
By - سمایل سەردەشتی Smaîl Serdeştî
چاڤڕەشا من دەلالا من ژ دەستا تە بریندارم
بەو بەڵێنیەی بە منت داوە بە قەولی خۆم وەفادارم
دێم و دەخوازم لە دایک و باڤێ تە
نازانم ڕندا من سەبرا من نایێ بێ تە
هایێ هایێ هایێ دل دەرمان ناکا
هایێ هایێ یارم دل دەرمان ناکا
نازەنین لە خیابان جار جار سڵاوێ دەکا
شانم لە شانێ دەدا وە پێم دەڵێ چۆنی کاکە
نازانێ شێتی ویم وەک کاکە ماوەی ساڵێکە
بۆ پێم ناڵێی ئەتۆ چیتە موحیبەت مانای بێ، نیتە
بۆ لێم دەدەی تیری مژۆڵت قەستی کوشتنم بە ڕاستیتە
تۆ دادگاییت کردم ئەمما حەقیش لە ژێر پێی باتڵدە
دێم و دێم و دێم و دێم و خوازم لە دایک و باڤێ تە
نازانم ڕندا من سەبرا من نایێ بێ تە
هایێ هایێ هایێ دل دەرمان ناکا
نازەنین لە خیابان جار جار سڵاوێ دەکا
نازەنین لە خیابان پێم دەڵێ چۆنی کاکە
نازانێ شێتی ویم وەک کاکە ماوەی ساڵێکە

By - سمایل سەردەشتی Smaîl Serdeştî
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە بۆو وڵاتەی لێی گەورە بووم
لە هەر بستێ خاکی خۆمدا دەستەگوڵێ هەڵدەبەستم
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە بە شنەی شەماڵی مەستم
پەنا نابەم بۆ هەندەران هەر وڵاتم دەپەرەستم
ناژیم بێ تۆ وڵاتەکەم هەر تۆی کانگای بیر و هەستم
ناژیم بێ تۆ وڵاتەکەم هەر ئەتۆی کانگای بیر و هەستم
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە بۆ وڵاتەی لێی گەورە بووم
ناڕۆم و بەجێی ناهێڵم قەت قەت ناڵێم لێی وەڕەز بووم
دەگەڕێم دەچمە ئەو شوێنانە کەوا پێشتر بۆی نەچووم
خاکیان دەکەم بە سورمەی چاو، لە چاوەکانمیان هەڵدەسووم
ڕۆژهەڵات زێدی باوانم بە دایمە هەر مریدی تووم
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە بە سەربەرزی بۆ وڵاتەکەم
بست بە بست خاکی ڕۆژهەڵات، شار و دێهاتی ڕاو دەکەم
هەر دایکێ کوڕی شەهید ببێ زوو دەچم دەستی ماچ دەکەم
پێی ئەڵێم دایە غەم مەخۆ ئێستا ئەمن لە جێی کوڕەکەم
خوشکی هەر شەهیدێ تووش بم پێی ئەڵێم سڵاو خوشکەکەم
چیدیکە ڕەشی مەپۆشە گەشایەوە ئاڵایەکەم
چیدیکە ڕەشی مەپۆشە وا سەربەرزە ئاڵایەکەم
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە بۆ وڵاتم بە سەربەرزی
بست بە بست خاکی ماچ دەکەم تا دەچمە سەر گۆڕی قازی
لەسەر گڵکۆی کڕنووش دەبەم لە بۆ پێشەوای گیانبازی
پێی ئەڵێم گەورە و سەردارم کوانێ هاوڕێی پێرلاشێزی
وەڵام بنێرە با بێتەوە چاوەڕێنە گەل و هۆزی
سروودی ئەی ڕەقیبیشم دەڵێم بە هەزار ئاوازی
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە بۆ کوێستانەکەی ڕۆژهەڵات
دەبمە شوانکارەی کێوەکان چاوەڕێ بم بڵێن بێری هات
لە بن هەر شاخ و دۆڵێکی من ساز دەکەم کەپر و سابات
کڕنۆش دەبەم بۆ وڵاتم، کڕنۆش لە بۆ خاک و ئاڵات
هەولێر و سلێمانی هەرکیان نابنە یەک سانیەی مەهاباد
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە ناچم ناگەڕێم لە شاران
دەچمە سەر گۆڕی شەهیدان ئەوانەی کران تیرەباران
دەچم کڕنووشیان بۆ دەبەم فرمێسکی چاو وەکوو باران
بۆ سەر گۆڕی هەر شەهیدێک دەستەگوڵێک وەکوو یاران
لە کرماشان و ئیلام و لە سنە و لە ورمێی جاران
لە کانیاوی نیەر لادەم لە مەڵبەندی شۆڕەسواران
#سپاس بۆ خاتوو سنوور

By - سمایل سەردەشتی Smaîl Serdeştî
مەهاباد ئەی مەهاباد گوڵی سەرتۆپی زەوی
زیاتر لە هەموو خاکێک وەبەر دڵان دەکەوی
چون شاری پێشەوایە هەردەم بە یادی ئەوی
بە ناحەق لە داری دا بە نەعلەت بێ پەهلەوی
سورمە لەبۆ چاوان خاکی بەڕە و کۆڵانت
بەڵگەیە بۆ شانازی هیممەتی لاوەکانت
بوویە بەخت و سەرمەشق بۆ هەموو هاوسێکانت
خۆزگە جارێکی دیکە دەکرابمە میوانت
یەک بە یەک نێوم دەبرد پێکڕا جێگە و مەکانت
یەک بە یەک نێوم دەبرد جێگا بەنرخەکانت
سوار ئەسپی خەیاڵ دەبم بەرەو سابڵاغ دەچمەوە
گەشتی نێو شار لێ دەدەم ئەوجار دەگەڕێمەوە
دەچمە چوارڕای ئازادی ماندووم دەهەسێمەوە
سڵاو لە تاقەدار و کانی مام قەمبەرانت
جێگای ڕاز و نیازن بۆ کیژ و لاوەکانت
مەهاباد لێم قەبووڵ کەی بە دڵ بوومە میوانت
دەچمە سەر داشا مەجید بەرەو مەهاباد دەڕوانم
دەچمە سەر داشا مەجید بەرەو سابڵاغ دەڕوانم
بەڵکوو بێنەوە سەر حاڵ سۆمای هەردوو چاوانم
گەر بێت و لێم قەبووڵ کەی بە دڵ لە لات میوانم
مەهاباد لێم قەبووڵ کەی من فیدای لاوەکانم
سڵاو لە ئەسحابەی سپی مەکۆی زانا و شاعیران
حەقیە بە خۆی دەنازێ ئەوانەی بوونە جیران
شەهید محەمەد ئەمین و هێمن و هەژار سێ بە سێ
لە مێژە بوو چوونە بوونە میوان و هاوسێ
حەفتا و هەشتیش ماملێ ڕۆیی گەر لە کن وان وا هەسێ
هێمن بولبولی گەل بوو هەژار مامۆستای جەسوور
شەهید محەمەد ئەمینمان بە چاوێکی تەڕ و سوور
ماملێ لە دەنگ خۆشیدا ئینسانێکی بێ قسوور
گەرچی دوو ساڵ نەخۆش بوو وا دەیناڵان لە نێو ژوو
دەچمە چوارڕای مەولەوی ماملێ دێتەوە بیرم
ئەگەر ماملێم لە بیر چێ لێم حەڵاڵ نەبێ شیرم
دەنگ خۆش بوو بۆ ئاوازێ خودا بە ئێمەی دابوو
لە چوارپارچەی کوردستان ئەو یەکەم و تەنها بوو
لە دووی مریەم سابڵاغی، زێنەبێک لە قەڵاتان
یا فاتمێ گەردن کێل ماملێ گەڕا وڵاتان
بەڵام دەستی نەکەوت هەناسە سەرد مایەوە
بۆ کن هێمن و هەژاری عاقیبەت بایدایەوە
بچینە بوداغ سوڵتان و بێینەوە سەر پردی سوور
ئێواران لێی دەڕوانی نیشان دەدا هەزار جوور
لاو و کیژی سادە و پاک، پاکی بە چەشنی بلوور
سەتی دەڕوا بۆ ئەوبەر سەتیش دەچێتەوە نێو ژوور
قەدیم مەیدانی هەردی مەرکەزێک بوو لە شاری
جێگای حەسانەوەی بێ بۆ ساغ و دەردەداری
کەتوومە یادی ماملێ هونەرمەندی کوردەواری
زۆر مەحاڵە وێنەی بێ لە دێهات یا لە شاری
بەرەو ئەسحابەی سپی تێکی نا کۆچ و باری
بۆتە هاوڕێی سەفەری خاڵە هێمن و هەژاری
دەچمە دۆڵی کەروێشکە و دێمەوە تەپەی قازی
بارگە و بنەم لێ ناوە دەکەم خوداحافزی
دەڕۆم بەجێی دەهێڵم دیسان بە هەوای دیدار
ڕەبی هەروا بمێنێ خۆش و زەنوێر و سازگار
ئەوەی دوژمن بە تۆیە ڕەبی کوێر بێ لە چاوان
نێوت هەروا بەرز بێ مەسکەنی شێرە پیاوان

By - سمایل سەردەشتی Smaîl Serdeştî
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
ئای لە دوور دێ شەقەی باڵی
ئەرێ وەی بۆ هەر لایێک پێی خۆش بێ دەڕوا
ئاخ هەزار خۆزگەم وەی بە حاڵی
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێ
ئای بەو تەیرە دەڵێن ئای هەڵۆیە
ئەرێ من بە قوربانی شاباڵیان مرم چۆن هەڵ دەکەن لە گەرمای کۆیە
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی لای کۆیە
بەخێرێ
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ عێرانێ
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێ
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ عێرانێ
ئەرێ وەی دەبا بچینە پێشوازیان کوڕینە
ئەرێ وەی دەبا بچینە پێشوازیان وێکڕا
ئەی ئەوەی خۆی بە کورد دەزانێ
ئاخ گەردوون گەڕان کوشتمی
نەزان پەرستی بۆ نان کوشتمی
هەر چەوسانەوەی بێ حەسانەوە
مردن های لە کوێ ژیان کوشتمی
قەت لە پێناوی نان و ئاوێ
سەر دامەنەوێنە بۆ هەر ناپیاوێ
هەر ئەم ژینە هەر دەمێ دێت و دەڕوا
مەردایەتیت مەفرۆشە لە پێناوی تاوێ
ژیان ئاوایە و وا دەڵێن مەردانی ڕۆژگاری
مار هەزار پێچیش بخوات لە ڕاست کونەکەی خۆی دەبێ ڕاست بچێتە خوا
نەتبیستووە دەڵێن
دنیا بۆ کەس تا سەر نامێنێ
لە سەوزاییدا چەقەڵێک ساز بێ دەبێ پشتی شێرێ بشکێنێ
هاتەوە دێتەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێ
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ کوێستان
هاتەوە دێنەوە تەیرەکەی گەرمێنێ
بەخێرێن
ئای دەڵێن بچینەوە بۆ کوێستان
ئەی وەی دەبا بچینە پێشوازیان کوڕینە
چون بە بێ وان چۆڵە کوردستان