site loader
ته‌مموز 10, 2022 چیرۆکی گۆرانیی کوردستان گەر تو نەبی – بەهجەت یەحیا

چیرۆکی گۆرانیی کوردستان گەر تو نەبی – بەهجەت یەحیا

کوردستان گەر تو نەبی لەنێوانی ئەو دوو وێنەیەدا هۆنراوەیەکم هەیە بیست و دوو ساڵ تەمەنیەتی، لەساڵی ١٩٩٢ بۆ دەربڕینی خۆشەویستیم بۆ نیشتیمان و پێکەوە گرێدانی زاراوەکانی زمانی شیرینی کوردی ئەم ئاواز و هۆنراوەیەم دانا بەئاگاداریی ئەم هاوڕێ هونەرمەندە بەڕێزانە، کاک گۆران کامیل و کاک نەریمان کەریم و کاک ئامانج یەحیا و کاک محەمەد عومەر دهۆکی کە خەڵكی دەڤەری بادینانە ئەرکی وەرگێڕانی هۆنراوەکەی بۆ زاراوەی کرمانجیی ژوروو خستە ئەستۆی خۆی، من بەسۆرانی ڕستەکانم ئەهۆنیەوە و ئەو هاوڕێیەم ئەیکرد بە بادینی، ئەوکاتە لەنێوانی من و هاوڕێم کاک محمد عومەر دهۆکی دودڵ بووم لەوەی کە ئایا هۆنراوەکە بەناوی کاممانەوە بێ، چوونکە هۆنراوەکە من دامنابوو بەڵام من کرمانجی نازانم وە کاک محەمەد عومەریش کە وەریگڕابوو ئەو شاعیر نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە یەکێک لەدەرەوەی ئەم چیرۆکە بێت و خۆی بکات بە خاوەنی، یەکەم جار کە کلیپمان بۆکرد ناوی شاعیرمان نەنووسی نەمن دڵم ‌هات ناوی خۆم بنووسم نە ئەو، بەڵام ڕاستیی تایڵتەکە بەم شێوەیەیە کە هۆنراوەی منە و ئەو هاوڕیەم وەریگێڕاوە، بەم شێوەیە هۆنراوەکەمان دانا، داوی ئەوە هاتە سەر ئەوەی تۆماری بکەین، لە خانووەکەی ماڵی باوکم ژوورێکم کرد بە ستۆدیۆ بۆ ئەوەی کپ بت بە بزمار و چەکوش هەرچی بەتانیی ماڵەکە هەبوو هەموویم هەڵواسی بەدیوارەکانیدا و ئینجا تەسجیلێکی بەکرە و مۆنتاربۆ شکاوکمان پەیداکرد و کاک نەریمان کەریم گۆرانییەکەی بۆ تۆمارکردین، بە خۆشەویستیی گروپی موزیک کارەکەمان بە ئەنجام گەیاند، شایەنی باس و جێی ڕێزە کە ئەم هاوڕێ هونەرمەندە بەڕێزانە کاک خالید ڕەشید موزیکی پێشەکیی گۆرانییەکەی داناوە و ئامری باڵەبانی ژەنیوە، کاک ئاسۆ عەلی حەبیب ئامری سازی ژەنیوە، کاک کامەران عوسمان ئامری دەفی ژەنیوە، خۆشم ئامری سازم ژەنیوە، شایەنی باسە ئەم هونەرمەندە ئازیزانەی کە موزیکەکەیان ژەنیوە تەنها خۆشەویستی و هاوڕێیەتی کۆیکردبووینەوە پێکەوە، زۆربەی گۆرانییەکانم هۆنراوەی خۆمن، کوردستان گەر تو نەبی بەهێزترین هۆنراوەی من نییە کە تائێستا نووسیبێتم بەڵام لەبەرئەوەی ناوی کوردستانی تێدایە زۆرم خۆشم دەوێت و زۆر گەورەیە لەلام، خەریکە لە هەموو پارچەکانی کوردستان ئەبێتە گۆرانییەکی نەتەوەیی، زۆرکەس ئەم گۆرانییەیان وتۆتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەناوی خاوەنەکەی بکەن، بەئارەزووی خۆیان هەندێ لە وشەکانیان گۆڕیوە، یەکێک لەوانە خانمێکی سنەییە لە ئەمەریکا دائەنیشت، کە پرسیارم لێکرد بۆ ئەم گۆرانییەی بەو دەردە بردووە و ناوی خاوەنەکەشی نەنووسیوە، زۆر داوای لێبووردنی کرد و وتی گوایە بەهرۆز ناوێک کە خەڵکی سنەیە ساڵی ٢٠٠٢ لەکرماشان خۆی کردووە بەخاوەنی ئەم گۆرانییە و بەدیاری داویەتێ، ئینجا پورنازریەکان هاتوون ئەم گۆرانییەیان لێداوەتەوە کە هەر میلۆدیەکەی منە کەچی بەناوی یەکێک لە خۆیانەوە بڵاویان کردۆتەوە، هەروەها هەڤاڵانی باکووری کوردستان وتوویانەتەوە بەهیچ شێوەیەک ناوی خاوەنەکەیان نە‌هێناوە، لەم دواییانەدا هونەرمەند شەهرام نازری ئەم گۆرانییەی وتەوە، ئاخۆ ئەگەر لێی بپرسن ئەم گۆرانیەت لەکوێ بوو؟ ئەب وەڵامەکەی چی بێت؟ ئەمانەش هەمووی لەلایەک لەم ڕۆژانەدا هاوڕێیەکی ئازیزی خۆم هاتبوو ئەیوت گوایە کوردستان گەر تو نەبی هۆنراوەی ئەوە، یەکەم جار وەمزانی سوعبەت ئەکات کەچی دوایی تێگەیشتم کە بەڕاستیەتی، زۆر سەیرە شتک سور بزانیت هی خۆت نییە و بەموڵکی خۆتی لە قەڵەم بەیت، من ئەتوانم لەسەر ئەم چیرۆکە زۆر شت بڵێم، بەڵام جارێ لێرەدا خاڵێک دادەنێم.

وەرگیراو لە فەیسبووکی هونەرمەند بەهجەت یەحیا

 

 

دەقی گۆرانی کوردستان گەر تو نەبی:

Kurdistan ger tu nebî teyrêkim bê asiman
Bi nave te yê pîroz serbilind im nav cîhan
Ez neşêm(nikarim) bê te bijîm dî xo(xwe) bo te kem qurban
Hoy hoy hoy hoy hoy birîndar im
Kurdistan ger tu nebî

Tu hêlîna şêranî hoy hoy hoy
Tu dayika şehîdanî hoy hoy hoy
Swênd(soz) bi befra çiya, Bi xak û axa geliya
Hoy hoy hoy hoy hoy birîndar im

Her xwîna xwe eşkid dibem ez qurbanê te bikim
(tenê canekî min heye, ez ê qurbanê te bikim)
Em hemî dest li nav dest hoy hoy hoy
daku bigeyne(bighîjîne) mebest hoy hoy hoy

Vê welatî ava keyîn çira azadiyê hil keyn
(em vê welatî ava bikin û çirayê azadiyê hilkin)
Hoy hoy hoy hoy hoy birîndar im
Kurdistan yek hêlîne ji bo me kurda jîne

 

کوردستان گه‌ر تۆ نه‌بی ته‌یره‌کم بێ ئاسمان
ب ناڤێ ته‌یێ پیرۆز سه‌ربلندم ل ناڤ جیهان
ئه‌ز نه‌شێم بێ ته‌ بژیم دی خۆ بۆ ته‌ که‌م قوربان
هۆی هۆی هۆی هۆی هۆی بریندارم
کوردستان گه‌ر تۆ نه‌بی

تو هێلینا شێرانی هۆی هۆی هۆی
تو دایکا شه‌هیدانی هۆی هۆی هۆی
سوێند بێ به‌ به‌فرا چیا به‌ خاک و ئاخا گه‌لیا
هۆی هۆی هۆی هۆی هۆی بریندارم
هه‌ر خینا خۆ ئە‌شکت به‌م ئه‌ز قوربانێ ته‌ بکه‌م

ئه‌م هه‌می ده‌ست له‌ ناڤ ده‌ست هۆی هۆی هۆی
داکوو بگه‌ینه‌ مه‌به‌ست هۆی هۆی هۆی
ڤێ ولاتێ ئاڤا که‌ین چرا ئازادیێ هه‌ڵکه‌ین
هۆی هۆی هۆی هۆی هۆی بریندارم
کوردستان یه‌ک هێلینه‌ ژ بۆ مه‌ کوردا ژینه‌

