site loader
Song image
ڕۆژباش – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

ڕۆژباش

کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

ڕۆژباش

کوڕانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

چاوەڕێم کەن

وا تێنەگەن هێندە دوورم…

ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دا

هەنووکەش لە سەری سوورم

چاوەڕێم کەن

نابێ

ناشێ نەتانبینم

مەپرسن کەی

مەپرسن چۆن

گومان مەکەن لە زڤرینم

لەوانەیە

ڕۆژێ نەورۆز وەک پنجێک گیا

لەسەر گردی ‘مەلا مەروان’ بژیێمەوە

ڕەنگە شەوێک

لەگەڵ تیشکی برووسکەدا

داپەڕمە خوار و بێمەوە

بێنێک وەکوو تاپۆی ئاڵا

لە بەر چاوان بشنێم

لەوانەیە

هەر دوای ڕێژنەبارانێکی سەربەکڵاوە

لە داوێنی ئەسپیندارێک

وەکوو کارگێک هەڵبتۆقم

یا لە دەشتی ‘کاولەقەراج’

شین بم وەکوو گوڵەجۆیەک

یا لە گەرمەی ڕەشبەڵەکدا

بترنجێمە ناو ئاپۆڕە و

لەپڕ بێمە دەستی دۆیەک

ڕۆژباش

کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

ڕۆژباش

کوڕانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

کە منتان دی

بانگم بکەن

بۆ سەر سفرەی پڕی خۆتان

من دڵنیام

نانی ئێوە تامی خوێن و ڕۆندک نادا

با شەوێکیش بە ئارامی

بنووم لەناو پێخەوتانا

لەم ژینەدا هەرچەند گەڕام بە دنیادا

پێخەوی من

یا کەڵەکی سەر شەپۆل بوو

یا لکێک دار لەبەردەمی ڕەشەبادا!

لێم گەڕێن جارێک

لە چەقی ڕێگە بە ڕۆژی ڕووناک

لە ترس ڕەها لە تانە بێباک

تێر ئاوێزانی کچەکوردێک بم

هەناسەی بۆنی نێرگزی لێ بێ

بەری دەستیشی تام و بۆنی خاک

ڕۆژباش کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

ڕۆژباش کوڕانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

تکا دەکەم

بۆ ئەو ڕۆژە

ڕۆژی زڤرین یا داپەڕین

ڕۆژی شینبوون یا هەڵتۆقین

پەساپۆرتێک بۆ من دانێن

گرینگ نییە!

با ئەستوور بێ یا تەنکۆکە

با لاکێش بێ یا چوارگۆشە…

گرینگ نییە!

چۆنی دەڵێن با ئاوا بێ:

زەرد بێ

سوور بێ

شین بێ

مۆر بێ

یا ڕەشێکی وەک قەتران بێ…

لەم ژینەدا بە حەسرەت بووم

تەنیا ڕۆژێک

پێناسێکی زێدی خۆمم لە گیرفان بێ!

ڕۆژباش کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

ڕۆژباش کوڕانی سەد ساڵ لەمەوپاش!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More