
By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw
تێناگەم!
گەر تفەنگێک
هەزار گوللەی تێدا بێ
بە دەست کوردێکەوە بێ و
ڕووی لە کوردێک کرابێ
چۆن دڵی دێ بیپێکێ
با ئاگریش درابێ!
ڕاستی پەروانەیێکە…
گەر دەتەوێ پێی بگەی
داگیرسێنە چراکەت
تۆ دیلی چۆن دیل دەکوژیت؟
هەی هەزار تف و لەعنەت
لە گەورەی تۆ و براکەت!

By - هانی موجتەهیدی Hanî Muctehîdî
من تێناگەم چۆن ئەتوانی ئەم عەشقە لەبیر بەیتەوە
بۆ کوێ بڕۆی حەسرەتی من لە سێبەرت نابێتەوە
هەر مەنفایەک پەلت بگرێ بو بارگەت لە هەر کوێیەک دانێی
دڵنیا بە هیچ دونیایێک وەک دونیای من خۆشی ناوێی
بێجگە لە من کێ شک ئەبەیت ئەو هەموو سۆزەت پێ بدات
کێ وەکوو من مەملەکەتی دڵی خۆیت تەسلیم ئەکات
من تێناگەم چۆن ئەتوانی ئەم عەشقە لەبیر بەیتەوە
بۆ کوێ بڕۆی حەسرەتی من لە سێبەرت نابێتەوە
کێ هەیە وەک من بتوانێ زەمینت بێ و ئاسمانت بێ
کێ وەکوو من نازدارەکەم تا دوا دڵۆپ بارانت بێ
من دڵنیام وەک تارمایی ئەتبینم و قەت پێت ناگەم
بەس نازانم چۆن جێت هێشتم چۆن بوو توانیت قەت تێناگەم
من تێناگەم چۆن ئەتوانی ئەم عەشقە لەبیر بەیتەوە
بۆ کوێ بڕۆی حەسرەتی من لە سێبەرت نابێتەوە