site loader
Song image

مانیفێستی کۆبانێ – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

برینی شنگال شەو و ڕۆژ دەتریوێنێ
دەشێ ڕۆژێک لە ڕۆژان
ژانەکەی لە زیڕە بکەوێ
بەڵام قەت ناشێ ساڕێژ بێ
وێنەی سەر شاشەکان مێردەزمەن
شەوان لێت وەژوور دەکەون
سواری سەر سنگت دەبن
چەمۆڵەت لێ دەنێن
ئێستاش دوای شنگال
جەستەمان شەبەقی برینێکی نوێی تێ بووە:
برینی کۆبانێ
شیروەشێن، هەمان شیروەشێنە
جەستە هەمان جەستەیە و خوێنەکەش هەر هەمانە
بەڵام ئێشەکان جودایە، زۆر جودایە
ناتوانم باسی ئەو جیاوازییە بە زمانی سەربازی، زانستی یا لێکدانەوەی لۆژیکی بکەم
هەر ئەوەندە دەڵێم
شنگال خاڵێکی لەو جێیە دانا
کە ئەخلاقسزی سیاسی گەیشتە لووتکە و کۆبانێش
یەکەم ڕستەی بۆ مێژوویەکی تازە تۆمار کرد و بووە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا
چاخێک تێپەڕی و بەرایی چاخێکی نوێ کەوت
هەموو ڕۆژێ دەمەوێ داستانێک بنووسم لەسەر کۆبانێ
سارد دەبمەوە
چما داستان لەسەر داستان دەنووسرێ
دەمەوێ بۆ چەند پەیڤێک، پەنا ببەمە بەر ئەفسانە
چەند پەیڤێک کە شایانی بەژنی کۆبانی بن
بەڵام کۆبانی خۆی بووە بە ئەفسانە و پێویستی بە ئەفسانەنووس نییە
سەدان ساڵ شۆڕەسوارانی ڕۆژهەڵات ببوونە کۆنە مەرەکەبی سەر کاغەز و تەنیا بە خەیاڵی ڕۆژهەڵاتناساندا دەهاتن
کەچی ئەوەتا
نەوەی میدییەکان هەسپی مێژوویەکی تازەیان زین کردووە و بەرەو ئاسۆیەکی هەزارڕەنگ لینگ دەدەن
ئەو سوارانەی من باسیان دەکەم
لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیێکی دیکەن
پێشتر نەمانبینیون، نەمانناسیون
ئاخر ئەوانەی پێشتر
یا لەناو تۆز و غوماری سەرپەڕێنەکانی سەدەی حەفتەمدا ون بوون
یا شا عەباسێک ڕایپێچان سەرحەدەکانی بۆ بپارێزن
یا لووسکەیەکی جەنگیزخان بە مەیتەر لە ئاستانە دایمەزراندن
یا بوونە فشەحیزبی خۆخۆری بێ پڕۆژە و ستراتیژ
حیزبی سایکسبیکۆپەرست و لۆزاندۆست و بتەوان و موفاوەزاتچی کورسی و مووچە
ئەوانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن
کیژگەل و کوڕگەلی کۆبانێن
ئەوانەن کە چاویان بریسکەی ئاتەشگەکانی باب و باپیرانی تێدایه
ئادگاریان پڕاوپڕە لە گزنگی گاتاکانی زەردەشت
ئەمانە کۆتاییان بە مێژووی هەڵاتهەڵات و ڕاکەڕاکە و نووزانەوە و شەڕەپەڕۆ و ئاڕئاڕ و قاچاخچییاتی سنووران هێنا
ئەمانە
ئەمانە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن
ئەمانە
ئەمانە سەرەتای قڕبوونی سەرکردەی بندیوار و سکرتێری بندیوار و وەزیری بندیوار و ڕاوێژکاری بندیوار و جەنەڕاڵی بندیوار و هەموو شتێکی بندیوارن
ئەوانە
ئەو جگەرگۆشانەی من
بە زگی قۆپاو و ڕەنگی پەڕیو و کڵاشینکۆفی سەدەی ڕابردوو
بەرامبەر تانک و زرێپۆش وەستاون
بەرامبەر تاعوونی ڕەش و قاسەی پڕی نەوتفرۆشان چەقیون و بە دنیادا جاڕ دەدەن
دەڵێن:
نا، لە قەڵای دمدم داناگەڕێین
بە فتوایەک پایتەختی سۆران جێناهێڵین و ناچینە خزمەت سوڵتان
هەزار گفت و لفتی شیرینی شای ئێران تەفرەمان نادا و نامانباتە بەر سێدارەی چوارچرا
ئێمە هەزار پەیمانی جەزایر بە قرۆشێک ناکڕین
ئێمە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەین
تەماشایان دەکەم
جارێک، دوو جار و دە جار
لە پڕمەی گریان دەدەم
نازانم گریانەکەم هی خۆشییە
یا نیشانەی پێشبینییەکی تاڵ
یا هی هەردووکیانە
ئەوان بە زەردەخەنەیەک دڵم دەدەنەوە
حاڵیم دەکەن کە ڕۆژی سایسپیکۆپەرستان و پیرەجامبازانی موفاوەزاتچی تەواو
لەمەولا کێ زات دەکا ئەو سنوورە حەرامزادانە بە سنوور بزانێ
کێ زات دەکات بڵێ
“کوردستانی عێراق”، “کوردستانی ئێران”
“کوردستانی تورکیا”، “کوردستانی سووریا”
کوردستانی جیبۆتی و جڕتاوە و کێ
مەگەر هەتیوچەکانی کڵاوڕەش و کڵاوسوور
مەگەر ئەوانەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا
بە ئەقڵییەتی موختاری گوند
دەوڵەت بەڕێوە دەبەن
ئەوانەی بە دووربین تەماشای ئەوپەڕی دنیا دەکەن
کەچی بە زەڕەبینیش بنپێی خۆیان نابینن
جەیلان
ئەو تەوارەی لە توخمی هەڵۆیانی زاگرۆس بوو
ئەوەی لەگەڵ گوللە ژوانی دانا
چما هەر جەستەی گوڵبەدەمی خۆی پێکا
نا، ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری و سنووری حەرامزادەی سیمالکەشی پێکا
‘ئارین’
ئەو پڵنگەکیژەی، لەباتی دەستی یار، ئاگربەندی لە کەمەری خۆی ئاڵاند
چما هەر بۆ ئەوە جەستەی پیرۆزی خۆی ئاگر دا
ڕەوەئەسپێخۆرێک بۆ دۆزەخ ڕادا
نا، ئەو لەگەڵ خۆیدا خەندەقی براکوژان و شەڕەپەڕۆی بەرەبابان و تانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا
ئەمانە، گەلۆ
لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks