site loader
Song image
داڕشتنەوە – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

تۆ هەندە پەرتی
بە من و دنیا و ئەم گەردوونەدا
پڕژاوی وەک مەی
مەراقمە جارێک بەرجەستەت بکەم
بتبینم وەک هەی!
لە تاریکیدا باشتر دەبینم!
لە تاریکیدا باشتر مەتەڵ و مامک هەڵدێنم
تۆش وەک شاپەڕی ئەستێرەکانی
تا تاریک دا نێ
تیشکت ناگاتە ڕەگ و لک و پۆم
بۆیە کە ئەمشەو
دێیتە بن کەپری ڕەشەڕێحانم
با هیچ نەسووتێ:
نە چرا نە مۆم!
دەمەوێ هەمووت هەڵبوەشێنمەوە
شانە بە شانە
ئەتۆم بە ئەتۆم
لە جەستەیێکدا داتبڕێژمەوە
مشتوماڵت کەم بە ئارەزووی خۆم

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More