site loader
site loader
Song image

ناڵەی جودایی

By - ئاوات بۆکانی Awat Bokanî

ساقییا! وا بادەوە، وا بادەوە
ڕوو لە لای من کە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زۆربەیان شاد و بەکەیف و بێ خەمن
مەی حەرامە بۆ سەهەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆ چی بگرن ئێخەمان؟
ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە

ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نییە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی ڕەنگ زەرد نییە
بۆ کەسێکە مەی: چزیلکی پێوە نێ
بۆ چی ملهوڕ لێرە بینی پێوە نێ؟!
بۆ کەسێکە مەی: کە دەردی کارییە
بێ خەمێک بیخواتەوە، زۆردارییە
بۆ کەسێکە مەی: دڵی پڕ بێ لە داخ
بۆ چی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ!؟

ئەو کەسەی بێ کەس نییە و خانە خەراب
دەک بە ژەهری ماری بێ بادە و شەراب
ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و برک و ژان
ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم
شانی دانەخزا لەبن باری ستەم
ئەو کەسەی هەستی بە زۆرداری نەکرد
تیخی زۆرداری برینداری نەکرد
ئەو کەسەی دەستی لە ئەوکێ بەردرا
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا
ئەو کەسەی نەیبینی هاتی دوژمنی
نیری یەخسیریی لە ئەستۆ داڕنی
ئەو کەسەی هێندە نەبوو زویر و زگار
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار

ئەو کەسەی نەیهاڕی بەرداشی زەمان
ئەوکەسەی زیڕەی نەگەییە ئاسمان
ئەو کەسەی دووریی عەزیزانی نەدی
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی
تۆزی بەدبەختی لەسەر شانی نەنیشت
لێی نەگیرا دەوروپشت و چوار تەنیشت
ئەو کەسەی خواردی و لە بن سێبەر کەوت
شەو لەبۆ کەیفێ لە ماڵێ دەرکەوت
بۆ دەبێ بێت و بکات مەیخانە تەنگ!؟
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ
ئەو کەسەی ڕاوی نەنێن لێرە و لەوێ
ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ
ئەو کوڕەی هێشتا لە ژوانێ ڕێی هەیە
سەیرە، زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە

ئەو کوڕەی دۆی داوەتی دەستی دەنێ،
بێتە ئێرە، چۆنە هەی دێی ناکەنێ!؟
ئەو کەسەی دەستی لە مەمکان گیر ببێ
ئەو کەسەی تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ
ئەو کوڕەی کیژێک بەرەو ڕووی پێکەنێ
ئەو کەسەی هەر سووکە ئاوڕێکی دەنێ
ئەو کەسەی پەنجۆڵە بکوشێ جاروبار
ئەو کەسەی دەستی بگاتە گەردنی یار
ئەو کەسەی ڕامووسێ کوڵمەی تاسولووس
ئەو کەسەی تێی هەڵنەدابێ چارەنووس
ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ
کوفرە یەک قەترە شەرابی گەر دەنێ
ساقییا! وا بادەوە، وا بادەوە
ڕوو لە لای من کە بە جامی بادەوە
موشتەری وەک من لە مەیخانێ کەمن
زۆربەیان شاد و بەکەیف و بێ خەمن
مەی حەرامە بۆ سەهەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆ چی بگرن ئێخەمان؟
ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Similar Tracks