site loader
Song image

پێزانین – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

دەستم گوتیە پەنجەکانم:
“با لە مەیدان بتانبڕن
بەڵام هەرگیز نەتانکڕن”
دەمیشم گوتیە زمانم:
“من بە درێژی تۆ دەخوڕم
مەپرینگێوە بئەنگێوە!
سەروبەر بکەی دەتبڕم”
گەڕام سووڕام بە دنیادا…
چەند شار ویستیان کچ ئاسایی بێنە دەستم
بەڵام بووکی دیلی ئاسیا نەیهێشت شایی لەگەڵ هیچیان داببەستم!
ڕۆژباش پەنجەکانم ڕۆژباش!
سپاس پەنجەکانم سپاس!
هەتا ئەمڕۆ ئێوە چەند جار چوونە مەیدان
درانە بەر شیر و تیران
بریندار بوون گلانە خوار
بەڵام بە دیل قەت نەگیران!
ڕۆژباش زمانەکەم ڕۆژباش!
سپاس زمانەکەم سپاس!
تا ئێستا چەند جارت بەزاند
کەوشەنی پاوانی گەوران!
چەند جار بە ناو کێردەڵانا ڕچەت شکاند
کەوتیتە کەمینی تەوران!
چەند جار دەرزیئاژن کرای
لە خاچی ڕاست و چەپ درای!
بەڵام سپاس
سپاس کە تۆ هەر زمانی و
دەستت نەدا کارێکی تر
هەر کلیلی سەری خۆمی و
نەچوویتە ناو زارێکی تر
سپاس کە تۆ لەناو سەنگەری دەممدا
چەکی ‘نا’ت هەر لە سەر پێیە
لە کاتێکدا دەست بۆ چەپڵە و
دەمیش تەنیا بۆ ‘بەڵێ’یە!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Similar Tracks