site loader
Song image
بناغە و چینی دیواری تەلاری بەرزی دڵداری – عەزیز شارۆخ

By - عەزیز شارۆخ Ezîz Şarox

بناغە و چینی دیواری
تەلاری بەرزی دڵداری
بە سەر لانەی دڵا ڕووخا، تەپوتۆزی خەمی هێنا
بەدووی باڵداری ئاواتی، فڕیوی بێ سەروشوێنا

دەسا ئەی پاییزی ماتەم، ئەوەندەم تاسە پێ ماوە
هەموو ئەو یادگارەی لەو ژیانی عەشقە جێ ماوە

بەجارێ وەک گەڵا سروەی خەزانت گشتی ڕاماڵێ
بەوردی هەر گەڵایێکی، ببا بۆ قوژبن و چاڵێ

دەبا ڕەشبا لە دواییدا
لە بیابانی لماویدا
تەپوتۆزێکی وا بێنێ، هەوا یەکجاری بخرۆشێ
سەری ئەو قوژبن و چاڵە، وەکوو گۆڕیچکە داپۆشێ

لەپاشانا بە بای وەشتا، لەسەردا هەوری ڕەش بێنێ
بە گۆڕی یادگارا، با بەخوڕ تاوێ ببارێنێ
دە با بمرێ بە یەکجاری لە گۆڕی تەنگ و تەنیادا
نیشانە و ناوی هەڵگیرێ لەناو بازاڕی دنیادا

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
دڵم تەنگە – عەزیز شارۆخ

By - عەزیز شارۆخ Ezîz Şarox

دڵم تەنگە و غەریبە هەر وەکوو ئێوارە پاییزان

پڕە سینگم لە دەرد و کوڵ لەبەر بێ مەیلی ئازیزان

ژیانی پڕ لە ناکامی هەتاکو کەی بچێژم من

کە سێ فەسڵی ژیانم بوو بە زستان و گەڵاڕێزان

چاوی گەشبینی وەک هێمن دەبێ من وا لە کوێ بێنم

وەکوو گەوهەرشناسی چاک محەک دانێ لە بۆ میزان

وەرە جوانێ مەنازە بەو دوو چاوی وەک گەلاوێژت

بەهاری عومری تۆش ڕۆژێ دەچێتە نێو گەڵاڕێزان

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
ئەی ڕەفیقانی تەریقەت

By - عەزیز شارۆخ Ezîz Şarox

ئەی ڕەفیقانی تەریقەت دەردی عیشقم چارە کەن

یان بە جارێ بمکوژن جەرگم بە خەنجەر پارە کەن

بۆچ ئەمن سووچم چییە ئەی سەروی بوستانی ئیرەم

بێ قەزا لێم زویرە چاکەیی چاوت ببێ

چاوەکەم بۆ ڕووی فیراقت دڵ دەناڵێ وەک ڕووباب

بۆ دوو ئەبرووی میسلی تاقت بەندی جەرگم بوو کەباب

من کە سووتانم نەدیوە مەنعی گریانم مەکە

عاشقی ڕووتم بەقوربان تیرە بارانم مەکە

سەد حەکیم هات و عەلاجی ئەم برینەی بۆ نەکرد

تۆ عەلاجی زامەکەم کە زوو بە قوربانم وەرە

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
جوانی بێ ناو

By - عەزیز شارۆخ Ezîz Şarox

قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو
گەندەمووی دەموچاو مەچەک هەڵنەگرتوو
ئەی ئەندام وردیلەی نەرمۆڵەی ئێسک سووک
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هی بووک
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

ڕاستە من ڕێبوارم، سەرپێیی ئەڕوانم
بەڵام وا جوانیی تۆ کاری کرد لە گیانم
ئەڵێی نەک هەر ئێستا عومرێکی درێژە
بەو دەست و پەنجانەت برینم ساڕێژە
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

ئەی کچە جوانەکە گوڵی جوان با زۆر بن
ئەی گوڵە جوانەکە گوڵی جوان با زۆر بن
با ڕەنگیان پەرداخت و جێگەیان سەرچڵ بێ
بە واتەی خەڵکی تر با ناویان شاگوڵ بێ
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان
ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان
جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور
شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More