site loader
Song image
لەوەتی هەم – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

لەوەتی هەم خەو دەبینم
خەونی مەخمەری خاسەڕەنگ
خەونی بڵند وەک ئەستێرە
خەونی تیژڕۆی وەک تیشک و دەنگ
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ساڵ لە دوای ساڵ
خەو دەڕوێنم
کەوشەن بە کەوشەن، ماڵە و ماڵ
خەو دەڕوێنم
هەندێ جاران کە دەنووسم
پەیڤێک لێرە، یەکێک لەوێ، یاخی دەبن
من پیادەم و ئەوان سوار
من بێ باڵ و ئەوان باڵدار
هەرچەند دەکەم نایانگەمێ
هێندە سرک و دوورەدەستن
کە دەڕازێم
سەرم دەکەن بە پلوورە و شانەی شەعر هەڵدەبەستن
جار هەیە، سمۆرەیەکی سرک و قیتەڵ
ئەم چڵ، ئەو چڵ، لێم ڕادەکا
هەر کە خەوم لێ دەکەوێ
بە پێی خۆی دێ
لەسەر لەپم سەما دەکا
جار هەیە
جەنگی ئەستێران، چڕنۆبل، هەڵەبجەی وێران، دەمامکەکەی مایکڵ جاکسن، لە شووشەدا مرۆڤ چاندن، ئینتەرنێت و کونتێبوونی چینی ئوزۆن ڕاوم دەنێن
دەمتۆقێنن
کە دەڕازێم
گەردوون بەهەشتی سەرمۆرە
ئەستێرەکان
یەکەم شەوە تاریکایی دەترووکێنن
یەکەم وەرزە وەکوو بەهێ، بە پەل و پۆی ئاسمانەوە دەزریوێنن
کە بێدارم دەبینم
چەند تنۆکە ئاوێکی زەندەقچووی بەر هەتاوین
کە دەڕازێم دەبینم
تیشکی خۆر دەخۆینەوە
خوڕەمان دێ، شەتاوین
لەوەتی هەم خەو دەبینم
ساتەوەختێک ئازیزەکەی ئەوێم
کیژە ئەسمەرەکەی هەولێر
لە فڕگەدا چاوەڕێمە
هەر خۆی و باقەیێک کنێر
پێش ئەوەی ماچبارانی کەم
یا توند لە ئامێزی بگرم
لێم دەپرسێ
چۆن بە سەرچوو کۆڕی شعری دیاربەکرم
ساتێکی تر لەو خەوەدا
لە مەهاباد نەرمەشعر دەخوێنمەوە
قامشلوو بۆم لە قرمژنی چەپڵە دەدا
من هەر وا بووم
ئێستاش هەر وام
لەوەتی هەم خەو دەبینم
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم
ساتەوەختێک بە دەستێکم
شواری کێوی حەمرین دەگرم
دەستەکەی دیم، شانەیەکە
وردەپێلی گۆلی ‘وان’ی پێ دادێنم
ساتێکی تر
پێیەکم لە هەورەمانە
ئەوی ترم بەرەو عەفرین سووک هەڵدێنم
تا دەستماڵی سیاچەمانە
لە گەردنی کێلی بئاڵێنم
لەوەتی هەم خەو دەبینم
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم
ساتێک، لەوێ
لە پۆستەخانەی بایەزید
دەبینم حەزرەتی خانی
خەرمانەی نوور
دەوری داوە
لێی دەچمە پێش
سام دەمگرێ
سەرنج دەدەم
ئەویش وەک من شڵەژاوە
من لە شەرمی گەورەیی ئەو
ئەویش تا بە ئێکسپرێس کەوش و کاڵەک
بۆ فەقێ کۆییەکەی خۆی
ڕەوان بکا بەرەو باڵەک
لەوەتی هەم خەو دەبینم
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم
نیوەشەوێک لە خەومدا
برووسکە لێی دام و مردم
هاوڕێیانم لە سێبەری دارەبەنێک
لەسەر تاتەشۆرێکی ئاڵ
تەرمەکەیان درێژ کردم
ئاوەچۆڕەی دەوروبەرم
پەیتا پەیتا، بوو بە جۆگە
پاشان بە چەم
قاز و قوڕینگ
قەتاریان بەست
ئاوێتە بوون
پریشکی ئاو، تیشک و تەم
لەو ناوەدا بێشکەی دنیای ڕادەژنی
شنەبایەکی یەزدانی
یاسەمەن خوناوکەی دەکرد
ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی ڕەنگ قەزوانی
کە کفنیشیان کردە بەرم
لەپڕ کفنەکەم خۆی هەڵخەست
بەرز بۆوە
ڕەنگی گۆڕا
بوو بە پەلکەزێڕینەیەک
نەرم و شلک، ئاڵ و واڵا
زۆری نەبرد
هەڵیکردە کزەبا
بینم پەلکەزێڕینەکە
شەکایەوە، بوو بە ئاڵا
لەوەتی هەم خەو دەبینم
لەوەتی هەم خەو دەڕوێنم
خەونی مەخمەری خاسەڕەنگ
خەونی بڵند وەک ئەستێرە
خەونی تیژڕەو وەک تیشک و دەنگ

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More