site loader
Song image

حۆری مەرگە و بیتوێنێ

By - سەید عەلی سەردەشتی

حۆری مەرگە و بیتوێنێ پەریزادەی پشدەرێ
دوو گۆزەی پێ بوو دوێنێ لە کانیە ئاوی بەرێ
خۆی با هەڵدا لەبەر من تا لێی نەکەم نەزەرێ
دوگمەی بەرۆکی ترازا و دوو لیمۆی کەوتە دەرێ
لەوەتا لیمۆم دیون جندم هاتوونە سەرێ

لەو دەمەیڕا دەگەڕێم بە هیچ شێخێ چا نابم
هەموو گیانم کوڵیوە بە دایمە لە عەزابم
بوومە سەیری عالەمێ شێتێکی بێ حیسابم
ئەتۆش ڕوحمی خێرت بێ چاوەکەم ماڵە بابم
خودا لێت قەبووڵ ناکا تا کەی لەو کارەیدا بم
خودا لێت قەبووڵ ناکا تا کەی لەو حاڵەیدا بم

چارەی ئەو شێت بوونەی من بە تۆیە ڕۆح و گیانم
ئەتۆ شێخی موڕشیدی و من دێوانەی کێوانم
شێتی دی بە زۆر دێنن من بۆ خۆم لێت میوانم
بەو شێتیەی لەنێو دەچم ئەویش لە تۆ دەزانم
حەقمە سەد هێندە شێت بم بۆ تۆ ئارامی دڵانم

پەریم هاتوونە سەرێ چۆنیان خۆ نیشان داوم
ئەگەر یارم دەبینن هەموو دێنە پێش چاوم
هەی لە خۆم لێقەوماوێ بەدبەختی لێی ڕوو داوم
کەس لە هاوارم نایە بێکەس و لێقەوماوم
چاوی جەرگم کون دەکا و برۆی دەبڕێ هەناوم

تازە قەت مەیلی نانێم منی شێخی سەنعانی
بە یەک لەحزە وەرگەڕا دەیکرد بەرازەوانی
بوو بە شوانی بەرازان داینا جبەی شێخانی
ئەمنیش ئاوام بەسەر هات دوێنێ لە ڕێگای کانی
لەبەر دەستی دەرناچم سوێند بە غەوسی گەیلانی

شێتی دی بە زۆر دێنن من بۆخۆی لێ میوانم
شێتی دی هاوار دەکەن لە لادێی و لە شاری
ئارەزووی چی بێ دەیڵێ لێی دیار نییە حەیب و عاری
خەراپ و چاک هەر بیڵێ هەرچی دێتە سەر زاری
هەزار خێرخوای وا هەیە بێتە یارمەتی و کاری
هەر ئەو دڵەی من بێ بەختە بە کەس چا نابێ کاری

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks