
By - لۆکە زاهیر (شاناز)
من مەکوژە
من مەکوژە
من شەرەفی تۆ نیم ئەی پیاو شەرەفی تۆ لە عەفرینە
شەرەفی تۆ ئەم خاکە داگیرکراوەی سەرزەمینە
شەرەفی تۆ لە کەرکووک و لە حەمرینە
لە شەنگال و خانەقینە، خانەقینە
دڵخۆش مەبە کە نۆبێلی فرمێسک دراوە بە من
ئەوە بۆ تۆ داڕزینە لەسەر جەرگی من برینە
وەک سامۆرایی خەنجەرەکەت لە دڵی خۆت بچەقێنە
منی ژن شەرەفی تۆ نیم ئیتر خوێنی من مەڕژێنە
جەلاد مەبە، کە دوژمن هات پەرژینم بە
خۆشەویست و هاوژینم بە
شەرەفی تۆ لەدەستدانی نیشتیمانە
بەڵام تۆ ژیان ئەکوژیت، ژن ژیانە
من لە سەنگەرا هاوڕێتم
لە تەنگانە هێزی پێتم
بۆ تینوێتیت قومێ ئاوم
بۆ تاریکیت سۆمای چاوم
ئەوە من بووم ناوکم بڕیت ئەوە تۆ بوویت جەرگت بڕیم
بۆ ونکردنی تاوانێ بە لەپی خۆت خوێنت سڕیم
من دارەدارەم پێ کردی کەچی تۆ پێی منت شکاند
خۆ من حەیای تۆ نیم پیاو خۆتی حەیای خۆتت تکاند
من شەرەفی تۆ نیم ئەی پیاو
شەرەفی تۆ لە عەفرینە
لە شەنگال و خانەقینە
شەرەفی تۆ
ئەم خاکە داگیرکراوەی سەرزەمینە
سەرزەمینە

By - لۆکە زاهیر (شاناز)
ئەم ئێوارەیە زۆر ساردە شار بۆنی بەفری گرتووە
ڕیشۆڵەکان بەروخوار دێن تەم باڵای گۆیژەی گرتووە
سەفەرێکم هاتۆتە ڕێ سەفەرێ ڕێی هات و نەهات
ماڵ ئاوا شار لانەی خەمم کێ دەزانێ دێمەوە لات
ئەم ئێوارەیە زۆر ساردە شار بۆنی بەفری گرتووە
ڕیشۆڵەکان بەروخوار دێن تەم باڵای گۆیژەی گرتووە
بۆ غەریبیم مەگری ناڕۆم لەمە زیاتر نامۆ نابم
مەیێنە ڕێم تازە ئیتر بە ئێوە دەستخەڕۆ نابم
ئەم ئێوارەیە زۆر ساردە شار بۆنی بەفری گرتووە
ڕیشۆڵەکان بەروخوار دێن تەم باڵای گۆیژەی گرتووە