site loader
Song image

جوانی بێ ناو

By - عەزیز شارۆخ Ezîz Şarox

قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

ئەی کچە مەنگەکەی بە دەنگی چپە دوو
گەندەمووی دەموچاو مەچەک هەڵنەگرتوو
ئەی ئەندام وردیلەی نەرمۆڵەی ئێسک سووک
ئەی بەرگی ساکارت دڵگیرتر لە هی بووک
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

ڕاستە من ڕێبوارم، سەرپێیی ئەڕوانم
بەڵام وا جوانیی تۆ کاری کرد لە گیانم
ئەڵێی نەک هەر ئێستا عومرێکی درێژە
بەو دەست و پەنجانەت برینم ساڕێژە
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

ئەی کچە جوانەکە گوڵی جوان با زۆر بن
ئەی گوڵە جوانەکە گوڵی جوان با زۆر بن
با ڕەنگیان پەرداخت و جێگەیان سەرچڵ بێ
بە واتەی خەڵکی تر با ناویان شاگوڵ بێ
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

گیانی من بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە
کە لە ژێر سێبەری تووتڕکا خامۆشە
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

لە هەموو ئاسمانا ئەستێرەی بەربەیان
ئەخاتە دڵی من هەستێکی سپی و جوان
جوانترە لە لای من لە دەریای بێ سنوور
شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ
قژکاڵی لێوئاڵی پرشنگی نیگاکاڵ
ئەی کچە جوانەکەی سەر گۆنا نەختێ ئاڵ

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks