
By - ئارام مستەوفی Aram Mistewfî
نیشتمان ئەی خاک و خۆڵی تۆ کلەی چاوانمە
نیشتمان ناوی بەڕێزت هێزی ڕۆح و گیانمە
نیشتمان ئەی بەربەیانت ڕۆشنی ئیمانمە
نیشتمان ئێوارەکانت خەڵوەتی عیرفانمە
نیشتمان قوربانی کوێستانت دڵی پڕدەردی من
نیشتمان حەیرانی گەرمێنت هەناسەی سەردی من
نیشتمان سەرمەشقی بەرزی هیممەتە کۆماری تۆ
مەرکەزی زانست و عیرفانە لادێ و شاری تۆ
نیشتمان باغاتی فیردەوسە هەموو گوڵزاری تۆ
عیززەت و فەخرە هەموو نەخشی دەر و دیواری تۆ
نیشتمان ئەی شاخ و داخانت ئومێدی دڵ هەموو
نیشتمان دەشت و بیابانت بەهەشتی ئارەزوو
نیشتمان شەرتە کە تۆزی ڕێت بە ئەم دنیا نەدەم
شەرتە تا ماوم لە شەرتی گیانفیدایی لا نەدەم
نیشتمان شەرتە لە عیشقی پاکی تۆ سەر با نەدەم
شەرتە گوێ بۆ ڕەقیب
لاوی کوردم خۆت نەکەیتە داری دەستی دوشمنت
دوشمنت نەتباتە مەیدان بۆ برای خۆ کوشتنت
هۆنراوە: ئەحمەد موفتیزادە

By - بێنام تاهیری Bênam Tahîrî
ئەی نیشتیمانم ئارامی گیانم
ژیان بەبێ تۆ ساتێ ناتوانم
ئەی نیشتیمانم ئارامی گیانم
ژیان بەبێ تۆ ساتێ ناتوانم
تا دواهەناسە ئەوینداری تۆم
قەت وچان نادەم فیداکاری تۆم
سەربەرزی تۆیە هیوا و ئومێدم
هەر تێدەکۆشم بۆ گەل و زێدم
لاوینە زووکەن هەنگاو هەڵێنن
کاروان وا دەڕوا بەجێ نەمێنن
بەدەس ئێمەیە دواڕۆژی وڵات
با پرشنگ بهاوێ خۆری بەخت و هات
تا پشتیوانمان لوتفی خودایە
گەشەی نیشتمان قەت دوایی نایە
ئەی نیشتیمانم ئارامی گیانم
ژیان بەبێ تۆ ساتێ ناتوانم

By - شەهین تاڵەبانی Şehîn Talebanî
کوردستان نیشتمانی شیرینمان
قیبلەگای ئەوینی فەرهاد
زێدی خۆشەویستی و جوانی
کانگای وەفا و میهرەبانی
تۆ سنووری مانای جوانیت بەزاند و
ئەژنۆی زوانی ستایشت تەزاند و
بەهەشتی تۆ لە ڕووی زەوی
لە تۆ مانا ئەگرێ ئەوین
کوردستان تۆ مێژووی کۆنی ژیاری
لە کۆنترین پەرتووکا هەر تۆ دیاری
گەر پارچەپارچەش کراوی
تۆ هەر یەکیت و یەک ماوی
کوردستان تۆ هەر یەکیت و یەک ماوی
ئێمە لەشین ئەتۆ دڵی ئەو لەشەی
ئاگرێکین ئەتۆ تینی ئەو گەشەی
باوەڕێکین بە بەرزایی کێوی تۆ
هەڵوێستێکین بە پیرۆزی ناوی تۆ کوردستان
نیشتمانی شیرینمان
قیبلەگای ئەوینی فەرهاد
زێدی خۆشەویستی و جوانی
کانگای وەفا و میهرەبانی

By - عەبدوڵا ماملێ
شەرتە پۆستی دڵ وەبان کاڵا کەم
شەو هەتاکوو ڕۆژ ئاه و ناڵە کەم
لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
بەشەو تاکوو بەسەرما زاڵ دەبێ خەو
بەڕۆژ تاکوو دووبارە دێتەوە شەو
لە کاتێکدا کە دەدوێنم ئەم و ئەو
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
زەمانێکی کە دەچمە سەیری گوڵزار
لەگەڵ پۆلی ڕەفیقانی وەفادار
تەنانەت وەختی دەسبازی لەگەڵ یار
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
دەکەم تەرخان لە ڕێی تۆدا ژیانم
لە سەنگەردا بەرەوڕووی دوژمنانم
بە خاکی تۆ دەمی ئاویلکەدانم
ئەمن ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە