
By - تاهیر خەلیلی Tahîr Xelîlî
کە وەفدێک دەچێتە شوێنێ
بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون
تاجەگوڵینەیێک دێنێ
ئەگەر سبەی وەفدێ بێتە وڵاتی من لێم بپرسێ:
“کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟”
دەڵێم: گەورەم!
لە کەناری هەر جۆگەیێ
لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ
لەبەر دەرگای هەر ماڵێ
هەر کڵێسەیێ، هەر ئەشکەوتێ
لەسەر گابەردی هەر شاخێ
لەسەر درەختی هەر باخێ
لەم وڵاتە
لەسەر هەر بستە زەمینێ
لەژێر هەر گەزە ئاسمانێ
مەترسە
مەترسە کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ
لە قەندیلی سەربەرزەوە وڵامت بۆ دەنێرمەوە
شەهیدبوونم شانازییە هاوڕێ ڕەنگە نەتبینمەوە
هێزێ پێشمەرگە نابەزن هەموو شۆڕشگێڕن ئەوڕۆ
شەهیدبوونمان شانازییە دایکان بۆمان مەکەن ڕۆ ڕۆ
زۆر لەمێژە ژانی گەلم دەسووتێنێ جەرگ و دڵم
ژان دەچێژم دەیپارێزم ئاو و خاک و مەتەرێزم
بە گیان بە خوێن دەیپارێزم ئاو و خاک و مەتەرێزم
هێزێ پێشمەرگە نابەزن هەموو شۆڕشگێڕن ئەوڕۆ
شەهیدبوونمان شانازییە دایکان بۆمان مەکەن ڕۆ ڕۆ
هاوڕێ ئارام لەبیر مەکەن ڕێگای لنین قەت ون مەکەن
هاوڕێ فواد لەبیر مەکەن ڕێگای لنین قەت ون مەکەن
هاوڕێیان ڕۆژی هیممەتە سەفی دوژمن لەت لەتە
ڕۆژی تۆڵەسەندنە بەیداغی سوور هەڵکردنە
هێزێ پێشمەرگە نابەزن هەموو شۆڕشگێڕن ئەوڕۆ
شەهیدبوونمان شانازییە دایکان بۆمان مەکەن ڕۆ ڕۆ

By -
ڕاپەڕیوم وا لە کۆڕی بەزمی تێکۆشانەوە
شان بە شانی ڕۆڵەکانی نیشتمانی جوانەوە
من لە نێو کۆڕی خەبات و ڕەنجی بێ پایانەوە
سەر لە پێناوم لە خزمەت خاکی کوردستانەوە
هەڵگری بەیداخی سووری ڕێی شەهیدانم ئەمن
چۆمی خوڕێنی بەهارانم پشوودانم نییە
بێ وچان هەروا دەهاژێم و هەدادانم نییە
من شەپۆلی سەرکەشی دەریام و ئارامم نییە
گەر بە سەربەستی نەژیم من ژینی پەستیم بۆ چییە؟
هاژەهاژی قەڵبەزەی بەفراوی کوێستانم ئەمن
شێری مەیدانی نەبەرد و ڕاپەڕینم هەر بە گوڕ
من بە نرکەم دادەخورپێنم دڵی دوژمن لەپڕ
وێنەیی دارەبەنی پیرم بەدەم کوێستانی چڕ
بازی بێ پەروام ئەمن، پیرەهەڵۆم و بەرزەفڕ
وەک برووسکە و گرمەیی هەوری بەهارانم ئەمن
هەڵکراوی شۆڕشم من کڵپەکڵپی ئاگرم
هەر وەکوو پۆڵا بەرامبەر دوژمنم خۆڕاگرم
من لەسەر داوا ڕەواکەم سوورم و پێداگرم
دەست لەسەر ئامانجی بەرزم بۆ ئەبەد هەڵناگرم
نابەزم پێشەنگی ڕێبازی گەلم مەردم ئەمن
هۆنراوەی عەبدولخالق نەقیب

By - تاهیر خەلیلی Tahîr Xelîlî
چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لە سێدارە دران
غەیری دڵسۆزیی وڵات و دوژمنیی داگیرکەران
کوا لە کوێیە ئەو کەسەی لافی برایی لێ ئەدا؟
میللەتی هێنایە مەیدان و بەڵێنی پێ ئەدا
کوانێ ئەو دڵسۆزەی ئەیوت داشدیاری میللەتم؟
چی بەسەر هات کوا لە کوێیە؟ گیری داوی مەینەتم
دوژمنینە دڵنیا بن کورد بەمە ناتوێتەوتە
ڕەوڕەوەی بەڵکوو بەرەوپێش مل ئەنێ و ناکشێتەوە
ڕەوڕەوەی مێژووی بەرەوپێش مل ئەنێ و ناکشێتەوە
چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لە سێدارە دران
غەیری دڵسۆزیی وڵات و دوژمنیی داگیرکەران
قوڕ بە سەرتان ئێوە خاوەن تۆپ و تەیارەی شەڕن
میللەتی من خاوەنی تەئریخ و بیر و باوەڕن
چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لە سێدارە دران
غەیری دڵسۆزیی وڵات و دوژمنیی داگیرکەران
گەرچی نووکی نێزەتان سوورە بە خوێنی لاوی من
با لە ناو یادا بمێنێ تا وەکوو ڕیسوا ئەبن
چی بوو تاوانی ئەوانەی وا لە سێدارە دران
غەیری دڵسۆزیی وڵات و دوژمنیی داگیرکەران

By - تاهیر خەلیلی Tahîr Xelîlî
هۆ هۆی کاکەی شوان، هۆ هۆی کاکەی شوان
گوێم لێیە لەو بن دارە، لەو بن دارە
ئەوەی ئەیڵێی نایڵێیتەوە دووبارە
بەو ئاوازەت مێگەلەکەت سەرخۆشن
سەرمەست ئەڕۆن ئەلەوەڕێن لە جۆشن
هۆ هۆی کاکەی شوان، هۆ هۆی کاکەی شوان
گوێم لێیە لەو بن دارە، لەو بن دارە
گۆرانییەکەت دڵداریم ئەجووڵێنێ
لەرەی دەنگت تاسەی دووریم بۆ دێنێ
هۆ هۆی کاکەی شوان، هۆ هۆی کاکەی شوان
گوێم لێیە لەو بن دارە، لەو بن دارە
خۆزگەم بە خۆت کە لە شارستان دووری
سەربەست و دڵپاک و شاد و ڕووسووری
هۆ هۆی کاکەی شوان، هۆ هۆی کاکەی شوان
گوێم لێیە لەو بن دارە، لەو بن دارە
زۆر سپاس بۆ خاتوو لەیلا