شێرکۆ بێکەس

سەعاتەکانی وەڕس بوون

بە دەنگی: شێرکۆ بێکەس
شێوەزار: سۆرانی
102
لە ماڵەوەم
وەکوو هەموو ڕۆژێکی تر
لەگەڵ «تەنیایی» دانیشتووم.
من لەسەر کورسیەکەی خۆم و
ئەویش لەسەر کورسی خۆی و بەرامبەرم
*
جگە لە خۆی
نایەوێ کەس هاوڕێم بێت،
ئەیەوێ هەر خۆی لە لام بێ،
گەر بنووسم یەک لەدوای یەک
جگەرەم بۆ دائەگرسێنێ و
«خەیاڵ»م ئەکا بە تەیر و تەیر بە شیعر و
شیعریش بەرەو ئاسمانێکی بێ کۆتایی،
هەڵئەفڕێنێ.
*
ژنی بێژەر گەیشتبووە سەر شەقامی
دوا دێڕی ناو هەواڵەکان،
پرتەقاڵی بێژەر وتی:
ئەم ئێوارەیە «زەمین لەرزەیەک»
بە پلەی شەش لەسەر پێوانەکەی ڕێختەر،
دای لە بەشی سەرووی «یابان»،
تووڕە بووم و هاوارم کرد:

زەمین لەرزەی چی ژنەکە؟
زەمین لەرزەی چی پرتەقاڵ؟
بوومەلەرزە... بوومەلەرزە
ئەم زمانەیش هەموو جارێ
بەر بوومەلەرزە ئەکەوێ و
بە پێوانەی... تۆفیق وەهبی و
بە پێوانەی هێمن ... هەژار...
شەوێک نییە
لە دوو سێ لاوە ... نەڕووخێ.

هاوارم کرد ...ئەی پرتەقاڵ،
مەڵێ «یابان»...بڵێ «ژاپۆن»... ژاپۆن
وەکو وڵات
ئەم زمانەیش چی بەسەر هات؟!
لەداخاندا ... تەلەفزیۆن ئەکوژێنمەوە،
دیسان تەنیایی دێتەوە و بەرامبەرم دائەنیشێ.

ئەچمەوە سەر کورسیەکەم خۆم،
دیسان تەنیایی دێتەوە و بەرامبەرم دائەنیشێ.
بە لاچاوێ سەیری سەعاتی سەر دیوار ئەکەم،
درەنگ بووە و لە نیوە شەویش لای داوە،
وەکو هەندێ لە سیاسەتمەدارانی
زۆر بێ ئاگای وڵاتەکەم، لەم دنیایە
باوێشکێکی درێژ ئەدەم.
*
وەک زۆر پرۆژەی پاڵکەوتووی چەندین ساڵە،
بە پشتا خۆم ئەکێشمەوە
هەڵئەسم و ئەچمە ژوورێ،
بەڵام بەرلەوەی ڕاکشێم،
بەرامبەر ژنی سەر فەرشی هەڵواسراو
بە ژوور سەرمەوە،
ڕائەوەستم و چاو ئەبڕمە چاوەکانی،
گەردنی بەرز، لووتی قنج و پێستی سپی،
وەک تیایاندا بتوێمەوە وایە.
ژنی سەر فەرش، ئەویش بزەیەک ئەگرێ و
وەک چاوەڕوانی شتێ بێ... چاوەڕوانە