ئایار 17, 2022 کوردی سەرکوتکراو و پێشکەوتن لە جیهانی دیجیتاڵدا

کوردی سەرکوتکراو و پێشکەوتن لە جیهانی دیجیتاڵدا

 

مرۆڤی کورد بوونەوەرێکی سەرلێشێواو و سەرکوتکراوە کە هەمیشە بە سەرکەوتنەکانی نەتەوەی سەردەست شاگەشکە دەبێت و لە پێشکەوتەکانی خۆی شەرم دەکات. ئەم شەرمکردنەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ناخیدا دەزانێت ئەگەر کورد، لە هەر بوارێکدا، گەشەیەک بکات وردەوردە ئەو ئەوین و خۆشەویستییەی بەرانبەر نەتەوەی سەردەست کاڵ دەبێتەوە، کەچی ئەمە شتێکی ئەرێنییە بەڵام بۆ تاکێکی خۆبەهیچزان و شەیدای بێگانە مایەی ئازار و درووستبوونی کێشمەکێشێکی دەروونییە و هەندێک لە خەڵک بەرگەی ئەم ئازارە ناگرن و هەوڵ دەدەن لێی هەڵبێن کە لە ڕاستیدا ئەم ئازارەش سەرەتای دەستپێکی ئازادبوونە لە کۆتووبەندەکانی کۆیلایەتی.

بۆ نموونەیەکی بەرچاو و نوێ، با بڕوانینە زیادکردنی کوردی (سۆرانی) بۆ گووگڵ ترانسلەیت. ئەمە لە لایەکەوە شتێکی زۆر ئەرێنی و جێگای دڵخۆشییە و لە لایەکی دیکەوە بۆ هەندێک خەڵک دەبێتە هۆی نائارامی و تێکچوونی ئاسایشیان بەتایبەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

بۆ نموونە با بڕوانینە دۆخی چالاکیی کوردانی ڕۆژهەڵات لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا. هەروا کە هەموو دەزانین دۆزینەوەی کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کە زمانی یەکەمی لە جیهانی ئۆنڵاین و لە تۆڕەکاندا کوردی بێت (بەجۆرێک کە نووسین و خوێندنەوە جیدییەکانی بە کوردی بێت) لە دۆزینەوەی ئەمەریکییەک کە بە کوردی بنووسێت زەحمەتی زۆرترە. بیانووشیان بە درێژایی تەمەنیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەوە بووە کە بە هۆی ڕێزگرتن لە هاوڕێ فارسەکانیان فارسی دەنووسن. ئیدی چۆنە کە بیر لەوە ناکەونە ئەم ڕێزگرتنەیان واتە بێڕێزی بە هاوڕێ کوردەکانیان با بمێنێت. لەسەر ئەم دۆخە زۆر باس کراوە با زۆری ورد نەکەینەوە. ئێستا زیادکرانی کوردی دوا بیانووی ئەو کەسانە دەبڕێت، چونکە هاوڕێ فارسەکانیان دەتوانن لە ڕێگای ترانسلەیتی گووگڵەوە تێبگەن کە هاوڕێکەیان چی گوتووە. ئەو پرسیارەش کە ئاخۆ هاوڕێ ڕێزدارە فارسەکانیان ئەوەندە ڕێزی زمانەکەی ئەمان دەگرن یان نا با بمێنێت. ئێستا زیادکردنی کوردی بۆ گووگڵ کە لەسەر ئەرک و تێکۆشانی ژمارەیەکی کەم کوردی خۆبەش لە پاش چەند ساڵ هاتووەتە دی چۆن دەبێتە هۆی لەقکردنی پێگەی ژمارەیەک خەڵکی نەخوێندەواری لووتبەرزی فرەشوێنکەوتووی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان؟

ئەم کەسانە کە زۆربەیان، سەیرە کە بەشێکی بەرچاویان هونەرمەندان و خۆبەڕۆشنبیرزانەکانن، خوێندەواری کوردییان نییە و هێشتا بیریان لەو سەردەمەدا گیری خواردووە کە خوێندەوارییان بە “گوڵستان و بووستانی سەعدی” دەزانی! خوێندەواری کوردییان نییە و بگرە تەنانەت کوردینووسین نازانن و قامکیشیان بەری تەختەکلیلی کوردی بکەوێت تا دوو حەوتە جەمام دەبێت! ئەم بەڕێزانە لەمەو بەدوا ڕووبەڕووی پرسیارەکەی هەمیشەی خەڵک دەبنەوە کە “بۆچی بە کوردی نانووسن؟” ئەوانیش وەڵامەکەی جاران ناتوانن بدەنەوە، ئیدی دەستەوەستان یان دەبێت دان بە نەخوێندەواری خۆیاندا بنێن یان خۆیان لە وەڵامدانەوە گێل بکەن. لەم ناوەندەشدا هەندێک کەس دەستیان کردبووە ڕەخنە و گاڵتە گرتن کە وەرگێڕەکەی گووگڵ لاوازە و وەرگێڕانەکەی هەڵەی زۆری تێدایە! ئەمانەش کێن؟

ئەم بەڕێزانە زۆربەیان خوێندکارە نەخوێندەوارەکانی زانکۆ ئێرانییەکانن کە وادەزانن گووگڵ ترانسلەیت بۆ وەرگێڕانی وتاری زانستی و ئەنجامدانی پڕۆژەکانی خوێندکارەکانی زانینگەیە! لێرەدا ڕەنگە پێویست بێت سەرنجێک بدەین بە ئیش و ئامانجی گووگڵ ترانسلەیت:

-وەرگێڕانی ماڵپەڕەکان: بۆ وەرگێڕانی پێڕست و ڕواڵەتی ماڵپەڕەکان بە زمانەکانی دیکە بۆ ئاسانکاری لە گەڕان بە ماڵپەڕەکەدا. ئەگەر فرۆشگە بێت بۆ وەرگێڕانی پێناسەی شتومەکەکان و هتد کە ڕستەگەلێکی ئاسان و باون.

وەرگێڕانی پۆستەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان: ئەوەی کە بابەتە ئاسایی و ڕۆژانەکان یان هەر بابەتێک لە ئاستێتکدا وەربگێڕدرێت کە خوێنەری ئەو بابەتە بە زمانێکی دیکە لە مەبەست و مانا گشتییەکەی ئەو نووسراوەیە تێبگات.

-وەرگێڕانی کۆمنتەکان: کۆمنتەکان زۆرینەیان ڕستەگەلێکی سەرەتایی و ئاسایین ئیدی لەمەوبەدوا کە ڤیدیۆیەکت لە یوتووب یان هەر شوێنێک بینی و حەزت لێ بوو دەتوانیت بە کوردی کۆمنتی بۆ بنووسیت و خاوەن ڤیدیۆکە وەرگێڕانەکەی بە زمانی خۆی دەخوێنێتەوە و ئەمەش پەیوەندییەکان ئاسان دەکاتەوە.

-بۆ گەشتیاری: ئەگەر سەفەرت کرد بۆ وڵاتێکی دیکە دەتوانی داخوازییە سەرەتاییەکان لە ڕێگای گووگڵ ترانسلەیتەوە وەربگێڕیتە سەر ئەو زمانە و لە چێشتخانەکان، هۆتێلەکان و لەسەر شەقام یارمەتیدەر دەبێت.

بەڵام گووگڵ ترانسلەیت بۆ وەرگێڕانی فەلسەفە و پڕۆژەی خوێنکاران و وەرگێڕانی گرێبەستی بازرگانی و بەگشتی وەرگێڕانی پرۆفیشناڵ نییە، نەک هەر بۆ کوردی بۆ هیچ زمانێک نە توانای ئەوەی هەیە و نە ئامانجیشی ئەوەیە.

دەبێت ئەوەش بەرچاو بگرن کە زیادکردنی زمانێک بە گووگڵ ترانسلەیت واتە توانای نەرمامێرەکە تا ئەو ئاستە گەیشتووە کە دەست بە ئیش بکات و ئەمە سەرەتای گەشەکردنیەتی و ڕۆژبەڕۆژ هەر دەبێت ئیشی لەسەر بکرێت بۆ بەهێزتربوونی.

 

دواجار هیوادارم ئەو خەڵکەش کە تا ئێستا خوویان گرتبوو بە دانیشتن و چاوەڕێکردنی ئەوەی کە لە کوردستان شتێکی باش ڕوو بدات و ئەمان نزم بینرخێنن، ئەگەر لە بوارێکدا شارەزاییەکیان هەیە و تا ئێستا لە خزمەتی نەتەوەی سەردەست بوون ئاوڕێکیش لە ناخی خۆیان بدەنەوە و تێبگەن دەستکەوتەکانیان بۆ نەتەوەی سەردەست زامە بەسەر ماڵ و نیشتمانی خۆیانەوە. یان دەبێت تەواو خۆت بدەیت بە دەستەوە و ببیت بە ئەوان (کە نەکردەیە، ئەوان تا ئەو شوێنە تۆیان دەوێت کە خزمەتیان بکەیت) یان ببیتەوە بە خۆت. قاچێک لەمبەر و قاچێک لەوبەر دەرەنجامی باشی بەدواوە نابێت.

 

ته‌مموز 12, 2021 تراژێدیای سەیدەوان-سوارە ئیلخانیزادە

تراژێدیای سەیدەوان-سوارە ئیلخانیزادە

کۆمەڵ لەسەر ڕێگای راستە و ھەرچی لە ناو کۆمەڵەوە ھەستێ و باسی خواس و ویستی کۆمەڵ بکا، جوانە؛ چونکە ئەوەی وا بە ھەڵە دەچێ تاکە و کۆمەڵ کەم وا ھەیە رێگای چەوت بگرێتە بەر.

کۆمەڵ بە لای منەوە بەم کەمایەتییە ناڵێن کە سوودێکیان ھەیە جیا لە سوودی گشتی و ھونەرێکیان ھەیە بەپێچەوانەی ھونەری کۆمەڵ.

چینی پێکھێنەری، واتە ئەو کەسانە کە زۆربەن و ھەمیشە روویان لە ژیانی مرۆڤایەتی و بەرزکردنەوەی پلە و پایەی ژیانی ئینسانییە، بە لێکدانەوەی من کۆمەڵ بەوان ئەکوترێ؛ ئەوانن کە خەمیان وەک تەم ومژی سەر چیا وایە و شادییان چەشنی پێکەنینی ھەوەڵ زەردەی خۆرەتاوە؛ ئەوانن کە ھونەریان ئێسک سووک و لە دڵ نزیک و خوێن شیرینە؛ ھونەرێک کە بەخشڵی خۆماڵی رازاوەتەوە و ڕەنگ و بۆن و تامی بێگانەی پێوە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا لە ھەموو شوێنێک چ لە ناوخۆو چ لەدەرەوە ھەر جوانە، چونکە مانای بەرزی جوانی ئەو جوانییەیە کە پێوەندی بە ھەرێمی بەر پانی جوانەوە ھەیە و لەگەڵ باسی خاوەنیی یەک مانان؛ لە ھەموو لایەک و بەلای ھەموو کەسەوە بەرزە.

ژیانی خێڵاتی ھێندێ خوو و رەوشتی تایبەتی خۆی ھەیە، کە یەکیان دڵاوایی و بەخشین و ماڵی دنیا بەلاوە کەم بوونە، چونکە لەو چەشنە ژیانەدا ئاسان بژیوی و کەم بەڕێ چوون ھەیە و باری ژیانەکە چەشنێکە کە ئادەمیزاد بەرامبەر بە پاشەکەوت کردن و بیر لە بەیانی ژیان کردنەوە بێ دەربەست دەبێ. لەبەر ئەوەیە کە کورد سەربەرزی و ئازایەتی ومیوانگری زۆرە و بەیتی «سەیدەوان» داستانی ئەم چەشنە ژیانە ئەگێڕێتەوە. بەداخەوەم کە وێژەی ئێمە لە ناو گەلانی جیھاندا بڵاونەبۆتەوە، دەنا خوا عالم کە بەیتی «سەیدەوان» زۆر لە «ھاملێت»ی «شکسپێر» بەرزترە. شکسپێر لای وایە «ھەبوون» یا «نەبوون»، مەبەست یەکێ لەو دوانەن؛ بەیتبێژی «سەیدەوان» ئەڵێ:

«دیلان یا ماتەم.» کامیان مەبەستی ژیانە؟!

قارەمانی شکسپێر «ھاملێت»ی باوک کوژراو؛ دایکی خەیانەتکار و مامی پیاوکوژ بوونە ھۆی پەژارەی «ھاملێت»؛ بەڵام لە بەیتی «سەیدەوان»دا باوکێک سێ کوڕی گەنجی ئەمرن، کە یەکێک بە دەستی باوکەکە ئەکوژرێ.

خەمی «ھاملێت» بەئەندازەی پەژارەی «عەبدولعەزیز»ی ڕۆڵە کوژراو گران نییە. جا با بچینەوە سەر داستانی «سەیدەوان».

«رەبی خودایە ئەتۆ ھەوری رەحمەتی بێنی لە لای قیبلەی موبارەک. لە داوێنی فەڕەنگییان. لەسەر قەبری پیر خدری ھەڵبڕێژی.

کێ دیویەتی لەسەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان بە کیژی؟»

«عەبدولعەزیز»ی داسنی، سێ کوڕی ئەبێ بە ناوی «سەیدەوان» و «نێچیروان» و «مەلکەوان». سێ کوڕی گەنج کە کاتی ژن ھێنانیانەو سێ بووکیان بە ڕۆژێک بۆ دێنن. عەشیرەتی داسنی ھەموو لە شایی و زەماوەندا بەشدارن، «مەلکەوان» شەوی ھەوەڵ «پەردووگیر» ئەبێ و ئەمرێ خەفەتێکی گەورە ئەخاتە سەر دڵی باوکی، بەڵام «عەبدولعەزیز» کوردە، سەرۆکی خێڵی «داسنی»یانە، چۆن ڕووی ھەیە بە عەشیرەتەکەی بڵێ:

«دەستی دیلان بەردەن و بڵاوی کەن!»

راستە کە کوڕ مردن پشت شکێن و بڕست بڕە، بەڵام ئەی سەرۆکی چی؟ ئەی پیاوەتی و میوان خۆشەویستی چی لێ بکا؟«عەبدولعەزیز» دەنگ ناکا و ھەڵپەڕکێ و زەماوەند ھەر دەمێنێ. تا شەوی دووھەم دەشتەوانان ھەڵی دەدەنێ کە «نێچیروان» لە رەوەز، تووش و چڕە ھەڵدێراوە و مردووە. دیسانەوە باوکی کۆس کەوتوو برینی ئەکولێتەوەو خەم و بەھەموو گرانییەکەوە ئەکەوێتە سەر دڵی و بیر ئەکاتەوە دوو کوڕی جوانەمەرگ بوون، ئەم زەماوەندە شوومە، ئەم بەھارە بێ فەڕە، بێ فەڕە دزێوە، چی بکا؟

ئایا لەگەڵ ئەوەشا کە تەرمی دوو کوڕی لەبەر دەستییەتی، زەماوەند ھەر بمێنێ؟ ئەگەر بە داسنییان بڵێ: من زەماوەند ناگێڕم و ئێوە ھەڵپەڕکێ بوەستێنن، چی پێ ئەڵێن؟!

ئاخۆ ناڵێن: «عەبدولعەزیز، پیرە، خەرفاوە و پیاوێکی ئاخر شەڕە؟»

ئەمانە ژێردەستی خۆی؛ بێ جیاوازی کوڕە داسنی کوڕی ئەون و ھەموو ئەوڕۆ لە شادی ئەوا بەشدارن. میوانن گەڕی ھەڵپەڕکێ گەرمە، کیژ و کوڕی داسنی خەریکی «رۆینە» و «سوێچکەیی» و «چۆپی» و «سێ جارە»ن. ئاخۆ بچێتە ناویان و بەپڕمەی گریانەوە بڵێ: «ئەی کوڕ و کیژی داسنی دیلانەکەتان بەردەن، لە باتی شایی، شین بگێڕن، «مەلکەوان» و «نێچیروان» مردن و ئێوە بۆ دوو زاوای نەماو شایی ئەکەن!؟» بەڵام نا، عەبدولعەزیز کوردە، ئەوانەش میوانن. رەوا نییە زەماوەنەکەیان بشێوێ. ئەی دڵی پەژارەداری چی لێ بکا؟ ئەم ھەموو خەم و دەردە بۆ کوێ بەرێ؟

وا باشە لە ئاوایی دەرکەوێ، پەنا بەرێتە بەر داوێنی چیا، خەفەتی بدا بە دەم شەماڵی سەرشێتی شیو و دۆڵا. با لە ھەرای ھەڵپەڕکێ رزگار بێ، ئاگری بەجۆشی دەروون ئەیبا، ئەیبا تا ئەو جێگایە وا رێبازی مەڕو بزنە کێوییە. لە ژێر بەردێکا ئارام ئەگرێ، بەڵام دڵی وەک ئاوی سەر ئاگری بەتین ئەجۆشێ و ھەڵئەچێ. فرمێسکی گەرمی بەسەر گۆنای پڕ چینیا دێتە خوارەوە!

