site loader
Song image

گۆڕستانی چراکان – بەشی پێنجەم – شێرکۆ بێکەس

By - شێرکۆ بێکەس Şêrko Bêkes

سەرنشینی قافڵەکان کەمێکیان نەبێ ئەوانی تر نەگەڕانەوە. حەیران بێژێکی ئاگر لە ڕۆح بەربووی عاشق، حەیرانی ئەنفالی خولقاند. نەزمێکی نوێی موتوربەکراو بە ژان و حەسرەتی لاوک. هەندێ ناویان لەم بەیتە تازەیە نا ‘حەیاوک’.
چریکەکانی لە نێوان بەیت و داستان و عەشق و دابڕان و غەریبیا هر جارە و لە سیلەی خەمێکەوە باڵی ئەگرت. لە شەوێکی مانگەشەوی ئێجگار خامۆشا، کە تەنیایی لە مانگ ڕەنگ پەڕیوتر بوو، حەیرانبێژ لەسەر قەڵای هەولێرەوە بەرامبەر خەرمانەی خۆڵەمێشی مانگ و ڕوو لە باشوور، وردە وردە سەدای ئەکەوتە شەقژن. باڵندەی چریکە بەرەوخوار ئەفڕی و لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەیدا، نمە نمە خوێن لە ژێکانی دەنگی ئەتکا و دانە دانە وشەکانی دائەگیرسا و وێنەکان ئەبوون بە شارا بۆ پەپوولە و یادگاریش بە خۆڵەمێش…
‘حەیاوک’ ئەیوت:
لەو خوارە، نزیک بە تەنگەی ئەستووری ‘سعوود’ نزیک هەتاوێکی نەخۆشی ناوچەوان کڵپەدار کە بەردەوام
وڕێنەیێک لەناو لمدا بە ‘با’ ئەدا
لەو خوارە، نزیک قیامەت و نزیکی عەدەم
هەر بە تەنیشت، مێژوویەکی کەڕ و کوێرەوە
لەو خوارە، لەوێندەرێ
کە دەشت و دەر نەزۆکن و سەراب پادشای وڵاتێکە لە تینوویەتی ئەبەدی
تاک و تەرا باڵنەی وەجاخ کوێر قیڕەقیڕیانە و لێرە و لەوێ، لە هێلانەی خۆڵەمێشا
هەڵکورمان و بە تەنها هەر ئاسمانی ڕابردوو
خەونی مردوو
یادگاریانە
لەوێندەرێ لە قاقڕێ
ئەمجارەیان، خۆڵ ئەمنووسێتەوە
چاڵ ئەمخوێنێتەوە. ئەمجارەیان، لەوێندەرێ
لەو سەحرایانەوە کە هەر زێدی ‘سەعیر’ بوون
نیشتیمانی مەنجەنیق و مەملەکەتی سوننە و کوللە و زێدی عاگول، زێدی خوێن و کیفی کینەی یەکدانەوەی
هۆزی غەدری شمشێر و شیر بوون!
لەو سەحرایانەوە، ‘با’یێک هەڵئەکا
بە وژەوژی ئافاتەوە، زەرد، زەرد
لە لمۆزی
دوورگەیەکی ئاوساوەوە
لەو خوارەوە، لوورەیێک دێت
لوورەیێکی گرێ گرێ
گڤەگڤی پڕە لە لم
پڕە لە زام و وەیشوومە و پڕە لە گڕ
لەو سەحرایانەوە هاوارێ دێ، قەترانییە و سووکەڵەیە و ڕاناوەستی و لە غاردایە و درێژ درێژ ئەبێتەوە
هەتا ناو کۆستی ئەم بەفرە و هەتا لای من
هاوارێ لە ئێسک و پروسکەوە، تیژ تیژ
هاوارێ لە ڕیزەچاڵەوە، قوڵ قوڵ
ئەمجارەیان خۆڵ ئەمنووسێتەوە:
چ دەفتەرێکی بەرینی هەیە ئەم خواوەنی لمە!
دەفتەرێ ئەستوورتر لە ناوقەدی دۆزەخ و تۆمارێ پان و پۆڕتر لە زەریای عەرەب و
حیکایەتێ لە کەنیزەکی ناو ‘غەنائم’ بە ئاپوورەتر و لەشکرێ لە شارەمێروولەی حیجاز زۆرتر
خۆڵ ئەمنووسێتەوە
بەو زمانەی کە خودا
حەشر و نەشری بەنی ئادەمی پێ ئەکا
بەو زمانەی تۆڵە تیا ئەزێ و بەو زمانەی ئاگر لە پەلکەگیا موتوربە ئەکا و بەو وشانەی لە قافڵەیێکی درێژی حوشتری دووسەنەمی بارکراون و ڕۆژگار کاوێژ ئەکەنەوە و ڕوویانکردۆتە بەردە ڕەشەکەی کەعبە و عەگالی
‘قەعقاق’ جڵەوگیریانە
لەو خوارە بەردەوام خۆڵ ئەمنووسێتەوە
هەر وەکوو چۆن تەور دار بنووسێتەوە و هەر وەکوو چۆن، کوللە گوڵەگەنم و تۆڕ ماسی بنووسێتەوە
لەو خوارە خۆڵ ئەمنووسێتەوە
مەرگ ڕۆژ کوێرە!
ئەو هەر لە شەوەزەنگا ئەمخوێنێتەوە
نە چرای ئەوێ و نە مانگەشەو
چرای ئەو ملمە و مانگەشەوی ئەو مەحاقی سەرم
ئەو بەردەوام بەو دەیجوورە ئەمنووسێتەوە
نە قاچی حەرفە کوفییەکانی تێکەڵ و پێکەڵ ئەبن و نە هەڵەیێکی نەحوی ئەکات و نە پەنجەی ئەشڵەژێ و نە
چاڵەدێڕێ ئەپەڕێنێ و نە خاکەنازێ غەدر بە خەسار ئەدا و نە سڵ لە خودا و نە سڵ لە نەوەد و نۆ ناوەکەی
تریشی ئەکاتەوە!
لەو خوارە خۆڵ و چاڵ و باگژەیێک لە عەدەم ئەمنووسێتەوە و ئەمخوێنێتەوە
ئەو خوارە، مووبەمووی جەستەی منی لەبەرە
فەنا بوونی منی لە خۆیا دەرخ کردووە
بڕینەوەی منی لە چنگیا خەتم کردووە
لە چەقی هەموو بزەیێکی، مناڵە بەدبەختەکەما
دەرزییەکی داناوە و لە سەرەڕێی هەموو وشەیێکما قەمەیێک و لە ناو نزارەکان و زاوزێ کەژیشمانا
گیژەلووکەیەک ژەهر!
لەو خوارە، تەپ و تۆزێ لە تەندوورەی خۆڵا
نە هێشتوویەتی ئاو چاوی ببینێ و نە تاقە پەپوولەیێکیش بێ بە عاشق
تەندوورەی خۆڵ ئەمخوێنێتەوە
دەنگم تەیرێکە مردوو
لە هاوارما، هاوار ئەخنکێ و لە بێکەسیما چۆڵەوانی سەرسامە و لە قیژەما خوا لەگەڵ تیلماسکە نوورێکی
سپیدا دێتە دەرێ و ئاوێتەی فرمێسکی دایکم و چیام ئەبێ لە قیژەما خوداوەندی ‘با’ ئەشڵەژێ
لە تەنیاییما تەنیایی زۆرجار ئەنوێ
بەڵام ‘ئەعراب’
وەختێ ئەدوێم
ئەوان و بیابان، نازانن خودا ‘ئەڵڵا’یە و
نازانن ‘ئاو’ چییەو؟ ‘دایە’ چییە و بە تەنها فەنابوونی منیان لە خۆیانا خەتم کردووە!
چەند زەلیلە
ئەم جەستەیە
چەند تەنیایە
زریکەم و چەند بێ خەمە بیابان و چەندیش کڵۆڵە غەریبیم!
خەو نەبوون، کیژۆڵە خەو نەبوون
ئەوە ڕەز بوون و ئەمردن
ئەوە ئاو بوون و ئەمردن
ئەوە بەرد بوون و شل ئەبوون
ئەوە گۆم بوون و ڕەق ئەبوون
خەو نەبوون کیژۆڵە خەو نەبوون
ئەوە دەستی سەرگوزشتە و
خەیاڵ نەبوو کیژۆڵەکەم
ئەوە دەستی نیوەی دنیا و
نیوەی دەوڵەت و قانوون بوو کە ئەهات و
تۆی ئەخستە زیلێکەوە و
دوور ئەیبردی
ئەوە نیوەی بلیمەتی و نیوەی عەقڵ و
نیوەی زانای جیهانێ بوو
بەیەکەوە لەگەڵ ‘مونتەسیر بیللادا’
‘با’ی بۆگەنیان بۆ هەڵکردی
خەو نەبوون کیژۆڵە، خەو نەبوون
کڵۆ خەڵووزە ساردەکە
ئەوە مەمکێکی دایکت بوو
تۆپەڵە سوورە گەرمەکە
ئەوە دەماغی باوکت بوو
خەو نەبوون
کیژۆڵە خەو نەبوون
ئەوەی کارژۆڵەکەی تۆی خوارد
ئەوەی مراوییەکەی دزیت
ئەوەی مامزەکەی بردی
ئەوەی چیرۆکەکەی کوشتی
گورگ نەبوو کیژۆڵە گورگ نەبوون
ئەوە حیکایەت نەبوون بۆت بکەم
شێعر نەبوون بۆت ڕێک بخەم
ئەوە دەوالی مێژوو بوون
ئەوە وەقاس و سەعد بوون
لای خەلیفەوە هاتبوون!
خەو نەبوون کیژۆڵە، خەو نەبوون
وەکوو پرچ و زەردەخەنە و گوارەکانت
حەقیقەت بوون! خەو نەبوون، هەرگیز خەو نەبوون
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی
گوڵەکان چۆن لە ترسانا ڕایان ئەکرد
بنچکەکان هەڵ ئەهاتن
ئەی بە چاوی خۆت نەتبینی
کەروێشک خۆی ئەکرد بە پەیکەر!
هەتاو خۆی ئەکرد بە سێبەر!
ئەی بە گوێی خۆت گوێت لی نەبوو
لەو ئێوارە بەسامەدا
سەگەکەمان کەوتە قەسە و بەڵام مەرد بوو
وتی چی ئەکەن با بیکەن بەڵام من نابم بە بەعسی
خەو نەبوو کیژۆڵەکەم، خەو نەبوو
ئەی هەر لەبەر دەمتا نەبوو
لە دوای لەبەر دەمتا نەبوو
لە دوای ناشتنی هەڵەبجە
ئەستێرەیێک بە میوانی
ئەستێرەیەکی مرۆڤدۆست
هاتە هەیوان و قەیرێ لەگەڵمانا گریا و
ئینجا ڕۆیشتەوە بۆ ئاسمان
خەو نەبوو کیژۆڵەکەم، خەو نەبوون!
-ئەگەڕێمەوە بیابان
قافڵەکەیش بە بەتاڵی گەڕایەوە بۆ کوردستان
‘تۆپزاوا’ باری هەیە و دیسانەوە چاوەڕوانە تۆپزاوا باری هەیە و باری قورسە
باری ژان و باری قیژە و باری نووزە
ئەو وەختەی ئەبن بە ڕەژوو! باری گریان و تەنیایی وەختێ ئەبن بە کۆتەرە و بە سووتماک و وردەشووشە و ئەو دەشت و دەرە پڕ ئەکەن، باری زووخاو وەختێ ئەبێ بە قوڕقوشم و باری زووڕە زووڕی منداڵ، وەختێ سوێیان ئەبێتەوە و ئەوەرێن و ئیتر ئەبن بە خەزان و بە گەڵای دار باری ساڵەکانی عومری پیرێژن و باری کچە عازەبەکان، باری ئەو هەموو جوانییە وەختێ ئەبن بە مرواری و بار ئەکرێن بۆ شێخەکانی ناو خەلیج و بۆ بازاڕی عەرەبستان
باری حەریری جەستەی کیژ
بۆ دیوەخان
باری پەمووی بێوەژنان
بۆ ڕەشەخەڵک
باری کەوڵی پیرەمێردان
بۆ کارگەکانی دەباغی
لەمسەر خاڵییە قافڵە و لەوسەر پڕە لە ئەستێرە و لە گۆرانی و لە چراکان
ئەی ئادەمییە بەفرینەکان!
لە کوێوە گەیشتنە ئەم لێواری سەعیرانە!؟
چ کاروانسەرایەکی درێژە ئەم دووکەڵی سەفەرانە!؟
ئەرێ هیچتان لەبیر نەچووە!؟
دڵۆپە فرمێسکێ؟
ئاخێکی نێو لۆچی تەمی!؟
خۆزگەیەکی سیس!؟
باڕژنی ئاسکێ!؟
قاسپەی کەوێ!؟
ئەرێ هیچتان لەبیر نەچووە!؟
پەلەتان بوو. ئەو دەمەی خەوتان بەجێهێشت!
پەلەتان بوو، پێتان نەکرا
نە سڵاوێ لە درەختێ
نە ئاوڕدانەوە لە نووزەی ڕەزێ
پەلەبوون و بێ پریاسکەی ماڵ ئاوایی
بە بێ ورتە. بێ چرپەیەک
پەلەبوون و هیچتان نەبرد
لەگەڵ خۆتان:
نە کۆڵەپشتێ
نە بوغچەیێک
نە جانتایێک
نە مشتێ مێوژ و نە باسوقێ و نە چەند بەڕوویەک و نە چەند کەشکێ و نە تۆزێ گەزۆ و نە هەندێ ڕەشکە و
هیچتان نەبرد. نە نانی ساجێ و نە مەمکەمژەی ئەو ساوایە و نە بووکەشووشەکەی باوەشی و نە حەت حەتۆکە
و نە تارای بووکێ و نە ئاوێنەیێک و نە گۆچانەکەی باپیرێ و نە دەرمانی سک ئێشەکەی ‘پوورە ئەجێ؟’
ئەی باشە چیتان هێناوە بۆ سەفەرێ!؟
بە تەنها پێستی لەش و پرچ و قژ و جلکەشڕێ!؟
ئاخر ناکرێ هەر وا بە دەستی بەتاڵ
بچنە حزووری یەزدانێ لەوێ
ئەی چپکەگوڵێ بۆ بارەگای پەروەردگار!
ئەی بارانی هەورێ بۆ پێغەمبەری بیابان!
ئەی لە زنویرەوە تاشەبەفرێ بۆ خەڵیفە و بۆ حەزرەتی والیش هەندێ ڕێواسی کەلیخان!
پەلەتان بوو
نە ‘با’ لە سەرتان ڕاوەستا و نە چریکەی زیل و نە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و نە کۆنگرەی موسڵمانان!؟
ئەی ئادەمییە بەفرینەکان!
لە کوێوە گەیشتنە ڕۆژی حەشر و بەردەمی قاپی قیامەتێ!
لە کوێوە گەیشتنە ئەم دەشتی عەدەمە و بە کام پڵنگی باڵدار و بە سواری باڵی کام
فریشتە و پەری، گەیشتنە حەوت تەبەقەی ئاسمان و بەردەم عەرشەکەی خودا و چوونە سەرێ
عەشاماتێ عەشاماتێ
لە عەبدی یەزدان و لە ئۆمەتی جنۆکە و خێڵی گومڕاه و خەڵکی کافرستانێ
عەشاماتێ عەشاماتێ
قافڵەیێک لە جارییە و لە سەبایای پاکیزەکانی چیا و بەفرێ
ئاپوورەیێک لە گوناهەکانی هەژاری و
عەشاماتێ عەشاماتێ
لە ئەهلی دۆزەخ و لە ڕەگەزی گەڕوگولی ناو مەجووسێ!
چەند زەلیلە ئەم هەقەی من
چەند گوناهە بێ گوناهیم
چەند ڕسوایە زمانی شاخ
چەندە تەباین من و مەرگ و کە شەو داهات
سەگەلی ڕەش یەک لەدوای یەک چۆن ئەمانخوات!
ئای کە تەنیام
چەندە تەنیام
چەندە چەندە چەندە لەم وەختەدا
لە تۆ تەنهاتر خودایە
لە تۆ بێکەستر خودایە
تەنها کوردە!
-پاکیزەکان
مانگەشەوە خۆڵاوییەکان
هەر شەوەکی لە نێوانی
زرێپۆش و بەنگەڵەدا
لە بەر شەوقی گڵۆپی تیژی زیلەکان
ڕیز کران و لە نێرینەکان دابڕان
لە یەکتر جوێکرانەوە
گوڵەکانیش بۆ چەند جارێ تڵژێن کران
گوڵەکان ئاویان نەخواردبۆوە
لارەمل
وەک هێرۆی ملشکاوی بەردەم ڕەشەبا
لە ناو چڕە تەمێکی خۆڵەمێشی ‘تۆپزاوا’ ئەگریان و هەڵئەقرچان
ئەپاڕانەوە لە خودا ئەڵاڵانەوە و خوازیار بوون
قودرەتەکەی “کون فەیەکوون” پیادە بکا و ئەرز کون کا و قووتیان بدا
پاکیزەکان بینی ئاو نەبوون ئەلەرزین
بەفر نەبوون ئەتوانەوە
ئاگر نەبوون ئەسووتان و پاییز نەبوون ئەوەرین و شووشە نەبوون هەر ئەشکان و پاکیزەکان چاوێکیان هەر لە
ڕێی خودا و گەیشتنی قودرەتی بوو
چاوەکەی تریان هەر لەسەر
لەش و لاری بێ پەرژین و جەستەی بێکەسی خۆیان بوو
پاکیزەکان لەو ساتەدا
لە دار هەناری مەلوول و لە ڕیشۆڵەی ناو تۆڕ ئەچوون
لەو ساتەدا هیچ شتێکی سپی و بێگەرد لەوێ نەبوو:
نەیەک دڵۆپ لە نووری خوا و نە تیلماسکێ لە ڕۆحی کەسکی باران و نە یەک شنەشنی هەق و نە یەک پرژە
پرژی شێعر و نە یەک لەرەلەری هەست و نە کەوچکێک لە بەزەیی و نە یەک قولانج لێبوردن و نە یەک پیاڵە
قسەی شیرین!
لەو ساتەدا ئەوەی لەوێ بوو هەر ترس و تەم و دەشتی خۆڵەمێش و حەربەی زمانی عەڕەبی و ڕیزەبەرمیلی
پڕکراو لە جۆرەکانی مردن و ئەوەی لەوێ بوو هەر غەدری نەوتاوی بوو
ئەوەی لەوێ بوو بە تەنها تەختەسڕی سڕینەوەی دەم و چاوم و سڕینەوەی شاخ و داخ و سڕینەوەی دەنگ و
ڕەنگم و ئەوەی لەوێ بوو درێژەی گێڕانەوەی هەمان هەمان هەمان
قیژە و زریکەی خوێناوی سەبایەکانی ناو دەنگی ‘تەبەری’ بوو!
مریەمەکان بە تەنها شەرمیان لە جەستەی بێکەسی خۆیان ئەکرد
لە دڵەوە بانگی مردنیان ئەکرد: فریایان کەوێ
بەڵام مردن خۆی نەئەهات!
ڕاوچییەکان لە سەروملەوە تا ناوقەد
بەرازی شفرەدار بوون و نیوەکەی تریشیان ئادەمی بون
ئەمن دەمگۆت
خەوێکم دیتیە سۆر سۆر
لەو خەوەیدا
شەنگەبێری کارمامزێ بەژن عەرعەری
لە دوورەوە ڕا، لە سەحرای غەریبیەوە ڕا
هاتبوونەوە مارێ!
یەکەک ببووە ڕەشە ڕێحانێ و
ئەوی دی ببووە گوڕی دار قەزوانێ و
یەکەکی تریان بوو بە زنەئاوی بن شاخان
وەیلێ
وەیلێ
وەیلێ
ئەمن دەمگۆت لەو خەوەیدا
ئەرێ کیژان! لۆ سەفەرتان
هێند تولانیدا و لە کێندەرێ بوون، بابان وێران!
چ بوو!؟ چتان دی!؟ چتان کرد!؟
ئەرێ کیژان
لەوێندەرێ، لە قیامەتێ
عاشقان چ دەکەن!؟
ئەوانیش دەچنە بەهەشتێ!؟
خۆ لەوێندەریش نارەنار ناکەن
لە دەس غەدر و غەدارێ
ئەمن دەمگۆت لەو خەوەیدا
خودایە!
ئەوی خەوی ڕاستبێ و
کیژان هاتبنەوە مارێ!
وەیلێ
وەیلێ
وەیلێ!
وای لە کیژانێ، وای لە حەیرانێ
وای لە ئافاتی دەور و زەمانێ
وای لە غوربەتی نێو بیابانێ
وای لە شەوانێ کە مانگ تیا ئەمرێ و
بەفری کێوانیش چ پێنازانێ! وای لە مریەمێ
وای لە پاکیزێ
وای لە سووتانی ڕۆحی ئازیزێ
وەیلێ
وەیلێ
وەیلێ
وەیل!

گڕەژۆ: گەڵاڕێزان
گڕاگڕ: کڵپە و بڵێسە
گژگژە: پووش و پەڵاشی با بردوو
چکچکە: دەنگی دڵۆپەکردن
گاپێڵ: گەوەی پێچی شاخ
گراداڤ: ئاوی بەخوڕ کە خول ئەخوا
گارۆ: هێلانەی مەل لە کونی دارا
توتاک: جۆرە کۆترێکە وەکوو قومری
پژاڵ: لکی هەرەباریکی دار
مەراڵ: ئاسک، مامز
پاسفندە: گەندەڵ، ڕزیو
دەوال: دزی شەو
ترووم: نەژاد، ڕەگەز
گرمژن: دەنگی ڕووخانی گەورە
ئەسیار: ئێشکگری کاروان
زیگار: شەونشین
گچ گچە: لەرزینی دار
زاخان: ڕێی بەردەڵان
تاپاز: زەبەلاح، هێزدار
پرووکە: دەنگی وردی بەفربارین
تڵژین: هەڵبژاردەی هەرەباش
بندین: تەختایی بنی ڕووبار
بن بیڤ: ژێر زەوی

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Similar Tracks