
By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw
مناڵەکان!
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان
سبەی ئێوە کە پێئەگەن
لە لاوکا، لە حەیرانا
لە مزگەوت و دیوەخانا
لە چیڕۆکا
لە هۆنراوەی شاعیرێکی ترسنۆکا
ڕەنگە زۆرتان بەرگوێ کەوێ
باسی ئێمە و ئازایەتی
بەڵام نەکەن بڕوا بکەن
هەمووی درۆن، درۆی پەتی!
مناڵەکان
مناڵەکان
ئێمە تووشی سەد کوێڕەڕێین
چرای بیرمان ئێجگار کزە
هەنگاوی کوێرانە ئەنێین!
مناڵەکان!
لە وانەکانی دوێنێما
گوتم ئێمە، لەوەتی هەین
درۆ لەگەڵ خۆمان ئەکەین
لە ژینمانا
لە کردەوە و نووسینمانا، بێ فەلسەفەین!
ئەمەم گوت و دنیا ڕما
هەوری تانە بەرەو ئاسۆی بیرم جما!
مناڵەکان!
توخوا بچن بپرسن لێیان
بپرسن لەوانەی چاویان تینی ناگاتە بەر پێیان
مەترسن، بپرسن، بڵێن:
لە سەفەری دوورگەی خوێنا
بۆ مناڵان چیتان هێنا
پێمان بڵێن، چیتان هێنا!؟
ئەوەی دەنکەگەنمێکی چاند
گوڵەگەنمی دروێنە کرد
ئەوەی دڵۆپێک خوێنی چاند
تابلۆیەکی بۆ خۆی نەخشاند
ئەوەی تەنیا هاوارێکی لە دەم دەرچوو
گوێی لە سەدای دەنگی خۆی بوو
کەچی ئێمە
کاسەسەر و چاو ئەچێنین
بارانی خوێن بەسەریانا ئەبارێنین
هێشتا وەرزی دروێنەشمان دیار نییە
تا گوڵەگەنمێک کێڵگەی ئەو خوێنەشمان دیار نییە!
مناڵەکان!
زۆر لەمێژە دایکەکانی ئەم وڵاتە
مەمکەکانیان
شیری سەربەستی تیا قاتە
زۆر لەمێژە کێوەکانی ئەم وڵاتە
پێغەمبەرێکیان تیا قاتە!
مناڵەکان!
لە ئاگردانی چاوتانا
من چاوەڕێی زەردەشتێکم
بێ، جێ بەو بتانە لەق کا
من چاوەڕێی
چەخماخەی ئاڤێستایەکم
بێ جەرگی تاریکی شەق کا

By - میکائیل مەهابادی Mîkaîl Mehabadî
مناڵەکان! مناڵەکان!
ئەی برسییە ژینتاڵەکان
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان
دەسگیرانم کۆترێکی دیاربەکرە
حەزی لە چیا و قاسپەی کەو و ڕەنگی* بەفرە
بۆ گواستنەوەی
زنجیری* چیام قەف قەف بڕی
ڕۆژژمێرم پەڕ پەڕ دڕی
پەساپۆرتم؟
ئاوات و زەردەخەنە بوو
کیسێک کە لە دەرگای سنوورم دا*
لەباتی ماچ
ماچی گەرمی دەسگیرانم
تفی زەردی پۆستاڵڕەشێک
هات، سواخی دا ناوچەوانم!
مناڵەکان
ئەی برسییە ژینتاڵەکان
لەسەر سینگە نەوتاوییەکەی بابەگوڕگوڕ
نزیک تاڤگەی سەروژووری زێڕینی گڕ
گڵکۆیەکی بچکۆلەم دی لێی نووسرابوو ئا لێرەدا
مناڵێکی چاوگەشی کورد
لە برسا مرد، لە برسا مرد
ئەلێرەدا مناڵێکی چاوڕەشی کورد
لە برسا مرد
ڕەنگی*= شاعیر “دەنگی” نووسیوە
زنجیری*= شاعیر “زنجیرەی” نووسیوە
کیسێک کە لە دەرگای سنوورم دا*= شاعیر “کلدان و کیسێک خەنە بوو”ی نووسیوە
وەرگیرانی دەق: https://allekok.ir

By - مستەفا دادار Mistefa Dadar
مناڵەکان
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان
دەسگیرانم کۆترێکی دیاربەکرە
حەزی لە چیا و قاسپەی کەو و ڕەنگی بەفرە
بۆ گواستنەوەی زنجیرەی چیام قەف قەف بڕی
ڕۆژمێرم پەڕ پەڕ دڕی
پەساپۆرتم ئاوات و زەردەخەنە بوو
کلدان و کیسێک خەنە بوو
کە لە دەرگای سنوورم دا
لەباتی ماچ
ماچی گەرمی دەسگیرانم
تفی زەردی پۆستاڵ ڕەشێک
هات سواخی دا ناوچەوانم
مناڵەکان
ئەی برسییە ژینتاڵەکان
لەسەر لۆرییە نەوتاوییەکەی بابەگوڕگوڕ
نزیک تاڤگەی سەرەوژووری زێڕین گڕ
گڵکۆیەکی بچکۆلەم دی
لێی نووسرا بوو
ئا لێرەدا مناڵێکی چاوگەشی کورد
لە برسا مرد
مناڵەکان
ئەی برسییە ژینتاڵەکان
ئەی یاخییە ژینتاڵەکان
لەسەر سینگە نەوتاوییەکەی بابەگوڕگوڕ
نێزیک تاڤگەی سەرەوژووری زێڕینی گڕ
گڵکۆیەکی بچکۆڵەم دی
لێی نووسرا بوو ئا لێرەدا
مناڵێکی چاوگەشی کورد
لە برسا مرد