site loader
Song image

تۆفان – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

دە دابەزە، مایەسیریت هەڵتۆقیوە
کورسی بنت کرم و کەڕووی هەڵهێناوە
داگەڕێ لەو شانشینەی بە هەواوە
وەکوو دوومەڵ لەسەر دڵمان هەڵیداوە
دە دابەزە!
تەماشا کە چۆن کەمتیارە دەرپێدڕ و
قاسەبڕ و بە گۆشتی خاک مڕەکانت تێم ئاڵاون
ببینە چۆن چنگ و کەڵبەی سیم و تەلبەند
بەژنی دەشت و شانی شاخ و دەمی دۆڵیان هەڵدڕیوە
دە بپرسە گوڵەگەنم بۆ تۆراوە
کێ ساماڵی زەردەخەنەی هەڵبڕیوە!
دە دابەزە!
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ
دەست لە ملی کورسی کەوە
بۆری و تانکەر لە یاد بکە چاوقوچانێ!
دڕ بە ئاڵقەی زوڕناژەن و لێپۆکان دە
دە لڤینێ، دە تەکانێ
بەس گوێ هەڵخە بۆ ئەوانەی
چیا بە بای زگ تەخت دەکەن
بۆق دەکەنە قارەمانێ
زۆر نا جارێک
کاروانی جامڕەشەکانت جێ بهێڵە و
پێی پیرۆزت لەسەر زەوی جلشڕ دانێ
بە جادەیەکدا گوزەر کە تاسەی تیا بێ
بادەرەوە بۆ گەڕەکێ بۆ کۆڵانێ
گوێ ڕادێرە بۆ وەڕینی موەللیدان
بڕۆ سەیری قژڕنین و لەخۆدانێ
دە لڤینێ، دە تەکانێ
زۆر نا جارێک
دێڕێک شیعر بورینگێنە
دەست درێژ کە بۆ داستانێ
پێمەڕەیەک لە خاک گیر کە
خشتێک لەسەر خشتێک دانێ
دە دابەزە
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ
وا تۆفانێک بەڕێوەیە چ تۆفانێ
تۆفانی هەزارەزیلەی
گەدەی برسی و مستەکۆڵەی ڕوو لە کورسی و
ڕووی وەک خەزەڵی خەزانە
تۆفانی کۆتەرەی دار و پەردووی زنج و
پەڕ و باڵی هەڵوەریوی ڕەوەزانە
تۆفانی کراسی ڕەش و
گرمەی هەرەسی بێدەنگی و
قرمەی دەرگەی قەفەزانە
ئەو تۆفانەی من دەیبینم
گوێچکەی نییە بۆی بخوێنی
لینگی نییە سندمی کەی
قاسەی نییە تێی بئاخنی
ملی نییە لە داری دەی!
چی لێ دەکەی؟
دە پێم بڵێ چی لێ دەکەی؟
تۆفانێکە و هەر مل دەنێ
دەمی نییە تا بە پارووی بەرماوەی خۆت قەپاتی کەی!
قوونی نییە تا بە کورسی کاغەزینت خەڵاتی کەی!
دە دابەزە
دە داگەڕێ
دە چاویلکەی ڕەش وەلانێ
وا تۆفانێک بەڕێوەیە من دەیبینم چ تۆفانێ!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

Similar Tracks