دەوروبەری بەھارە، بەڵام چ بەھارێک، بەھارێکی رەش و ناحەز، ناحەزتر لە ھەموو زستانێک.

چاوی تیژی وەک ھەڵۆی پیری چیا ئەڕوانێتە ئەو بەری دۆڵەکە؛ بەھانەی لە ماڵ دەرکەوتن و کۆڕی
زەماوەند جێھێشتنی ئەمەیە، کە دەچێ گۆشتی راوێک بێنێتەوە. لێرەدایە کە تڕاژێدی دەگاتە ئەوپەڕی خۆی، دەستێکی بەھێز لە کاردایە بۆ پەروەراندنی دڵتەزێنترین بەسەرھات.

دەوروبەر بەھارە، گیا شینە لاسکی ناسکی گوڵی کێوی بە دەم بای نەرم و نیانەوە ئەلەرێتەوە. دڵی باوکێک پڕ لە مەینەت، پەردووی زاوای دوو کوڕی گەنج بە تاڵە، دوو بووک چاوەڕوانە، داسنی لە شایی و خۆشییا نوقم بوون. «عەبدولعەزیز» گاھێ بە دڵیا دێ: «دووانم مردن، «سەیدەوان»م ماوە! ژیان شایییە یا شینە؟!»

دەنگی گۆرانی بێژ و دەھۆڵ و زوڕنای ناو دێ کە زۆر دوور لە دەرەوە دێتە بەر گوێ، ئەو جارانە وا شەماڵ ئەیھێنێ، ئەڵێ: «ژیان شایییە!» دوای مردن، ھەموو دەمرن، چونکە لە ھەوەڵەوە نەبوون، ھاتن و پاشان ڕۆیشتن، کە وەھایە ژیان قۆناخێکی کەم خایەن و کورتە لە نێوان دوو نەبوونی درێژ و بێ بەستێنا. ھەرا و بگرتنێکە لە بەینی دوو بێدەنگی و ھەدادان، کە وەھایە ژیان شایییە و بۆ نەمانی بێدەنگی ماوە زۆرە، بەڵام دۆڵی کپ و خامۆش کە ئەڵێی گریانێکی بە کوڵی پیاوانەی لە گەروودا بەستراوەتەوە، ئەڵێ: «نا، نا، ژیان ماتەمە، ژیان کۆس کەوتنە، ژیان لە گۆ کەوتنی دوو لێوی پڕ بزەیە!»

با، لەوبەری دۆڵەکەوە یاری بە مووی زەردی ریشی بزنە کێوییەک ئەکا و لێکی ئەدا و ئەیھۆنێتەوەو «عەبدولعەزیزی» بە چاوێکەوە کە فرمێسکی مەینەتی تێزاوە، ئەڕوانێتە ئەو مووە زەردانە کە ئەڵێی پرچی «گوڵە بەڕۆژە» یا قژی «گەنمەکابە»یە و با ئەیشەکێنێ. وا ئەزانێ بەڕاستی مووی ریشی بزنە کێوییە. تەقەی تفەنگ ھەڵدەستێ، وەک پڕمەی گریانێکی بە کۆڵ ئەچێ، نا ئەڵێی قاقای پڕ لە تەوسی ئینسانە بەژیان! شتێکی زیندوو لە پشت بەردێکەوە ئەکەوێتە خوارەوە، وا دیارە پێکراوە. «عەبدولعەزیز» دەگاتە سەری، ئەبینێ «سەیدەوان»ە، مووی زەرد و خوێنی سوور دەم و چاوی سپی لە سەرگیای سەوز تێکەڵ بوون؛ ھەناسە لە سینگی چیادا قەتیس ماوە، کەو لە قاسپە کەوتووە، ڕۆژ خۆی لە ژێر ھەورێکی چڵکنا شاردۆتەوە!

«عەبدولعەزیز» چی بۆ ماوەتەوە؟! دانیشێ، چونکە ئەژنۆی ھێزی نییە؟ لە بێدەنگی ئەترسی و ناشتوانێ بگری، چونکە پەشۆکاوە، ھەموو دنیا لەبەر چاوی دەبێتە یەک پرسیار: ژیان شینە یا شایییە؟! خەم لەوە گەورەترە کە لە دڵی پیر و ناسکی «عەبدولعزیز»ا جێگای ببێتەوە، ئەپاڕێتەوە، لەبەر خوا ئەپاڕێتەوە:
«رەبی خودایە بای ڕەحمەتێ بێنێ لە لای قیبلەی مومبارەک لە داوێنی فەڕەنگیان. بیدەی لە خەمی «عەبدولعەزیز»ی و لەبەحری خوێیەی تێپەڕێنی!»
چەند خەمێکی گەورەیە، خەمی «عەبدولعەزیز»ی داسنی کە دوو کوڕی ئەمرن و یەکێکی بە دەستی خۆی ئەکوژێ؛ لە کاتێکا بەھارە و کاتی بووژانەوە و ژیانە. بەیت بێژ چ تڕاژیدییەکی بەرزی پێکھێناوە، گیانی نەمری شادبێ.

لینکی دەنگەکانی بەیتی سەیدەوان

سەیدەوان بە ڕاوێژی شۆڕش مەحموودی

سەیدەوان بە ڕاوێژی عەلی کردار

سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەدی ئاغا

سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەی بەیتان

سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەجان

سەرچاوە: کتێبی تاپۆ و بوومەلێڵ

تشرینی دووه‌م 10, 2020 فۆلکلۆر چییه‌؟

فۆلکلۆر چییه‌؟

فۆلکلۆر چییه‌؟ زۆر جار ده‌بینین له‌ شرۆڤه‌ی گۆرانییه‌کدا نووسراوه‌ هۆنراوه‌ی فۆلکلۆر یان به‌ چیرۆک یان شیعرێک ده‌ڵێن فۆلکلۆره‌، ئایا تا ئێستا بیرتان له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ فۆلکلۆر چ واتایه‌کی هه‌یه‌ و بۆچی به‌ هه‌ندێ به‌رهه‌می هونه‌ری یان ئه‌ده‌بی ده‌ڵێن فۆلکلۆر؟

فۆلکلۆر یان به‌ ئینگلیزی folklore وشه‌یه‌کی لێکدراوی دوو به‌شییه‌. فۆلک (folk) به‌ واتای گه‌ل و خه‌ڵک دێت و لۆریش (lore) واته‌ هونه‌ر، چیرۆک و زانست، به‌ گشتی واته‌ که‌له‌پوور و میراتی خه‌ڵک. فۆلکلۆر واته‌ ئه‌و ده‌سکرد و ده‌سکه‌وته‌ کۆنانه‌ی له‌ درێژایی مێژوودا مرۆڤ خولقاندوویه‌تی و ماونه‌ته‌وه‌. وه‌ک جل و به‌رگ، که‌لوپه‌لی کۆن، شێوه‌کاری، شیعر، چیرۆک و … ئه‌ده‌بییاتی فۆلکلۆر له‌ باوکه‌وه‌ بۆ دایبابه‌وه‌ بۆ منداڵ ڕاگوێز ده‌کرێ و وه‌ک به‌رهه‌می ته‌نیا یه‌ک که‌س ده‌ستنیشان ناکرێ، واته‌ به‌رهه‌مێک که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک خولقاندوویه‌تی.

وشه‌ی فۆلکلۆر بۆ یه‌که‌مین جار له‌ لایه‌ن “ویلیام تامز”ی ئینگلیزی، کارناسی که‌ل و په‌لی کۆن له‌ ساڵی 1846 زایینی به‌ کار هاتووه. ناوبراو له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ خه‌ڵکی ئاتێن ده‌نووسێ بۆ له‌مه‌و به‌دوا به‌ جێگه‌ی به‌کارهێنانی وشه‌ی داب و نه‌ریتی ڕه‌شۆکی یان “ئه‌ده‌بیاتی ڕه‌شۆکی”، وشه‌ی فۆلکلۆر به‌کار بهێنن. ده‌توانین بڵێین فۆلکلۆر لای ویلیام تامز به‌گشتی کرده‌وه‌، ئه‌رک، داب و نه‌ریت، جۆک، خۆرافات، په‌ندی پێشینیان، قسه‌ی نه‌سته‌ق، سێحر و جادو و ئه‌ده‌بی زاره‌کی و هه‌موو شتێکی کۆن له‌خۆ ده‌گرێ.