
By - حەسەن زیافەتی
بارکەن بڕۆن
کانیاوەکان جگە لە من
کەسێکی تر تێراو ناکەن
دارگوێزەکان جگە لە من
بۆ هیچکەسێک
سێبەری خۆیان هەڵناخەن
بارکەن بڕۆن
بارکەن بڕۆن
مێرگی ئێمە لەژێر پێی گاڕانەکانتان وەک ئاگرن
تا دارتووشمان یاخی دەبن جۆلانەیەک بۆ مناڵان* ڕاناگرن
بارکەن بڕۆن
میوەی دارەکانمان کاڵە
ئاومان سوێرە
هەنگوینمان بە دەمتان تاڵە
بارکەن بڕۆن
ئاسمانەکانی کوردستان ڕقیان هەستا
جگە لە من بۆ کەسی دی
هەوا ساماڵ و ساو ناکەن
لە داخی زۆرداری ئیتر
هەوری ڕقیان بڵاو ناکەن
زەوی پڕ تیشکی تاو ناکەن
بارکەن بڕۆن
بارکەن بڕۆن
کانیاوەکان جگە لە من
کەسێکی تر تێراو ناکەن
دارگوێزەکان جگە لە من
بۆ هیچکەسێک
سێبەری خۆیان هەڵناخەن
بارکەن بڕۆن
*= لە هۆنراوەی مامۆستا پەشێودا لەباتیی وشەی “مناڵان” وشەی “مناڵتان” وتراوە.