site loader
Song image

پێ داچەقاندن – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

دەزانن بۆچی
قاچم لە مەیدان داچەقاندووە و
جارێ بە شەعر ناڵێم ماڵاوا!؟
چونکە چاوەڕێی شاعیرێک دەکەم
گفت و پەیمانی هاتنی داوە
ئەو شاعیرەی دێ
پەرییەکانی ماد
لە ئاوی ‘وان’ و خاکی چیای حەمرین هەڵیانشێلاوە.
کاتێ هەڵدەکا لە گەردەلوول و با ڕەهاترە
لە من مێرخاستر
لە من گەڕناستر
لە دوندی قەندیل بێپەرواترە.
ئەو شاعیرەی دێ
هەر نەفەسێکی
دەبێتە نەخشێک لەسەر زناران
هەر نیگایەکی
مۆمێک پێ دەکا
لە تاریکستانی ماڵە هەژاران.
ئەو شاعیرەی دێ
لە کوێ من دەمم کڵێڵە بووبێ
ئەو دەتریشقێنێ.
لە کوێ من پرتە و بۆڵەم هاتبێ
لەوێ چاوی ئەو
چەخماخە دەدا و گڕ دادەچێنێ
ئێستا زانیتان بۆچی من قاچم داچەقاندووە و
جارێ بە شەعر ناڵێم ماڵاوا!؟
من چاوەڕوانی شاعیرێک دەکەم
گفت و پەیمانی هاتنی داوە!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks