site loader
Song image

کاک – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

پێش ئەوەی بێمە بەردەمت
کام بیری جوان خورپەدارە
کام دێڕ هەڵبەست زۆر بەکارە
شانەی دەکەم وەک پەرچەمت
لە ماوەی چاوقوچانێکا
هەزار و یەک خەونی شیرین
دەمکەن بە مەم دەتکەن بە زین!
لە خەیاڵما
پاییز بەهاری لێ دەتکێ
درەختی ڕووت
گەڵای سەوزی پێوە دەلکێ
بەڵام سەد ئاخ ئەی دەروونپاک
کاتێ بانگم دەکەی بە “کاک”
کاک وەکوو مار
بەرەو گوێچکەم گینگڵ دەدا
کە دێمە گۆ
خۆی لە زمانم لوول دەدا
هێدی هێدی
قووتم دەدا
کفنی زەردی نائومێدی
من لە دڵتام
لە دەروونتام
لە گلێنەی چاوی ڕوونتام
شەرم مەکە!
بە ناوی ڕووت
ناوم بێنە پڕ بە گەرووت
با لە یەکتر ئاشکرا بین
تا کەی لەناو ئاگرا بین؟
نە تۆ خوشکەی نە من کاکم
خۆشەویستی دەروونپاکم!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Similar Tracks