site loader
Song image
قەتار – مریەم ئیبراهیم پوور

By - مریەم ئیبراهیم پوور

دڵی من چەشنی واگۆنی قەتارێکە
هەزار و یەک وێستگەی هەیە
لە هەر یەکێک
لەو وێستگانە ڕابوەستێ
ڕێبوارێک بەجێ دەهێڵێ
ڕێبوارێک خۆی تێدەپەستێ!
بەڵام لەوەتی دڵی من
بۆتە واگۆن
ڕێبوارێکی پەستی تیایە و
دانابەزێ
دانابەزێ

لە سووچێکی ئەم دنیایە
ئەم ڕێبوارە
بە دوای ناوی خۆیدا وێڵە
ئەم ڕێبوارە
بە دوای چاوی خۆیدا وێڵە
ئەم ڕێبوارە برینمە
ئەم ڕێبوارە زەردەخەنە و گرینمە
ئەم ڕێبوارە کوردستانە کوردستانە کوردستانە
لانەی یەکەم ئە‌وینمە
ئەم ڕێبوارە کوردستانە
لانەی یەکەم ئەوینمە

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
نەورۆز ناکەم – مریەم ئیبراهیم پوور

By - مریەم ئیبراهیم پوور

ئەمساڵ بێ چیا نەورۆز ناکەم
بێ بۆنی گیا نەورۆز ناکەم
نەورۆز ناکەم
بێ بڵێسەی سووری ئاگر
ئەگەر ڕەشبەڵەک تۆز نەکات و
بۆخۆم نەبم بە سەرچۆپیگر

کزەی جەرگم بەیانی زوو هەڵمسێنە
زۆر دەترسم
کەوێک، کارێک
گوندێک، شارێک
چەمێک، چیایێک
لە بیر کەم
زۆر دەترسم
دارێک، بەردێک
کۆختێک، گەردێک
پنجە گیایەک
لە بیر کەم

بەیانی زوو هەڵمسێنە
دیسان مەڵێ با تێرخەو بێ
سوێندم بە چیا خواردووە
کە کوردستانە دوورەکەم
بە گەرمێن و بە کوێستانەوه
بگوازمەوە بۆ غەریبی
بۆ ژوورەکەم…

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
کۆڵان بە کۆڵان جادە بە جادە

By - مریەم ئیبراهیم پوور

بە دووتا وێڵم سەڵت و سەوادە
کۆڵان بە کۆڵان جادە بە جادە
نەشمیلەی چاو جوان
پەچەکەت لادە پەچەت لادە

پەرچەمی لوولت خستووە بە لادا
لەنجە و لارەکەت وەک پەریزادە
شەرمی پێ ناوێ
پەچەکەت لادە پەچەت لادە

خۆمم بۆ سێدار کردووە ئامادە
کۆڵان بە کۆڵان جادە بە جادە
نەشمیلەی چاو جوان
پەچەکەت لادە پەچەت لادە
ئەگریجەت لەسەر کوڵمەکەت لادە
جێی هەزار ناز و سوود و مرادە
مەمکوژە بە شەرت
پەچەکەت لادە پەچەت لادە

بە دووتا وێڵم سەڵت و سەوادە
کۆڵان بە کۆڵان جادە بە جادە
نەشمیلەی چاو جوان
پەچەکەت لادە پەچەت لادە

خۆمم بۆ سێدار کردووە ئامادە
ڕۆحم لە تۆڵەی تۆدا ئازادە
مەمکوژە بە شەرت
پەچەکەت لادە پەچەت لادە

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More