site loader
Song image
دەفتەری سوور – حەسەن زیافەتی

By - حەسەن زیافەتی

وڵاتانی تێری جیهان‌ دەفتەرێکی سووریان هەیە
بۆ ئەو مەل و گیاندارانەی‌ کە کوشتنیان قەدەغەیە

داوا دەکەم لە یۆنیسکۆ لە دەفتەرە سوورەکەیدا ناوی منیش تۆمار بکا
لە ڕاوکەر و بازرگانان‌ کەوڵ و پێستم ڕزگار بکا

نە خزۆکم بە خشپەیێک تێتەقێنم خەڕەند و هەڵدێر و تەڵان
نە دەعباشم بە کەڵبە بێچوو هەڵگرم کونەشاخێک بکەم بە لان

نە باڵندەم، عەرد دەرم کا دەرکەی ئاسمان ڤەکەم بە باڵ
نە ماسیشم گەرداو هەڵکا ناخی دەریا پەنام بدا و پەی پێم نەبا چاوی خەیاڵ

من هەم و نیم دووپێیەکم
کەچی ئەوا زەردەواڵەی دووپێ دەمخۆن
تێم ئاڵاون لە ڕاست و چەپ، لە خوار و ژوور
تکام لێتە پەنام بدە دەفتەری سوور

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
بارکەن بڕۆن – حەسەن زیافەتی

By - حەسەن زیافەتی

بارکەن بڕۆن

کانیاوەکان جگە لە من

کەسێکی تر تێراو ناکەن

دارگوێزەکان جگە لە من

بۆ هیچکەسێک

سێبەری خۆیان هەڵناخەن

بارکەن بڕۆن

بارکەن بڕۆن

مێرگی ئێمە لەژێر پێی گاڕانەکانتان وەک ئاگرن

تا دارتووشمان یاخی دەبن جۆلانەیەک بۆ مناڵان* ڕاناگرن

بارکەن بڕۆن

میوەی دارەکانمان کاڵە

ئاومان سوێرە

هەنگوینمان بە دەمتان تاڵە

بارکەن بڕۆن

ئاسمانەکانی کوردستان ڕقیان هەستا

جگە لە من بۆ کەسی دی

هەوا ساماڵ و ساو ناکەن

لە داخی زۆرداری ئیتر

هەوری ڕقیان بڵاو ناکەن

زەوی پڕ تیشکی تاو ناکەن

بارکەن بڕۆن

بارکەن بڕۆن

کانیاوەکان جگە لە من

کەسێکی تر تێراو ناکەن

دارگوێزەکان جگە لە من

بۆ هیچکەسێک

سێبەری خۆیان هەڵناخەن

بارکەن بڕۆن

*= لە هۆنراوەی مامۆستا پەشێودا لەباتیی وشەی “مناڵان” وشەی “مناڵتان” وتراوە.

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
ئاوێنە – حەسەن زیافەتی

By - حەسەن زیافەتی

حەیفە کوێستان بەو سەرە بەرزانەوە هەر تەم نەبێ
ئەو تەمە پیرۆزە سایەیی لەو سەرانە کەم نەبێ
خۆ بە زێڕ نایگۆڕمەوە دەشت و وڵاتی خۆم بەڵام
من سەرم تێدا دەچێ جێگەم ئەگەر حەستەم نەبێ
حەیفە کوێستان بەو سەرە بەرزانەوە هەر تەم نەبێ
ئەو تەمە پیرۆزە سایەیی لەو سەرانە کەم نەبێ

شەو بە یادی تۆ ئەگەر ئەژنۆ دەگرمە باوەشم
کێ هەیە فرمێسکی بۆ من هەڵوەرێنێ شەم نەبێ
حەیفە کوێستان بەو سەرە بەرزانەوە هەر تەم نەبێ
ئەو تەمە پیرۆزە سایەیی لەو سەرانە کەم نەبێ

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن – حەسەن زیافەتی

By - حەسەن زیافەتی

هاوار هاوار هاوار
هەر من ڕەنجەڕۆوە خۆم
سەدان ساڵە
لە وێرانەماڵی خۆمدا
کتکەکوێرەی گۆشەی متبەقی سوڵتانم
سەدان ساڵە
حەوشوبەرەی خۆم واڵایە و
لە بەر دەرکەی دزانی خۆم پاسەوانم
هەر من ڕەنجەڕۆوە خۆم

سەدان ساڵە
وەکوو چنگێک دانەوێڵە
ئاشی مێژوو فڕێی داوم
هەر چوار دەورم شارۆچکەیە و
مێروولە دەمیان تێ ناوم
هەر من ڕەنجەڕۆوە خۆم

من پشتێکی بریندارم
لە قامچیی خۆم ڕاپەڕیوم
من لافاوێکی لاسارم
لەو کەنارانە هەڵساوم
کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم
نانیشمەوە، نانوومەوە
بێ ئارامم
ئارامی من چرایەک بوو
ڕەشەبای دەورم خوێنی ڕشت
بێبەزەییم
بەزەییی من زەریایەک بوو
بینیان پێوەنا و هەڵیانمشت

خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
دان و مێروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
خوێن و زەروو برای یەکن
خوێڕین ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماسی و چەنگاڵ
مشک و جەواڵ
دەست و چزوو برای یەکن
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن
پەت و گەردن
گوێزان و موو برای یەکن

وەرن خەڵکە!
لە نەچیر و زام بپرسن
بڵێن توخودا
خەنجەر هەیە زام تیمار کا؟
ڕاوچی هەیە نەچیر نەخوا؟
دە خەڵکە لە کا بپرسن
قەت ئاگری ساردی دیوە؟
لە هێلانەی مەل بپرسن
بەنیازی ماچ
قەت مار دەمی تێ ژەنیوە!؟
دە لە داربەڕوو بپرسن
تەوری دیوە داربڕ نەبێ؟
دە لە کەرێکیش بپرسن
گورگی دیوە کەردڕ نەبێ!؟

قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
تەوری برای داریش هەیە
قەحبەن ئەوانەی پێم دەڵێن:
ماری شیرین ژاریش هەیە

ساڵەهایە ساڵەهایە
تەونی درۆ هەڵدەبەستن کۆسەکانی ئەم دنیایە
ساڵەهایە بەقەد ئەسپێی نیفۆکانمان بەقەد ڕشکی تووکەسەرمان
هەوری بەڵێن بەم خاکەدا تێدەپەڕێ و دڵۆپە بارانێ نایە
ساڵەهایە
بن زمانیان
هەزار و یەک زوڕنای تیایە
گوێتان بگرن تێ نەکەون
پەیژەکەیان
دەندەی ڕووتی برسییەکانە
وریای سەربانەکانتان بن سەرنەکەون

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More