site loader
Song image

بۆ دوعا – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

ئەوەی عاشق بێ پێی دەڵێم
با بۆ تەواف هەر بەحزان و
بۆ مرازیش هەر گۆڕی تۆ هەڵبژێرێ…
چونکە تەنیا سەر بە هۆزی پێغەمبەران
تۆ ئاسایی
لەبن کەڵبەی ئازیزانی گیان دەسپێرێ!
زریکەیێک دەگاتە گوێم
ئاسمان هەڵدڕهەڵدڕ دەکا:
چ قەوماوە؟
چییە خوایە؟
قەولێکی مسحەفا ڕەشە پێخوست دەکرێ
یا سووڕەتەکەی حەڕڕایە؟
چییە خوایە؟
سیپارەیەکی ئنجیلە ڕەجم دەکرێ
یا گاتایە؟
چییە خوایە؟
چ قەوماوە؟
چییە خوایە؟
شەبەیخوونی مەغۆلانە بۆ سەر مەعبەدێکی بوودا
یا زریکەی تەوارێکی باڵشکاوی بێنەوایە؟
چییە خوایە؟
پارچەیێک نوور لەو ساکەگۆڕە کەوتووە…
هی دوعایە یا مەفتەنە هەتک دەکرێ؟
ئەو بزگوڕەی دایپۆشیوە
بزگوڕی بەر کچی منە
یا بەرماڵی خواناسانە
لەبەر تف و بەرد باڵدەگرێ؟
ئێستا گومان لە چی بکەم لە چی نەکەم؟
ئێستا گومان لە کێ بکەم لە کێی نەکەم؟
لە هەر چل هەزار پێغەمبەر؟
لە کتێبە پیرۆزەکان؟
لە کردگار؟
فیرعەونەکان دنیایان خوارد
بۆچی مووسا دار عەساکەی هەڵنابڕێ و نایکا بە مار؟
ئەوا دیسان بەردبارانی مەجدەلییە
کەنگی مەسیح دێتە هاوار؟
بۆ شێخ ئادی مەرقەدەکەی جێ ناهێڵێ؟
بۆ گومبەتێک منارەیەک بە زەویدا ناچێتە خوار؟
ئەی من بۆچی ناتپارێزم؟
ئازیزەکەم
جگەرگۆشەم
نیشتمانی بن پێلەقە و بڵۆک و دار!
بۆ بڵێسەی قەلەمەکەم
دەوراندەوری جەستەی پیرۆز
هەڵنابەستێ شوورە و دیوار؟
دەک شەرمەزار بم
شەرمەزار بم
شەرمەزار!

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Similar Tracks