site loader
Song image

جوانی بێ ناو

By - باست حەمەغەریب Basit Hemexerîb

قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ
ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو
گەندەمووی دەموچاو مەچەک هەڵنەگرتوو
ئەی ئەندام وردیلەی نەرمۆڵەی ئێسک سووک
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هی بووک
ڕاستە من ڕێبوارم سەرپێیی ئەڕوانم
بەڵام وا جوانیی تۆ کاری کرد لە گیانم
ئەڵێی نەک هەر ئێستا عومرێکی درێژە
بەو دەست و پەنجانەت برینم ساڕێژە
ئەی کچە کاڵەکە جوانی تر با زۆر بن
لە باغچەی بەهارا گوڵباخی بەر خۆر بن
با ڕەنگیان پەرداخت بێ و جێگەیان سەرچڵ بێ
بە واتەی خەڵکی تر با ناویان شاگوڵ بێ
گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە
لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان
ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان
لە تەختێک هەڵدەستێ هەزار و یەک نەغمە
ئەوەیان شیرینتر دێتە گوێم زۆر نزمە
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو
لە بنیا بلەرزێ مرواریی زیخ و چەو
جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور
شەپۆلی باتە بەر تیژگی خۆر شڵپ و هووڕ
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەرگۆنا نەختێک ئاڵ
دەربەست نیم ڕێبوارم دەربەست نیم ڕەوتەنیم
ئەزانی شپرزە و دەربەستی ئێجگار چیم؟
هی ئەوەی نیگارێک لە یادم کێشراوە
شۆخێکی نایابە بەڵام ئاخ بێ ناوە

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks