site loader
Song image

تەزبێح – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

وەڕەس نابیت!

لە شاخ و شار

تەزبێحەکەت هەر بادەدەی

دەنکەکانی دەگێڕیت و

ئەویان بەمدا دەماڵیت و

لەپڕ ئەمیش بەودا دەدەی!

هەزار بریا

من دەمزانی بەو تەزبێحە چ دەژمێری

ئەو سەرانەی

میرغەزەب و تەور وەشێن پەڕاندییان؟

ئەو ملانەی

مل ئەستوورە دابەستەکان شکاندییان؟

یا ئەو ڕنووە درۆیانەی کۆمایەک بوون

هەر هەڵیان دا

بوون بە گرد و ئێستا چیان!

چ دەژمێری و تەواو نابێ؟

ئەو تانکەرە ملحیزانەی

میزەڵدانیان نەوتی تیایە

قەتار قەتار ئاودیو دەبن

هەڵتەک هەڵتەک

هەر بەڕێوەن وەک تاژی ڕاو؟

چ دەژمێری؟

شیش و شۆفڵ یا سۆندەی ئاو؟

بورغی و بزمار

یا قەللابە و گرێدەری بێخمەی خنکاو؟ 

چ دەژمێری؟

دەرگەوان و پەردەوان و

ڕاپۆرتنووسە خوێنڕێژەکان

یا باجگرە لە شاخ و شار دەستنێژەکان؟

چ دەژمێری؟

ئەو پێتەخت و مێتەختانەی

لەملا هەر خۆت تاڵانکەر و

لەولاش هەر خۆت سامانیان بووی؟

ئەو ئەنفالچی و وانەکانەی

لەمسەر دوژمن

لەوسەر هەر خۆت مامانیان بووی!؟

چ دەژمێری ٥٨ لوغمەکەی گارنەر؟ 

یا ١٤٠ قازووخەکەی پۆل برێمەر؟

ئەو دەستانەی دەمت

لەجێی دەست بۆ بردن؟

ئەو پێکانەی

بە سیححەتی جەللادان و قوربانییان

لە یەک کاتا نۆشت کردن؟

چ دەژمێری؟

ئەو سەتانەی

لە ماوەی چاوقوچانێکا دەبنە هەزار؟

یا سفری ئەو ملیۆنانەی

وەکوو بەراز

دەترەکێن و دەبنە

ملیار؟

چ دەژمێری؟

چ دەژمێری و تەواو نابێ؟

ئەو ئاڕبیجی بەشانانەی

وەکوو حوشتر یەخیان دەدەی

یا سمێڵە بابڕە گەسکدەرەکان؟

هونەرمەندانی هونەرگەند؟

ڕۆشەنبیرانی فشنبیر

یا نووسەرە گووسەرەکان!

چ دەژمێری؟

قوڕگی گیراو؟

حەرفی خەساو؟

یا قەڵەمی لە بارەگا و دیوەخانان

ماسک و دەرپێ پێ داکەنراو؟

چ دەژمێری؟

ئەو کەسانەی هەڵتدێران

یا ئەوانەی

لەمەودوا هەڵیاندەدەێری؟

بریا سەت بریا دەمزانی

بەو تەزبێحە دەنک وردە چ دەژمێری!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Similar Tracks