site loader
Song image
کەتان کەتانە – حەمەساڵح دیلان

By - حەمە ساڵح دیلان

ئەگەر نایزانی ئەی هاوار من بۆ تۆ چۆنم
سەد کوورەی ئاگر ئەی هاوار ها لە دەروونم
کەتانە عەمرم کەتانە
دەم کوڵ دەم بێنە باوانم دەم بچکۆلانە
بێنە ماچت کەم ئەی هاوار تو ئەو قورئانە خاڵ دانەدانە

مەگەر ناڵینی من هاتۆتە گۆشی
کەوا کردوویە تەرکی سورخپۆشی
لە من بەدتر ئەبی زاهید ئەگەر تۆش
شەرابی دەستی ئەو یارە بنۆشی

خۆزگە ئەمزانی ئەی هاوار شەو جێگات کامە
ئەمنا لە باخەڵ ئەی هاوار سێو و شەمامە
کەتانە عەمرم کەتانە
دەم کوڵ دەم بێنە ئەی هاوار دەم بچکۆلانە
بێنە ماچت کەم ئەی هاوار تو ئەو قورئانە خاڵ دانەدانە

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە

By - حەمە ساڵح دیلان

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی قەومی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست بوو تاکوو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی قەومی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی قەومی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەبەق شەوق ئەداتەوە
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی قەومی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی قەومی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵغانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە
جەژنێکی قەومی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە

پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
مامە کوڕنوو

By - حەمە ساڵح دیلان

مامە کوڕنوو، ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم
سەر ڕەحەت، دڵ بێ گرێ، گوێ شل کە بۆ داستانەکەم
سەیرە، بەزمە، هەڵپەڕینە، پڕ لە قاقا و خەندەیە
نەعرەتەی گوێ کەڕ ئەکا، جۆش و کوڵی سەیرانەکەم
ئەرخەوان سوورە، بەهارە، گوڵشەنە، ڕازاوەیە
دەشت و کۆ ڕەنگین و پڕشۆیە وەنەوشەی یانەکەم
خەرمەنی لالە لە کۆهساران و پێدەشت و نشێو
سوورترە لەو خوێنە باریوەی کوڵی گریانەکەم

دلبەران سرک و بەنازن ڕەوتی نەرم و ئیستەکەی
سەد توانج ئەگرێتە ئاهووی دەشتەکەی شێروانەکەم
هەڵبڕە چاوی نومایش تێر سەرنجی ورد بدە
وەک بەجێت هێشت وا نەماوە شارەکەی جارانەکەم
ئەو بەهارەی تۆ بەجێت هێشت پڕ برینی تازە بوو
پڕ لە ئافاتی لەپڕ بوو بۆ گوڵی ئینجانەکەم
ئەو گوڵەی ئاواتی کورد بوو بێتە پشکوتن دەمێ
ڕایوەشێنێ بای شەماڵی نەرمی کوردستانەکەم

ئەو کەسەی چنگی ئەنایە بین و قوڕگی ئەو گوڵە
دەستی خوێناوی ئەنایە ناو دڵە پڕژانەکەم
ئێمە ئارەق ڕشتن و بازوو وەشاندن، بێ خەوی
ئەو گڕ و پشکۆی ئەنایە ژێر بنی خەرمانەکەم

ئێستە وا خۆی دائەنێ بۆتە فریشتەی ئاسمان
بۆتە دوکتۆر و برینپێچی برینی گیانەکەم
مامە کوڕنوو چی بڵێم زیاتر لەوەی ‘خالس’ ئەڵێ:
فێست و ڕێوی و مێزەر و مەیموونە سەیری بانەکەم
وەک وتم: سەیرە لە بانە… یا وەکوو ‘نالی’ ئەڵێ:
زیندەگیم تاڵە کە زەلکاو بێ بە تیمارخانەکەم!

کوڕنوو: ئەحەی کوڕنوو، ناوی ئەحمەدی کوڕنووە لە زەمانی کاک ئەحمەدی شێخا نۆکی کوڵانووە، لەبەر ئەوەی پیاوێکی خۆش مەشرەب و قسەخۆش بووە و حەرەکاتی سەیر و سەمەرەی کردووە و بۆتە هۆی بەزم و پێکەنین و خۆشی، کاک ئەحمەد بردوویەتی بۆ حەج. پیاوێکی عاقڵ و هۆشمەند بووە و گاڵتەی بە ناهەمواری زەمانە هاتووە. خەڵکی شاری سلێمانی بووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.
گردی سەیوان: بەناوبانگترین گۆڕستانی شاری سلێمانییە کە ژمارەیێکی زۆر لە زانایان و شاعیرانی کورد لەوێدا نێژراون.
سەر ڕەحەت: مێشک هێمنە و بە هیچ کارێکی ناڕەواوە خەریک و ماندوو نییە.
گوێ شل کە: گوێ بگرە.
نەعرەتە: بۆ دەنگ و هاوارێکی بەرز و بەهێز بەکار دێت و وەک ئەڵێن: نەعرەتەی شێر یا نەڕەی شێر.
پڕ شۆیە: تەڕ و تووشە.
یانەکەم: خانەکەم، خانووەکەم.
سرک: ڕانەهاتووە، دەستەمۆ نەبوون.
ئێستەکەی: وەستانێکی ساتەوەختی.
دەشتەکەی شێروانەکەم: مەبەست لە دەشتی گەرمیانە و کەوتۆتە نێوان قەڵای شێروانەی لای دەربەندی خان و کفری و کەلار.
چاوی نومایش: چاوی بینایی و تەماشا کردن.
شارەکەی جارانەکەم: مەبەست لە شاری سولەیمانیی نازدار و پیرۆزە.
پڕ لە ئافاتی لەپڕ بوو: واتە پڕ بوو لە زیان بەخشین و کاری ترسناکی کۆت و پڕ… زۆر جار ئەوترێ: ئەم لافاوە بێ ئافات، بێ واتە، بێ زیان و بێ ترس بێت، بێ وەی بێ.
بێتە پشکوتن دەمێ:
دەمێ: واتە بۆ ساتێک بپشکوزێ.
بێ خەوی: بێداری، بە خەبەر، لێرەدا بە واتای ئێشک گرتن دێت.
خالس: نازناوی شیعری شاعیر.

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
زارا گیان دیدەم زارا

By - حەمە ساڵح دیلان

ئەگەر نایزانی من بۆ تۆ چۆنم دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا
سەد کوورەی ئاگر ها لە دەروونم دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا
با بڕوات یارم بەو لەنجە و لارە سوبح و ئێوارە ماچ قەرزدارە
شایەتیم بۆ بدەن لە گولەی خەسارە دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا

کە مانگی نوێم دی*؟؟؟ دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا
هیلال ئەبرۆی تۆم دێنێتە پێش چاو دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا
با بڕوا یارم بەو لەنجە و لارە سوبح و ئێوارە ماچ قەرزدارە
شایەتیم بۆ بدەن لە گولەی خەسارە دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا

سەوزەی حەیاتم ڕستەی وەفای تۆن دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا
ئەر وەفات نەبۆ حەیاتم جە کۆن دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا
با بڕوات یارم بەو لەنجە و لارە سوبح و ئێوارە ماچ قەرزدارە
شایەتیم بۆ بدەن لە گولەی خەسارە دە وەرە زارا گیان دیدەم زارا
*؟؟؟= ئەو وشەیەمان بۆ ساغ نەبۆتەوە تکایە ئەگەر دەیزانن بۆمانی بنووسن
زۆر سپاس

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More