
دنیا خەمە ژیان ژانە بۆ شارەکەی بەهاری سوور
هیرۆشیمای کوردستانە هەڵەبجەی بووکی شارەزوور
کۆرپە بە بێشکە و لانکەوە
منداڵ بە سینگی دایکەوە
بۆ یادی نەورۆزی ئەمساڵ
سووتان و بوون بە کۆی زووخاڵ
دنیا خەمە ژیان ژانە بۆ شارەکەی بەهاری سوور
هیرۆشیمای کوردستانە هەڵەبجەی دایکی شارەزوور
هەڵەبجەی بووکی شارەزوور
مەرجە هەموو بەرد و داری
هەڵەبجەی تینووی ڕزگاری
دەکەینە خەنجەری تۆڵەی
بەر پشتێنی کوردەواری

لەسەر کێلم بە بۆیەی سوور بنووسن خۆشەویستانم
لە ناو گۆڕا، لە ژێر خاکا، لە ڕیزی دەست لە دەستانم
بە پەیمانێ کە من دابووم بە کورد و خاکی کوردستان
بە نەعرەی ڕاپەڕین شەرتە کە بانگ کا من لە هەستانم
تا کەی تا کەی ئێمە وا کۆیلە بین
خاوەن خاک و سەربەخۆ بۆ نەبین
ئەوەی کە وا هەیبێ فەرهەنگ و زار
مافی هەیە و جل و بەرگ و وتار
تا کەی تا کەی ئێمە وا کۆیلە بین
خاوەن خاک و سەربەخۆ بۆ نەبین
تەنیا کوردە چەوساوە و ژێردەسە
بەجێماوین، نەنگە ئیتر بەسە
تا کەی تا کەی ئێمە وا کۆیلە بین
خاوەن خاک و سەربەخۆ بۆ نەبین
لەمێژەوە یەخسیر و بەش بەشین
ئازاین بەڵام نەزان و دڵڕەشین
تا کەی تا کەی ئێمە وا کۆیلە بین
خاوەن خاک و سەربەخۆ بۆ نەبین
لەمێژەوە یەخسیر و بەش بەشین
ئازاین بەڵام نەزان و دڵڕەشین
ڕەگەزێکین خاوەن خاک و مێژوو
هەستن هەموو یەک گرن زووبەزوو
تا کەی تا کەی ئێمە وا کۆیلە بین
خاوەن خاک و سەربەخۆ بۆ نەبین
نەسیحەت بێ بە یەکا هەڵنەچین
بە یەکیەتی لە دیلی دەرئەچین
تا کەی تا کەی ئێمە وا کۆیلە بین
خاوەن خاک و سەربەخۆ بۆ نەبین

چەرخی چەواشەی بێ ئامان زوو دایبڕیم لە نیشتمان
چەرخی چەپگەرد وای هێنا بۆم ئاوارە بووم لە شاری خۆم
باخی بەهەشت بێ هەندەران بۆ من هەر دەرد و ماتەمە
بیرم هەر لای کوردستانە بۆیە دڵم پڕ لە خەمە
شەکەتم لە ژیانی ئەوێ لە ئەم ژینە غەوارەیە
بەڵام چی بکەم ئەم خەڵکەی من ئێستاکەش هەر ئاوارەیە
شەو و ڕۆژ هەر وام لە خەیاڵ ئەفڕم وەکوو کۆتر بە باڵ
بەرەو ئاسمانی شارەکەم بۆ لای خەڵکە هەژارەکەم
کەچی شار هەر وەکوو شەوە ڕایچڵەکاندم لەو خەوە
لەپڕ بە دەم گریانەوە بە دەرد و ئێش و ژانەوە
دیسان بەرەو ڕێ بوومەوە بەرەو هەندەران چوومەوە
ئاوارەیی بوو بە بەشم بڕوانە فرمێسکی گەشم

قەومی کورد ئیسباتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین
میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆیی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە بێ ترس، دەم بە خەندە و پێکەنین
قەومی وا نامرێ، ئەژین با دوژمنی هەر شەبپەرێ
ساحیبی ڕۆڵەی نەبەردە، خاوەنی عەزمی مەتین
ئەو کەسەی گیانی لە ڕێگەی نیشتمانا بەخت ئەکا
پێی مەڵێن مردووە، شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین
لاوی کورد مەردە، لە مردن قەتعییەن باکی نییە
پەندی پێشینانە ڕاستە، بەرخی نێر بۆ سەربڕین
وا وەتەن دیسان بە مەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان
بۆچی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین
ڕۆژی تێکۆشانە، سا دەی هیممەتێ تاکوو زووە
بەشکوو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین
گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن
شەو بە بێخەم سەر ئەنێنە سەر سەرین
پیاو ئەبێ داییم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ
ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین
هۆنراوەی فایق بێکەس