site loader
Song image

وەتەن – حەسەن کاکایی

By - چریکەی کورد

زەوی هێشتا لە ڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟
نەڕووخای ئاسمانی پیری پشتکووڕ؟
کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە
بەرۆکی پیرەدایکان دادڕاوە
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن من خاکی بەرپێتم
جگەرسووتاوی لاوانی بەبێ ماڵ و بەبێ جێتم
لە ڕێگای عەشقی میللەتدا فەداکاری دەکەم، شێتم

پەرێشانم پەرێشانم دەمێکە
دڵی من هەر دەمەی لانەی خەمێکە
خۆ هێندە دڵپڕم پێم خۆشە بگریم
وەی کە فرمێسک و هەناسەش مەڵحەمێکە
وەتەن های ژین و ژیوار
وەتەن خزم و کەس و کار
وەتەن بۆت دەمرم ئەوجار

وەکوو ئاوی بنی گۆمێ کە جێ مابم لە ڕووبارێ
وەکوو بەردی قەدی شاخی کە تەنرا بم لە دیوارێ
هەر وەک گەڵای زەردی پایز دەسم بەربەن لە قەد دارێ
دڵم تەنگە لە تەنهایی، نە هەمڕازێ، نە خەمخوارێ
من ئەو بەردەی گرفتارم کە دیلی چینی دیوارم
هەر ئەو ئاوەی بنی گۆمم کە جێ ماوم لە ڕووبارم
گەڵای زەردم، مەلی پیرم، منم زامداری زەنجیرم
گەڵای زەردم، مەلی پیرم، منم دڵداری زەنجیرم
وەبیرم دێ کە چەن ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم
لە تاریکی ژیانمدا لە سووچی سەردی زیندانا
بە مۆرەی نەردی ناکامی بەجارێ عومری خۆم دانا
بەڵام ئەو کاتە لاوێ بووم کەچی ئێستا وەها پیرم
هەیە جارێ غەمینیی ئەو دڵەی خۆم بێنەوە بیرم*؟؟؟
قەرەوڵ دێت و ڕادەبرێ شەوانی عومرم ئەژمێرێ
شەوێک دێ وا منی دیلیش بە دەستی مردن ئەسپێرێ
شەوێک دێ وا منی دیلیش بە دەستی مردن ئەسپێرێ

شەوی تاریکە لێم شێواوە ڕێگا
بەیانی هات و زۆری ماوە ڕێگا
ژیانم هەر وەکوو ئەوشۆ وەهایە
بەرەو هەرلا دەچم بەسراوە ڕێگا
وەتەن ئەی مەوتەنی دایە
وەتەن دەینێ لە دڵمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە

*؟؟؟= لەم بەشە دڵنیا نین چونکە گۆرانیبێژ لێرەدا شتێکی جودا لە دەقی شیعرەکەی مامۆستا شەریفی هۆنەری ئەم هۆنراوەیە دەڵێ.
هەروەها سپاسی کاک شاخەوان دەکەین کە فایلی تەواوی ئەم گۆرانییەیان بۆمان ناردووە.

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks