
فەلەک بشێوێ دەور و دووکانت
فەلەک بڕووخێ حەوت ئاسمانت
فەلەک وەرگرێ منداڵەکانت
قورعە بیبات پاک بیابانت
دەردەدار بووم لە شوێن یاری خۆم
قەد بووە ڕێم نەبووە بۆت بدەم لە چۆم

ئەی دڵ لەم دنیا چاکەی چیت ئەوێت
ئاسوودەگی قەت بە تۆ ناکەوێت
داوای دەرمان بکەی دەردت زۆر ئەکا
ئێشی دەردی تۆ ئاوا ناسرەوێت

ڕۆڵە هیوا و ئاواتم کۆرپە جوانەکەم
ڕۆڵە هیوا و ئاواتم ڕۆڵە جوانەکەم
کۆرپەی شیرینم پشتیوانەکەم
ڕۆڵەی جێگای شانازیم ڕەگی حەیاتم
ڕۆڵە گیانەکەم هۆی ژیانەکەم
هۆی ژیانەکەم تیری خەباتم
ڕۆڵە شیرنەکەم کوردستان ئەوە چاوی لە ڕێتە
نیشتمان هیوای دواڕۆژی پێتە
ڕۆڵە تۆش وەک من دا دەی ناڵەت بێ
لە جەوری فەلەک تۆش سکاڵەت بێ
ڕۆڵە چونکە تۆ پاکی لە درگای یەزدان
با ڕزگاری کا خاکی کوردستان

هەڵم بگرن لەنگەر لەنگەر
بمبەن بۆ ماڵی بابنۆکەر
شینم بۆ بکەن شەدە بە سەر
هەی بەناز وەی بەناز بەناز بەناز
چاوجوان گیان مەمکوژە بە ناز
هەڵم بگرن بە سێ و دوو
بمبەن بۆ گەڕەکی ژووروو
شینم بۆ بکەن مل بە مووروو
هەی بەناز ئەی بەناز بەناز بەناز
چاوباز گیان مەمکوژە بە ناز
هەڵم گرن بە سێ و چوار
دەی بمبەن بۆ گەڕەکی لای خوار
شینم بۆ بکەن ناسک و نازدار
هەی بەناز ئۆف بەناز بەناز بەناز
چاوجوان گیان مەمکوژە بە ناز
هەڵم گرن بە سێ و بە شەش
هەی با بمگرن بێ غەل و بێ غەش
شینم بۆ بکەن دەستەی چاوڕەش
هەی بەناز ئۆف بەناز بەناز بەناز
چاوجوان گیان مەمکوژە بە ناز
هەڵم گرن بە بێ قسوور
بمبەن بۆ گەڕەکی لای ژوور
دەی شینم بۆ بکەن مل بە موور
هەی بەناز ئۆف بەناز وەرە بەناز
چاوجوان گیان مەمکوژە بە ناز
هەڵم گرن بە بەرژاڵان*؟؟؟
بمبەن بۆ ژوورووی لای ماڵان
شینم بۆ بکەن دەی چاوکاڵان
هەی بەناز ئۆف بەناز بەناز بەناز
چاوجوان گیان مەمکوژە بە ناز
هەڵم گرن بە بێ تەگبیر
دەی دەی دەستەی جوان لەگەڵ پیر
ئەمن بازم مردم بێ نچیر
هەی بەناز ئۆف بەناز بەناز بەناز
چاوجوان گیان مەمکوژە بە ناز
*؟؟؟= لەو وشەیە دڵنیا نین، تکایە ئەگەر دەیزانن بۆمانی بنووسن.