site loader
Song image
ئارەق و تین – فەتاح خوراسانە

By - فەتاح خوراسانە Fetah Xurasane

پێش ئەوەی گزنگی هەتاو ترۆپکی چیا بنگێوێ
پێش ئەوەی شنەی بەیانی بسکی بەڕەزا ببزێوێ
پێش ئەوەی قاسپەی خاسەکەو لە زەرد و ما دەنگ داتەوە
پێش ئەوەی بولبول بخوێنێ خونچە دەمی بکاتەوە
پێش ئەوەی سیڕەی هەڵۆیان پەردەی بێدەنگی دادڕێ
پێش ئەوەی چووڕە پۆپنەکی بەرەو ڕووناکی هەڵفڕێ
پێش ئەوەی شەمی سەر چاکی ئاخر فرمێسکی هەڵوەرێ
پێش ئەوەی گژەبای تووڕە ژیلەمۆی پەپوولە بەرێ
پێش ئەوەی لاوی بەختەوەر دەم ڕاگوێزێ لەسەر خاڵان
پێش ئەوەی شەوگەڕی دڵتەڕ وەڕەز بێ لە ماڵە و ماڵان
پێش ئەوەی بێری شل و مل چاوی خەواڵووی هەڵبێنێ
پێش ئەوەی شوان مەڕی شەوێن وەگێڕێ، بەردا دەسبێنێ
پێش ئەوەی پۆلی نەشمیلان شل شل داگەڕێن بۆ کانی
پێش ئەوەی سەرکانی و دەراو ژاوەی بێ لە پەری جوانی
پێش ئەوەی حاجی سەلەمخۆر هەژارێک هەڵنێ بە تەماڵ
پێش ئەوەی ڕێچکە ببەستن بۆ مزگەوتێ شان بەبەرماڵ
پێش ئەوەی دەروێشی چڵکن پەنجەی خەلیفەی کوشیبێ
پێش ئەوەی شێخ وەک تارمایی بەرەو خانەقا خوشیبێ
پێش ئەوەی گزیری بەدفەڕ لە دیوەخان پاروو بادا
پێش ئەوەی خاتوونێک بەناز پەردەی کۆشکی ئاغا لادا
من کاوی خۆم لە کار دیوە من جەرگی زەویم دڕیوە
من شیلەگەم هەڵبڕیوە من یەک سەریم ئاخنیوە
من ڕیزە سواڵەم داناوە شەغرە وێنجەم پێوە داوە
من گاگێرەم تێر کراوە یا خۆیانم وەرگێڕاوە
هاوین و پایز و بەهار هەتاو لێی نەداوم بێکار
من جووتیارم، من جووتیارم من لەگەڵ هەتاو هاوکارم
من بە ئارەق و ئەو بەتین دامان ڕشتووە بناخەی ژین
باسکی من و تیشکی ئەوی بژیو دەستێنن لە زەوی
گەر جووتیار ئارەق نەڕێژێ گەر هەتاو تیشک ناوێژێ
دانیشتووی ناو کۆشک و قەڵا دەخۆن نانی گەڵا گەڵا؟
بەڵام حەیف ئێستاش لێرە من برسیم و کەسێک تێرە
نە قەت ئارەقی ئەسڕیوە نە قەت گەوزی هەڵبڕیوە
نە مەچەکی جەمام بووە نە چۆڵەمەی لە جێ چووە
نە ئەنگوستی ڕاگیراوە نە داسوو لە چاوی داوە
نە دڵی پێی دڕدڕ بووە نە بنهەنگڵی خڕ بووە
نە کەفی دەردا بە کڵۆ نە پەنجەی دەری کرد دڵۆ
نە دەستی پاشبارەی ناسی نە ساوێکی دا لە داسی
نە بەگەرما داهێزاوە نە خەوی لە چاوی زاوە
نە بەسەرمایە تەزیوە نە لە کای پایز خزیوە
نە نووسەکەی پێوە نووسا نە لەبەر بارانێ خووسا
نە زوقمی بەسەردا باری نە لە قوڕدا کەوت باری
نە دی شەو و شەونخوونی نە چێشتی دەردی نەبوونی
تا کەی وا بم، تا کەی وا بم دەس بەتاڵ و ڕەنج بە با بم
تاکەی ڕەنجی شان و پیلم بۆ دوژمن بێ، بۆ من دیلم؟
نا نا، تازە ڕاپەڕیوم ناتوانن بدەن فریوم
ڕێبازی شۆڕش بەرنادەم مەودا بە داگیرکەر نادەم
لە شان و باهۆی خۆم ڕادی هەڵگرم ئاڵای ئازادی

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More