
لە سیلەی قەبران هاوارە
حاکم بمدا لە سێدارە
من نانێم مەیلی ئەو یارە
وەرگەڕێ باڵات ئای ببینم
با دەرچێ گیانی شیرینم
یا ڕەبی من مەرگت ئای نەبینم
عاشقان لە دوورەوە دیارن
ڕەنگیان زەرد و لێو بەبارن
مەنعیان مەکەن ساحێب یارن
وەرگەڕێ باڵات ئای ببینم
با دەرچێ گیانی شیرینم
یا ڕەبی من مەرگت ئای نەبینم
جووتێ ساقی سەر بە زێڕن
لە مەیخانان مەی دەگێڕن
عاشقان لە دین وەردەگێڕن
وەرگەڕێ باڵات ئای ببینم
با دەرچێ گیانی شیرینم
یا ڕەبی من مەرگت ئای نەبینم
لە سیلەی قەبران هاڵایە
حاکم بمدا لەو ئاڵایە
من نانێم مەیلی لەیلایە
وەرگەڕێ باڵات ئای ببینم
با دەرچێ گیانی شیرینم
یا ڕەبی من مەرگت ئای نەبینم

لە سیلەی قەبران هاوارە
حاکم بمدا لە سێدارە
قەت نانێم مەیلی ئەو یارە
قەت نانێم مەیلی نازدارە
لە سیلەی قەبران های سزایە
حاکم بمکوژێت لەو قەڵایە
نانێم من مەیلی لەیلایە
قەول دەدا شەو لە ژوانم نایە
تەحا لەو ڕێزەخاڵانە
بۆ من چاکن ئەو چاوانە
یاری خۆمە لێم های نەبانە
خەبەر بەرن بۆ خزمانم
ئاورێ بەربووەتە خەرمانم
شێواوە دەری بابانم
وەرگەڕێ باڵات های ببینم
با دەرچێ گیانی شیرینم
یاڕەبی من مەرگی تۆ نەبینم
یاڕەبی قەت مەرگی تۆ نەبینم
چاوت چرای سەحرای چینە
کوڵمت گوڵی نێو پەرژینە
وەک من دیم کافر مەیبینە
چون سوێسنەی باغی حەوشینە
وەرگەڕێ ئاوێزانت بم
یاڕەبی دەست لەملانت بم
ڕێم بکە شەو بە میوانت بم
یاڕەبی من بە جیرانت بم
بە دەوری نەرگسی مەستت کەسێ نەیماوە مەیلی مەی
لەبۆ شەهدی لەبی لەعلت دەناڵێنێ دڵم وەک نەی
لە تابی ئاتەشی عیشقت بکەم ناڵە و فەغان تا کەی
ئەوەند سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەماوە سا دەی