site loader
site loader
Song image

عیشق و ئازادی (ئەگەرچی شەو درەنگە)

By - کەریم کابان Kerîm Kaban

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر بم منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر
هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم یاخوا لسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .