site loader
Song image

کوڕی شیرینم

By - کەماڵ محەمەد Kemal Mihemed

كوڕی شیرینم مەترسە جێت نایەڵم
وەرە بەدوای شڵپ و وڕی قاچە ماندووەكانی منا
لێم ون نابیت
ئەوەتا شاخ و دەشت و دۆڵ
شەستە و ڕەهێڵە و با و بۆران
چۆكی بە گشتیان داداوە
باوكە كۆڵ بە كۆڵەكەشت
بە گژ گرمەی هەورا دەچێ و
چارەی ڕەشی داوەتە بەر ڕقی ئاگری چەخماخە
هێی هێی هێی

پێ هەڵگرە پێ هەڵگرە، ئاگادار بە لێم ون نابی
ڕۆڵە نازدارەكەی دایە، جووجە شیرینەكەی بابە
دڵنیا بە
ترست لە خێوی خەیاڵ و لە دێوی ئەفسانە نەبێ نەبێ نەبێ
لەم هاتنە بێ شومارە
لەم کۆچە گەلە یەکجارە
لەم دیمەنە خەیاڵییە
کە مێژوو بێ وی خاڵییە
تارماییەکان تارماییەکان تارماییەکان
لەژێر تاشەبەردی سپی و دەوەنی ڕەش و کلۆرا لە ترسانا هەموو هەڵدێن

پەتۆکەی کۆڵت توند بگرە لێت نەکەوێ
هەر بگەینە بن دیوارێک
ئاسارێ کۆنەهەوارێک
لەگەڵ پێڵووی چاوەکانما بۆت دەگوشم بۆت دەگوشم
هێی
كە برسیت بوو نەختێ نانی ڕەقم پێیە
بە شەكری ڕۆحی منەوە بیكرمێنە
كە سەرمات بوو باوەشی من
ئاگری كزەی جەرگی من بەرقەرارە بەرقەرارە
بە بەژنی ورد و ماندوو تا سەرنج دەدەم
بەسەر چاوە گەشەكانتا چێژی عیبارەت دەڕێژیی

وەکوو تاوانێکت ھەبێ پەل دەهاوی
خۆت بە گەورەیەک ئەزانی
بەگەردێكی گەردوون نابی
دەستم بگرە دەستم بگرە ئەزگوڕی تە
لێم ون نابی

بەسە زیتەی چاوەکانت
بنوە کوڕم وا بەیانە
بنوە کوڕم وا بەیانە
هەور ئەگری و هاژەی چەمیش
لەگەڵ باران نۆبەیانە
لەگەڵ باران نۆبەیانە
تۆ سنگی بابە لێفەتە
منیش باران منیش باران
شەوگارت شاد
بنوە کوڕم وەکوو جاران
ئەگەرچی تاوە تەرزەی شووم کەزییەکانی
پەردە کولەی مەرگی منە تا بەیانی
سەر و شانی بابە تۆ خۆش کە میحرابە
بەسەر تۆدا دانەویوە پشتی بابە
ئەگەر جارێک دڵۆپێ ئاو بە هێمنی ماچی کردی
بزانە فرمێسکی منە خلیسکا بە ملی وردی
بزانە ئەشکی بابەیە سەری کڕنۆشی بۆ بردی
دەبم بە خۆراکی ژیانت مەحروومت ناکەم لەم جەژنە
بە گەزی ئاهەم دەپێوم قاتە جلێ پڕ بەم بەژنە
لەگەڵ عالەم و تەمەنی خەیاڵیتا خەیاڵیتا
ئەگریم بەسەر چارەی ڕەشی مناڵیتا مناڵیتا
جەژنانەکەت لە مشتایە
نازانی هەستت دەربڕی
چاوەرێی بووکی بەیانی
تیشکی هەتاوی پێ بکڕی
تیشکی هەتاوی پێ بکڕی

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks