشانین
سەری کز کرد
دەسی دانا سەر دڵی خۆی
دەسی نایە سەر دڵی خۆی
گوتی مەرد بە زیندووم کەوە!
گوتم گەورەم من عیسا نیم چۆن زیندووت کەمەوە، بێژە؟
گوتی لێرە دەرم بێنە دووبەرەکی لە شوێنەکەی من بنێژە!

By - قادر ئەلیاسی
نیمە ئاواڵێ لە گۆشەی بێکەسیدا خەم نەبێ
چاکە ئەو لێرەش وەفای هەر ماوە هەر ماوە هەر ماوە سایەی کەم نەبێ
لاپەڕەی ژینم هەموو هەڵدەیتەوە، تێیدا نییە
باسی فرمێسک و هەناسە و شیوەن و ماتەم نەبێ
ڕەنجی دووری دڵبەرم بۆ کوشتنی من کافییە
گەر لە دونیادا ئەمن هیچ مەینەتی دیکەم نەبێ
ڕەمزی دڵداری لە زینێ فێر نەبوو یارم دەنا
کوا ئەوینداری وەفاداری وەکوو من، مەم نەبێ؟
شادی جارێکی بە میوانی نەهاتۆتە دڵم
ڕەنگە خەڵوەتخانەی خەم شوێنی نامەحرەم نەبێ
خۆم دەسووتێنم هەتا بەزمی خەڵک ڕۆشن بکەم
کێ لەڕێی خەڵکا وەکوو شاعیر دەسووتێ شەم نەبێ؟

By - قادر ئەلیاسی
نیشتمانم پڕ لە داخی دڵ بووە
شار و دێم ڕووسووری کۆچی گوڵ بووە
بەندی زاڵم زەنگی بێدەنگی زڕا
مەشخەڵانی خۆشەویستی هەڵکرا
خوێنی ئازیزانە هێزی بیر و هەست
خۆری باوەڕ ڕادەماڵێ شەوپەرەست
ڕۆژی و ڕزگاری و ژیانە یەکگرن
جێژنی یەکسانی ژنانە یەکگرن
تا بە کەی لە خاکی خۆم بێگانە بم
کۆچبەری ڕێی بێ وڵاتی و لانە بم
بەسیە تا کەی وەک گەلی سەردەم نەژیم
سەرفەراز و سەربەخۆ و بێ خەم نەژیم
کێو لەبەر پیی هێزی گەل دەتوێتەوە
بسکی ئاڵای کیژی خوەر دەشنێتەوە
هێزی وشیاری دژی بێدادییە
باوەری گەل ژن ژیان ئازادییە