site loader
Song image

فایل – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

من چ لەو هەموو فایلانە بکەم؟
ڕوو لە هەر کوێ کەم هەر فایلستانە!
ئاخ بۆ لەمپاکەی عەلائەدین ئاخ
دەرگەی داخراوی فایلگەکانی شەشدەری دنیام بۆ بکاتەوە.
ئاخ بۆ لەشکرێک دایانتەکێنێ و پەڕ لەدوای پەڕیان هەڵبداتەوە!
هیچم ناوێ
نە لەشکر و نە لەمپاکەی عەلائەدین.
دانیشتووم و جامی جەمم بەرامبەرە!
سەیری شاشەی دنیا دەکەم
دەبینم ڕۆژی مەحشەرە:
هەر فایلە و بە فایلدا هەڵدەمیزێ
هەر فایلە و فایلۆکەیەک ڕادەژەنێ
فایل فایل دەرمان دەکا
فایل بمرێ
فایل پرسەی بۆ دادەنێ.
وا دەبینم
فایلێک لەملا قەڵەمەکەی تیژ دەکات و گۆڕ بۆ فایلێک هەڵدەکەنێ
لەولا تریش فایلی جامڕەش بە یەک ئۆردووی حیمایەوە
بە دراوسێیە جامڕوونەکان پێدەکەنێ.
ئەمیان لێرە
وەک مریشکێک کڕ کەوتووە
پەیتا پەیتا
هێلکەفایل دەترووکێنێ
ئەویان لەولا
بەدیار سفرەی فایلێکەوە
وەک گوجیلە
بۆ ئێسقانێک دەقرووسکێنێ.
هۆ لەولاوە
فایلە پۆپنەکانی بەغدا
دێن و دەتسن بە فایلەکانی تاراندا.
لە ئەنقەرەش
فایلە پۆشتە و پەرداخەکان
چەتەر بۆ هی شام هەڵدەدەن
لە گەرمەی فایلباراندا.
جامی جەمم بەرامبەرە!
دەیانبینم:
لەبن سەنگی فایلەکانی
موعاوییە و شاعەباس و سوڵتان سەلیم
لاقیان گێڕە
دەستیان گۆجە
ئەستۆیان خوار…
پێتان دەڵێم:
بێفایدەیە تیشک و سۆنەر
بێفایدەیە
ڕاچێتە و داودەرمان بە بار
ئەوان بە هیچ ڕاست نابنەوە
مەگەر تابووت ئووتوویان کا و
ڕاست ببنەوە وەک ئەسپیندار!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks