site loader
Song image

دەستۆکەکەی چەمچەماڵ – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

لە چەمچەماڵ بووم
نەوەت و دوو بوو
بۆ بەهار درەنگ بۆ هاوین زوو بوو
سەنگەری دوژمن چەشنی مار وابوو
تفەنگهاوێژێک دوور پەپکەی دابوو
منداڵێک دەستی وەک تۆکڵەلیمۆی
لە دەستی دایکی ڕەشپۆشی بەردا
دەستی گوشیم و کردی بە هی خۆی
ئیدی لەوساوە
توند توند گرتوویە و قەت بەری نادا
دەپاڕێمەوە
بۆ یەک ساتیش بێ ئازادم بکا
پاڕانەوکەم دەڕوا بە بادا!
هەرچی دەگوترێ
هەرچی دەنووسرێ
لەسەر ئازادی و بێپەروایی من
گشتی ئەفسانە
هەمووی درۆیە!
کاتی هاتووە دانی پیا بنێم:
قەڵەمی منیش بووە بە کۆیلە
نە ڕەها و ئازاد
نە سەربەخۆیە
ئەوەی دەیگێڕێ
دەستۆکەیەکی ڕەقەڵەی زەردی وەکوو لیمۆیە

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks