site loader
Song image

حەیران و سەربەندی گەوهەرێ – عەبدوڵا مامزادە

By - چریکەی کورد

ئۆ هۆی
حەیران
ئەوە حەیران وەرە حەیرانی زێدە
قەدی چەن شلە کەمبەری تێدا
کەپۆی چەن جوانە خەزێمی تێدا
بازی دەوڵەتێ خۆی لە کەوێدا
خەت و خاڵی بە زاڵمێ زاڵم بابێ پەخش و پەرێشانە بێرە و بەوێدا
ئەوە چەند خۆشە لەگەڵ دۆستی خۆت شەوان هەتاکوونێ بەیانی سەر لەسەر سەرینێ
دێی دێی لۆ لۆ لۆ
هەر بە خوای چاو لە خەوێدا

ئەوڕۆ ئاخ حەیرانێ ئەستێرەیەکم هەڵدێ لە یەمەنێ
کاکی خۆم ئەستێرەیەکم هەڵدێ لە یەمەنێ
ئەوە حەوت کەوان خۆیان دەکێشن کۆ و تەرازوو دووری نانگەنێ
ئەمن وەتاغێکی دروست دەکەم لە بۆ زەردئەسمەرێ
دیواری دەکەم لە بەردە مەڕمەڕێ
کۆڵەکەی دەخەمێ لە ڕەشەڕیحانێ و
ئاڵوداری دەخەمێ لە سوورەگوڵێ
ئاشی دەخەمێ لە وەنەوشێ
هەر گڵەبانی دەکەم بە کلێ
سواغی دەکەم بە خەنێ و
خۆ ئەمن ژوانم دەکرد دەگەڵ شل و ملان چاو بە کلان قەد بە کەمبەر
هەر بەخوای لە وڵاتەکەی کاولە مەوتەنێ
ئەوساڵەکانە حەوت ساڵە حەز لە بەژنێ باریکەڵانێ دەکەم یارکۆڵەی خۆم
لێ لۆ لۆ
هەر بە خوای ئەی چ بکەم نامدەنێ
ئەوڕۆ ئاخ ئەوە لە کوێت گاز کەمێ
لە هۆڵە بەرزانێ
هەر بە خوای ئەی لە گەڵای شاسواری
ئەوە هەورێکی ناوە لە ڕووی عاسمانێ ڕۆژی تارێ
نەوەیە خۆشی بکا و نەوەیە بباری و
ئەوە تەڕ دەکا مەغبەت و مەغبەتان قەرەبەت و قەرەبۆتکان
گردی مەقسوودان بنکەی شاسواری و
هەر بە خوای کلکەی دارە بزماری و
ئەوە دوێنێ ئێوارێ کیژۆڵەی خۆم دەدی سەبر سەبر و نەرم نەرم
لێ لێ لۆ لۆ
هەر بە خوای دەهاتەوە لە ڕێی پاییزە هەواری

ئەوڕۆ ئەی ئەوە کاکی خۆم
ئەوە بای دێ لە من شەماڵە
هەر بە خوای ئای بای دێ لە من شەماڵە و
ئەوە لەسەرلانم هەور و بایەکە و بە غوبارە
بە خوای لە دامێنانم وردە ساماڵە
خۆ ئەوە کیژ گازی دەکردمێ دەیگوت ئەوشۆکانە
گوولێکی دە گوولەمێردان لە ماڵ نییە حەیران دووری و ناتگەمێ
هەر بە خوای بۆ گەلێک بەتاڵە
نێوانی سەقز و بانە لێی دەدەم بە خەیابان
یان بە کەژاوەت دێنم گوڵم یان بە تەیارەی ئەلمان
یان بە کەژاوات دێنم وەڵڵا یان بە تەیارەی ئەلمان
بە تفەنگی بڕنوو لێمدەن بەخودا ئاغام حەمەڕەشید خان
بۆخۆی وە سەد داشان دا گیانم نۆکەر ئەستێرەنیشان
خۆ من ئەو گوڵەی هەڵدەگرم دەڕۆم با قاچاغ بم لەو ئێران
لەوێم مەسڵەت بۆ نەکەن وەڵا دەچم بۆ نێو ئەرمەنیان
لەوێم مەسڵەت بۆ نەکەن بیللا دەچم بۆ نێو جوولەکان
جەهەندەم کافر دەبم وەڵڵا من دێم بۆ سەر دینی وان
گەوهەرێ گیان گەوهەرێ گەوهەر کورتەباڵایە
خۆ ئەوەش بە عەیب نەبێ گەوهەر جوانە و نەخشی خودایە
یارم دەچتە سەیرانێ ڕەبی ئاگات لێ بێ خودایە

ئەی لە بابی خۆم زیز دەبووم دەڕۆم لە خەڵکی وا ڕووگێژم
لە بابی خۆم زیز دەبووم گەوهەر لە خەڵکی وا ڕووگێژم
برینان لە خۆم شک نابەم وەڵا بێ برین زووخاو دەڕێژم
دەستم برد بۆ هەڵاڵە گیانم وەنەوشە دێتە پێشم
لە دوای باڵای کەژاڵێ بەخودای من عەوداڵم دەروێشم
لە دوای باڵای بەرزی تۆ گەوهەر دەڕۆم تاڵی دەنۆشم
گەوهەرێ گیان گەوهەرێ دەمت گوڵ زولفت زرێ
ڕەببی پاشی دڵەکەت من گەوهەر قەبر وە خۆت نەگرێ

ئەرێ قەستەم بە قورئان وەڵڵا بە مەستی چاوت
ئەرێ قەستەم بە قورئان گەوهەر گیان وەڵڵا بە مەستی چاوت
ئەرێ بەو کۆسەی هەجیج وەڵا ئەمن نەمبردووە ناوت
ئەرێ خۆ من گاور نیم گیانم ئەوا کەوتوومە داوت
شێت و شەیدای باڵات بووم گەوهەر کوشتوومی زولفی خاوت
گەوهەرێ گیان گەوهەرێ دەمت گوڵ زولفت زرێ
ڕەببی پاشی دڵەکەت من گەوهەر قەبر وە خۆت نەگرێ

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Similar Tracks