site loader
Song image

مامە کوڕنوو ٢

By - عەلی زەندی Elî Zendî

مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم

سەر ڕەحەت دڵ بێ گرێ گوێ شل کە بۆ داستانەکەم

سەیرە بەزمە هەڵپەڕینە پڕ لە قاقای خەندەیە

نەعرەتەی گوێ کەڕ ئەکا جۆش و کوڵی سەیوانەکەم

مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم

سەر ڕەحەت دڵ بێ گرێ گوێ شل کە بۆ داستانەکەم

ئەرخەوان سوورە بەهارە گوڵشەنە، ڕازاوەیە

دەشت و کۆ ڕەنگین و پڕشۆیە وەنەوشەی یانەکەم

مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم

سەر ڕەحەت دڵ بێ گرێ گوێ شل کە بۆ داستانەکەم

خەرمەنی لالە لە کۆهساران و پێدەشت و نشێو

سوورترە لەو خوێنە باریوەی کوڵی گریانەکەم

مامە کوڕنووی ڕاکشاوی گردەکەی سەیوانەکەم

سەر ڕەحەت دڵ بێ گرێ گوێ شل کە بۆ داستانەکەم

کوڕنوو: ئەحەی کوڕنوو، ناوی ئەحمەدی کوڕنووە لە زەمانی کاک ئەحمەدی شێخا نۆکی کوڵانووە، لەبەر ئەوەی پیاوێکی خۆش مەشرەب و قسەخۆش بووە و حەرەکاتی سەیر و سەمەرەی کردووە و بۆتە هۆی بەزم و پێکەنین و خۆشی، کاک ئەحمەد بردوویەتی بۆ حەج. پیاوێکی عاقڵ و هۆشمەند بووە و گاڵتەی بە ناهەمواری زەمانە هاتووە. خەڵکی شاری سلێمانی بووە و هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە.

گردی سەیوان: بەناوبانگترین گۆڕستانی شاری سلێمانییە کە ژمارەیێکی زۆر لە زانایان و شاعیرانی کورد لەوێدا نێژراون.

سەر ڕەحەت: مێشک هێمنە و بە هیچ کارێکی ناڕەواوە خەریک و ماندوو نییە.

گوێ شل کە: گوێ بگرە.

نەعرەتە: بۆ دەنگ و هاوارێکی بەرز و بەهێز بەکار دێت و وەک ئەڵێن: نەعرەتەی شێر یا نەڕەی شێر.
پڕ شۆیە: تەڕ و تووشە.

یانەکەم: خانەکەم، خانووەکەم.

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks