site loader
Song image
مانیفێستی کۆبانێ – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

برینی شنگال شەو و ڕۆژ دەتریوێنێ
دەشێ ڕۆژێک لە ڕۆژان
ژانەکەی لە زیڕە بکەوێ
بەڵام قەت ناشێ ساڕێژ بێ
وێنەی سەر شاشەکان مێردەزمەن
شەوان لێت وەژوور دەکەون
سواری سەر سنگت دەبن
چەمۆڵەت لێ دەنێن
ئێستاش دوای شنگال
جەستەمان شەبەقی برینێکی نوێی تێ بووە:
برینی کۆبانێ
شیروەشێن، هەمان شیروەشێنە
جەستە هەمان جەستەیە و خوێنەکەش هەر هەمانە
بەڵام ئێشەکان جودایە، زۆر جودایە
ناتوانم باسی ئەو جیاوازییە بە زمانی سەربازی، زانستی یا لێکدانەوەی لۆژیکی بکەم
هەر ئەوەندە دەڵێم
شنگال خاڵێکی لەو جێیە دانا
کە ئەخلاقسزی سیاسی گەیشتە لووتکە و کۆبانێش
یەکەم ڕستەی بۆ مێژوویەکی تازە تۆمار کرد و بووە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا
چاخێک تێپەڕی و بەرایی چاخێکی نوێ کەوت
هەموو ڕۆژێ دەمەوێ داستانێک بنووسم لەسەر کۆبانێ
سارد دەبمەوە
چما داستان لەسەر داستان دەنووسرێ
دەمەوێ بۆ چەند پەیڤێک، پەنا ببەمە بەر ئەفسانە
چەند پەیڤێک کە شایانی بەژنی کۆبانی بن
بەڵام کۆبانی خۆی بووە بە ئەفسانە و پێویستی بە ئەفسانەنووس نییە
سەدان ساڵ شۆڕەسوارانی ڕۆژهەڵات ببوونە کۆنە مەرەکەبی سەر کاغەز و تەنیا بە خەیاڵی ڕۆژهەڵاتناساندا دەهاتن
کەچی ئەوەتا
نەوەی میدییەکان هەسپی مێژوویەکی تازەیان زین کردووە و بەرەو ئاسۆیەکی هەزارڕەنگ لینگ دەدەن
ئەو سوارانەی من باسیان دەکەم
لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیێکی دیکەن
پێشتر نەمانبینیون، نەمانناسیون
ئاخر ئەوانەی پێشتر
یا لەناو تۆز و غوماری سەرپەڕێنەکانی سەدەی حەفتەمدا ون بوون
یا شا عەباسێک ڕایپێچان سەرحەدەکانی بۆ بپارێزن
یا لووسکەیەکی جەنگیزخان بە مەیتەر لە ئاستانە دایمەزراندن
یا بوونە فشەحیزبی خۆخۆری بێ پڕۆژە و ستراتیژ
حیزبی سایکسبیکۆپەرست و لۆزاندۆست و بتەوان و موفاوەزاتچی کورسی و مووچە
ئەوانەی من باسیان دەکەم لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن
کیژگەل و کوڕگەلی کۆبانێن
ئەوانەن کە چاویان بریسکەی ئاتەشگەکانی باب و باپیرانی تێدایه
ئادگاریان پڕاوپڕە لە گزنگی گاتاکانی زەردەشت
ئەمانە کۆتاییان بە مێژووی هەڵاتهەڵات و ڕاکەڕاکە و نووزانەوە و شەڕەپەڕۆ و ئاڕئاڕ و قاچاخچییاتی سنووران هێنا
ئەمانە
ئەمانە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەن
ئەمانە
ئەمانە سەرەتای قڕبوونی سەرکردەی بندیوار و سکرتێری بندیوار و وەزیری بندیوار و ڕاوێژکاری بندیوار و جەنەڕاڵی بندیوار و هەموو شتێکی بندیوارن
ئەوانە
ئەو جگەرگۆشانەی من
بە زگی قۆپاو و ڕەنگی پەڕیو و کڵاشینکۆفی سەدەی ڕابردوو
بەرامبەر تانک و زرێپۆش وەستاون
بەرامبەر تاعوونی ڕەش و قاسەی پڕی نەوتفرۆشان چەقیون و بە دنیادا جاڕ دەدەن
دەڵێن:
نا، لە قەڵای دمدم داناگەڕێین
بە فتوایەک پایتەختی سۆران جێناهێڵین و ناچینە خزمەت سوڵتان
هەزار گفت و لفتی شیرینی شای ئێران تەفرەمان نادا و نامانباتە بەر سێدارەی چوارچرا
ئێمە هەزار پەیمانی جەزایر بە قرۆشێک ناکڕین
ئێمە لە ڕەگەزێکی دیکە و تیرەیەکی دیکەین
تەماشایان دەکەم
جارێک، دوو جار و دە جار
لە پڕمەی گریان دەدەم
نازانم گریانەکەم هی خۆشییە
یا نیشانەی پێشبینییەکی تاڵ
یا هی هەردووکیانە
ئەوان بە زەردەخەنەیەک دڵم دەدەنەوە
حاڵیم دەکەن کە ڕۆژی سایسپیکۆپەرستان و پیرەجامبازانی موفاوەزاتچی تەواو
لەمەولا کێ زات دەکا ئەو سنوورە حەرامزادانە بە سنوور بزانێ
کێ زات دەکات بڵێ
“کوردستانی عێراق”، “کوردستانی ئێران”
“کوردستانی تورکیا”، “کوردستانی سووریا”
کوردستانی جیبۆتی و جڕتاوە و کێ
مەگەر هەتیوچەکانی کڵاوڕەش و کڵاوسوور
مەگەر ئەوانەی لە سەدەی بیست و یەکەمدا
بە ئەقڵییەتی موختاری گوند
دەوڵەت بەڕێوە دەبەن
ئەوانەی بە دووربین تەماشای ئەوپەڕی دنیا دەکەن
کەچی بە زەڕەبینیش بنپێی خۆیان نابینن
جەیلان
ئەو تەوارەی لە توخمی هەڵۆیانی زاگرۆس بوو
ئەوەی لەگەڵ گوللە ژوانی دانا
چما هەر جەستەی گوڵبەدەمی خۆی پێکا
نا، ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری و سنووری حەرامزادەی سیمالکەشی پێکا
‘ئارین’
ئەو پڵنگەکیژەی، لەباتی دەستی یار، ئاگربەندی لە کەمەری خۆی ئاڵاند
چما هەر بۆ ئەوە جەستەی پیرۆزی خۆی ئاگر دا
ڕەوەئەسپێخۆرێک بۆ دۆزەخ ڕادا
نا، ئەو لەگەڵ خۆیدا خەندەقی براکوژان و شەڕەپەڕۆی بەرەبابان و تانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا
ئەمانە، گەلۆ
لە ڕەگەزێکی دیکە و لە تیرەیەکی دیکەن

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
شەنگال – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

شنگالا من
گەر تۆ بشکێی
تەماشای کام ئاوێنە کەم
تا سیمای بن خۆڵەمێشی خۆم ببینم
بۆ وەڵامی کاولەمێژووی پڕ برینم
چۆن خاک ڕاخەم بۆ قیت وەستان
ئاسمان هەڵدەم بۆ فڕینم
گەر تۆ نەبیت
چۆن بزانم کامە ڕێگە دەمباتەوە لای ئاتەشگەی باپیرانم
چۆن گوێ هەڵخەم بۆ هەوهەوی سوارەی مادان
بۆ زەنزەنەی دەوری ئاگر
بۆ لای لایەی پەریزادان
گەر تۆ نەبیت
شارێکی دی لەکوێ بێنم ئاوا وەک تۆ
بە زمانی هەر دەورانێک بیدوێنم، بۆم بێتە گۆ
من دیواودیو دەیانبینم
تا سەر ئێسقان دەیانناسم
من دەمزانی
ئەوان هەموو، هەموو شتێک هەڕاج دەکەن
بەپێ و بێپێ
تەڕ و وشک
بەرز و نەوی
سارد و گەرم
هەور و هەوا
شیلەی زەوی
ئەوان هەموو، هەموو شتێک هەڕاج دەکەن
کڕیار هەبێ و دەستیان بڕوا
گردی یارە و پردی دەلال
ڕادەگوێزن بۆ هەندەران
قەڵای هەولێر ڕادەپێچن
بۆ تێرمیناڵ و بەندەران
گورچیلۆکەی زارۆیان و مناڵدانی زەرییەکانمان
بۆ مەزاتخانان بار دەکەن
دەشت بێ ئاسک و کێو بێ کێوی و ئاسمان بێ تەیر و توار دەکەن
من دیواودیو دەیانبینم
تا سەر ئێسقان دەیانناسم
تەماشا کەن
سوڵتان و شا کەوتنە چاڵی چاڵدێران و تووناوتوون چوون
میر و بەگی ڕووچکزەردی کەواسووریان
سەتان ساڵە بەرمای سفرەی مشک و مارن
کەچی ئەمان هەتا ئێستاش
لە سووچێکی کەوشکەنی شا سمایل
ئەستۆخوران
هەتا ئەمڕۆش لە دیوانی خانی مەگۆل
هەر سفرەچی و پەردەدارن
تا هەنووکەش ڕۆژێک لەبن قەرەقۆینلوو ڕادەکشێن
ڕۆژێک لەبن ئاق قۆینلوو
گوێمان دەسمێ فینگەفینگ و خنەخنیان
نێشکۆڵەشیان هێند بچووکە
داخزیوە و کەوتۆتە ناو هێلکەی گونیان
من دیواودیو دەیانبینم
تا سەر ئێسقان دەیانناسم
من دەمزانی ئەوان قەل و تاوس مەلەک
پاڵاوگەیەکی پێتڕۆڵ و مەرقەدەکەی شێخ شەڕفەددین لە یەک جودا ناکەنەوە
من دەمزانی
ئەوان سەربردەی عەنتەر و داستانا دەروێشێ عەبدی
ئێزیدخان ۆ قومارخانە
لە یەک جودا ناکەنەوە
خۆ ئەمانەم گشت دەزانی
بەڵام شنگال
ئاخر شارێک هەر خشتێکی کاسەسەر بێ
کاسەسەری مێرێکی ڕند
ئاخر شارێک لەبەردەمی دەروازەیدا
ڕەوە ڕەوە سوڵتان و میر بووبن بە پەند
ئاخر شارێک مسحەفا ڕەش تاجی جلوەی لەسەر نابێ
بۆ ئاگری سەرگەردانی ئاتەشگەکان دواپەنا بێ
ئاخر شارێک گلگامش خۆی لانکۆڵەکەی ڕاژەنی بێ
پڕ گمەگمی کەڤۆک و زاکوزیکی زەڕنەقووتە
پڕ داوێنی گزنگزادە و بسک و کەزیی شازەری بێ
کێ زات دەکا بیفرۆشێ
نرخی چەندە و دەبێ چی بێ
چیایێ شنگال
کە تۆ مێژووت هەموو مێژووت
جێپێی ڕەشی سەفەربەر بێ
سەفەربەر و هەر سەفەربەر
وەکوو یەکە
سەرپەڕێنان شیروەشێن بن یا سنایپەر
بۆ ئەنفال بێن یا بۆ فەرمان
بە وشتر بێن یا بە تانک و تۆپ و هەمەر
چیایێ شنگال
کە تۆ مێژووت هەموو مێژووت
هەر فەرمانی پاش فەرمان بێ
کە تۆ دەردت وا توولانی و بێ دەرمان بێ
خۆ دەبوایە
گۆمەئاوێک لە توێکتا حەشار بدەی
تاکوو لێوی زارۆیانی ئادەم تەڕ کەی
خۆ دەبوایە
هەر بۆ سێبەر، دارستانێک، دەوەنجاڕێک بڕسکێنی
برووسکەیەک گلدەیتەوە
لە شیوەڵە و نەواڵێکتا بیخەوێنی
تا لە کات و ساتی خۆیدا
لە ناوقەدی شەوەزەنگی بوەشێنی
تۆ دەبوایە
گڕکانەکەی چیای ئاگری و ڕەشەباکەی سلێمانی و گڕەپێچەی بابەگوڕگوڕ تێک هەڵشێلیت
پێکەوەیان بجۆشێنی
تا لە نێوان ڕەوەکلۆ و پەڵە گەنمی شپرزەدا
شوورەی ئاگر بئافرێنی
ئاخ، نە دەستم قەڵەم دەگرێ
نە زمانیشم گۆ دەکا
ئاخر کاتێ من کۆچ دەکەم، دەپەڕمەوە و دەچمە ئەوبەر
نازانم چ بە قەناتی کوردۆ بڵێم
چۆن بتوانم چاو ببڕمە چاوی تیژی ئەو شەهێنە
چۆن وەک جاران، ئۆردیخان لە هەمبێز بگرم
ئەو زارۆیە، ئەو چەمە ڕوونە خوڕڕێنە
لەسەر سفرەی حاجی جوندی و ئاپێ جاسم چۆن دانیشم
ڕووی زەردی خۆم لە کام لا کەم
شەمۆ و شەکرۆ چۆن بدوێنم
دل و چاڤێ وان خۆشمێران چەواشا کەم
چۆن ئەو هەموو بنکراس و پێسیرانەی دادڕاون
لەبەر چاوی وان وندا کەم
چۆن هەزاران پەڕەسێلکەی ناو ڕکە و تۆڕ
بێ زایەڵە بێ سەدا کەم
چۆن ئەو هەموو خۆلی و خوێنە بشارمەوە
ئاخر چییان بۆ بڕێسم، چ پینە کەم، چ بە پا کەم
جا خۆ ئەوان
ئەوان خۆیان
چاوتیژتر و دووربینترن لە هەڵۆیان
بینییان چۆن ژەنەرالی ناو پاکەتی تازەی سەرمۆر
لوولەی چەکیان ڕووبەرەوژێر، وەکوو چاویان، وەک ئەستۆیان وەرچەرخان و پشتیان کردە دەرپێی بەجێماوی خۆیان
بینییان کوو
لەبەر چاوی زەقی گووگل
لەبن کلکی زڕەبێنی کرێمل و کۆشکی سپی و بورجی ئایفل
لەبەردەمی ڤاتیکان و خاچی دێران
لەبن لووتی مناران و میدیای پۆشتەی دنیای وێران
گاڕانێک دۆڵپای ناقۆڵا، گەواڵەیەک چینەی جەنگیز
ڕەوەڕۆبەتێک لە پۆڵا، ڕێژنەیەک ڕیش
لاوفاوێک گەڵ
دینیان سمت و خوایان کەفەڵ
تەنبەتەن بوون، ڕووبەروو بوون
لەگەڵ باخێک پڕ کولیلکی لیمۆ و هەنار
پڕفەریکی دەنکە زەیتوون
وای
وای ئەو ڕۆژە چە ڕۆژێکی تفت و تاڵ بوو
زەوی کەڕ و ئاسمان مجرۆ
مینبەر لاڵ و نوێژ بەتاڵ بوو
چەندی کردم
چەندی دەستم لە باخەڵی زمان گێڕا
وشەیەکی تێدا نەبوو
گرمەی هەرەس، وزەی گڕکان، ڕابوونی تۆفانی تیا بێ
یەک دڵۆپە ڕۆنتێکی وام نەدیتەوە
قەبارەکەی هەژیی ڕۆژەڕەشی وا بێ
تۆ پەلەت بوو
تۆ پەلەت بوو
تۆ پەلەت بوو
منیش پێش وەی چیلکە و ئێزنگ کۆ کەمەوە
تاکوو ئاگر لە خۆم بەردەم، دەبوایە بەم نینۆکانەم
کەڕووی چاڵی مێژوو دەردەم
تۆ پەلەت بوو
زامی منی لە چوار لاوە ئەنگێوراویش
هێشتا گەرم و سەرواڵا بوو
نەمدەتوانی چەمێکی خوڕ هەڵببەستم
ئەو گڕەی پێ بتەمرێنم کە لە بەژنی تۆ ئاڵابوو.
تۆ پەلەت بوو
منیش دەبوا جووتێک پێڵاو بەڕاداندەم
قایمتر بێ لە چەرمی ڕووی سەرکردەکان
ناردم بە شوێن گۆپاڵەکەی پیرەمێردا
تا بە بەژنی زنجیرەچیای دووهەزار و پێنسەد ساڵدا هەڵزنێم و بە هەڵدێر و دۆڵ و شیویا شۆڕ ببمەوە
بە دڕکەڵانی فەرمان و سەفەربەر و ئەنفالاندا
هەزارجار بێم و بچمەوە
تۆ پەلەت بوو
منی شپرزەش پێش ئەوەی بۆ ئەم ڕێی هات و نەهاتە
بۆ ئەم قافە سەختەی شەعر
خۆم ببەستم و ڕێ بکەم
هەر دەبوایە
هەر دەبوایە چەند مۆمێکی نوورپرژێنی حەزرەتی خانی پێ بکەم
هەورەتریشقەی حاجی قادر بگوازمەوە بن زمان و ئاسمانێکی بۆ چێ بکەم
دەبوایە کوورەی ئاگری سۆزی باباتایەر داخەم
بۆ نوێژێکی گیانداگیرسێن
بەرماڵی مەولەوی ڕاخەم
گەرەکم بوو نیوەشەوان
چاو لێک نێم و هەست ڕاگرم بۆ گمەگمی قەوالان
بۆ کەروێشکەی ئاخ و ئۆفی ژێی تەنبووری باڤ و کالان
جاروباریش، شنگالا من
کە ڕێی دووری بینینی تۆم دەگرتە بەر
منی ڕەبەن، چارەم نەبوو
هەردەبوایە بۆ دیداری لالش لادەم
تا هزری خۆم لە کانییا سپی مۆر کەم
لەمپەری پێش زمان ڕادەم
خۆم لە کێشی ئەم گۆی زەوییە ڕاپسکێنم
لەسەر کەڤر و زناری ڕێ
جێی ئاورینگی پێی شێخ هادی بشۆپێنم
چاوەڕێ بم
پێلی نوور و بۆی بخوور و شنەشنی شەوقی چرای پەرستگەی لالشم بۆ بێ
تا نادیام لێ دیار بن و ئێسک و پرووسکی ئازیزانیش بۆم بە گۆ بێ
تا سروودێک تێچریکێنم
شنگالا من
کە شایانی کۆستی تۆ بێ

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
تاوان – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

تاوان دیارە
نێرکی ملی لە هی بەراز ئەستوورترە
مانگایەکە بە ئاشکرا دەبۆڕێنێ
گورگەبۆری ئەنادۆلە
مانگ ببینێ یا نەبینێ
کەڵبەی دیارە و دەلوورێنێ
تاوان دیارە
وەک دووپشکی کەلاوەکانی گەرمەسێر
قەفی کلکی لەسەر پشتە
وەکوو کۆبرا
لەسەر پاشەڵ ڕادەوەستێ
گینگڵ دەدا و دەفیشکێنێ
وەک مارسیدیسی فایلداران
هاشەی دێت و ترافیکی سووری شاران دەبەزێنێ
وەک هۆڕنی لاندکرۆزەری سەردزەکان
خەو لە چاوی عومەر خاوەر دەتارێنێ
تاوان دیارە
تاوان دیارە و من دەیبینم
وەک شۆفڵی ئاودیوکراو
وەک شیشی پەنجەرەی دزراو
وەک کەرکووکی بە قەنارەی حەویجەوە دالەقێنراو
من دەیبینم!
تاوان دیارە
وا بۆنی دێ
وەکوو وێسکی شەوی بەغدا و هەزار و یەک موفاوەزات
وەک خۆراکی گەندی یوئێن
وەکوو زارکی هەڵزڕاوی
هەمبانەی باوبژی بەڵێن
تاوان دیارە
پەڕۆیەکی بێ نوێژە
لە سنووری باجستان و بەرتیلستان
فڕکە دەکا و دەشنێتەوە
وەکوو قرشە هارەکانی دەریای ئیجە
هەر بە دەوری خوێنی کوردا دەخولێتەوە
هێشتا بەس نییە؟!
بۆ خاتری چاویان
کتێبەسوورەی ماوم(مائۆم) ئەزبەر کرد
لێنینم کردە کوێخای جڕتاوە
شینی حەسەن و حوسێنم گێڕا
چەندان زوحاکم لێ بوون بە کاوە
بۆ خاتری چاویان
چل ساڵی خشتە هەر وام بەڕێوە
هەر دیمۆکراسی بۆ بەغدا دەبەم
هەر ئۆتۆنۆمیش دێنم لەوێوە…
چ ما نەیکەم!؟
پێیان گوتم:
شین بە! شین بووم
زەرد بە! زەرد بووم
پان بە! پان بووم
خڕ بە، خڕ بووم
خاو بە، خاو بووم
دڕ بە، دڕ بووم
بقیڕێنە، قیڕ… قیڕاندم
کڕ بە، کڕ بووم!
هێشتا بەس نییە!؟
ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟
شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟
پەردەی وەهمکرد لەسەر عەورەتیان تڵیشی نەبرد؟ هەر هەڵنەدرایەوە؟
گوێتان لێیە؟!
کرچ و هۆڕی گازەرام دێ!
تا کەی پشتم گۆڕەپانی قارەمان و قەیتەران بێ؟
لە کۆزەوە مڕەی گورگ و مڵچەی خوێن دێ
هەتا کەنگی
گوێم لە زرمەی شەڕەقۆچی دوو بەران بێ؟
لەبەر ئاوێنە سەیری خۆم دەکەم
چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم!
پەرکەم دەمگرێ
کاتێ دەبینم یەکتر ڕاو دەنێن
ئەندامەکانی جەستەی سەراپا وێران و نغرۆم
هێڵنجم دێتێ
کە چاو دەبڕمە گڵۆڵە کرمی
زارکی برینی گیان و جەستەی خۆم
چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم!
ئەستۆم نایەوێ سەرم ڕاگرێ
خوێنم دەمەیێ، تا فڕکە نەکا بەرەو پەل و پۆم
گلێنەی چاوم تف لەیەک دەکەن
لەیەک نەبانن ڕەفیسک و ئەژنۆم
ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟
شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟
هەسپی بەلەسەم بە تالووکەیە
باڵی لێم دەوێ
شەو تا بەیانی ناڵی زرمەی دێ، چەخماخە دەدا
نە من دەسرەوم، نە ئەو دەسرەوێ
وا دەچمە سەر زین، ڕکێف لێدەدەم
کفن و کاژی خۆم تووڕ فڕێدەدەم
قەڵەمم هەسپە، سەرم شەیپوورە!
بەسە! من جاڕی چاخی نوێ دەدەم

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More
Song image
سەدان ساڵە – عەبدوڵڵا پەشێو

By - عەبدوڵڵا پەشێو Ebdula Peşêw

سەدان ساڵە
لە وێرانەماڵی خۆمدا کتکەکۆرەی گۆشەی متبەقی سوڵتانم
سەدان ساڵە
حەوش و بەرەی خۆم واڵایە و لەبەر دەرگەی دزانی خۆم پاسەوانم
سەدان ساڵە
ڕۆژێک دەبم بە مەیتەری والیی بەغدا
ڕۆژێک لە تاران کوتاڵم
ڕۆژێک لفکەم پشتی ژنی سوڵتان دەشۆم
ڕۆژێک گەسکم شام دەماڵم
سەدان ساڵە
وەکوو چنگێک دانەوێڵە
ئاشی مێژوو فڕێی داوم
هەر چوار دەورم شارۆچکەیە و مێروولە دەمیان تێ ناوم
سەدان ساڵە
کاسەسەرم منارەیە کێ بێ، دەنگی تیا هەڵدەبڕێ
سەدان ساڵە
نیشتمانم نێرگەلەیە کێ بێ، بە دەمیەوەی دەگرێ
سەدان ساڵە
لەبەر دەگەی تەکیەی جیهان جووتێک سۆلی پینەپینەم کێ لە پێم کا بۆ ئەو دەشێم
سەدان ساڵە
دوای تڵیشێ فڕێ دەدرێم
سەدان ساڵە
دوای پینەیێک لە پێ دەکرێم
من پشتێکی بریندارم
لە قامچیی خۆم ڕاپەریوم
من لافاوێکی لاسارم
لەو کەنارانە هەڵساوم
کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم
نانیشمەوە، نانوومەوە
بێ ئارامم
ئارامی من، چرایەک بوو
ڕەشەبای دەورم خوێنی ڕشت
بێبەزەییم
بەزەیی من دەریایەک بوو
دەمیان پێوەنا و هەڵیانمشت
نانیشمەوە، نانوومەوە
کە من دان بم، کوا دەرفەت؟
یا من یا مێروو
کە من خوێن بم کوا دەرفەت؟
یا من یا زێروو
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن
دان و مێروو برای یەکن
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن
خوێن و زێروو برای یەکن
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن
ماسی و چنگاڵ
مشک و جەواڵ
دەست و چزوو برای یەکن
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن
پەت و گەردن
گوێزان و موو برای یەکن
وەرن خەڵکە
لە نێچیر و زام بپرسن
بڵێن توخوا
خەنجەر هەیە زام تیمار کا؟
ڕاوچی هەیە نێچیر نەخوا؟
دە خەڵکە، لە کا بپرسن
قەت ئاگری ساردی دیوە؟
لە هێلانەی مەل بپرسن
بەنیازی ماچ، قەت مار دەمی تێ ژەنیوە؟
دە لە دار بەڕوو بپرسن
تەوری دیوە داربڕ نەبێ؟
دە لە کەرێکیش بپرسن
گورگی دیوە کەردڕ نەبێ؟
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن
ماری شیرین ژاریش هەیە
قەحپەن ئەوانەی پێم دەڵێن
تەوری برای داریش هەیە
من پشتێکی بریندارم
لە قامچیی خۆم ڕاپەڕیوم
من لافاوێکی لاسارم
لەو کەنارانە هەڵساوم
کە تەنگیان پێ هەڵچنیوم
نانیشمەوە
نانوومەوە
بێ ئارامم
ئارامی من، چرایەک بوو
ڕەشەبای دەورم خوێنی ڕشت
بێ بەزەییم
بەزەیی من زەریایەک بوو
بینیان پێوەنا و هەڵیانمشت

کۆپی کردن بێ ئاماژەدان بە سەرچاوە قەدەغەیە
More