site loader
2020-11-10 فۆلکلۆر چییه‌؟

فۆلکلۆر چییه‌؟

فۆلکلۆر چییه‌؟ زۆر جار ده‌بینین له‌ شرۆڤه‌ی گۆرانییه‌کدا نووسراوه‌ هۆنراوه‌ی فۆلکلۆر یان به‌ چیرۆک یان شیعرێک ده‌ڵێن فۆلکلۆره‌، ئایا تا ئێستا بیرتان له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ فۆلکلۆر چ واتایه‌کی هه‌یه‌ و بۆچی به‌ هه‌ندێ به‌رهه‌می هونه‌ری یان ئه‌ده‌بی ده‌ڵێن فۆلکلۆر؟

فۆلکلۆر یان به‌ ئینگلیزی folklore وشه‌یه‌کی لێکدراوی دوو به‌شییه‌. فۆلک (folk) به‌ واتای گه‌ل و خه‌ڵک دێت و لۆریش (lore) واته‌ هونه‌ر، چیرۆک و زانست، به‌ گشتی واته‌ که‌له‌پوور و میراتی خه‌ڵک. فۆلکلۆر واته‌ ئه‌و ده‌سکرد و ده‌سکه‌وته‌ کۆنانه‌ی له‌ درێژایی مێژوودا مرۆڤ خولقاندوویه‌تی و ماونه‌ته‌وه‌. وه‌ک جل و به‌رگ، که‌لوپه‌لی کۆن، شێوه‌کاری، شیعر، چیرۆک و … ئه‌ده‌بییاتی فۆلکلۆر له‌ باوکه‌وه‌ بۆ دایبابه‌وه‌ بۆ منداڵ ڕاگوێز ده‌کرێ و وه‌ک به‌رهه‌می ته‌نیا یه‌ک که‌س ده‌ستنیشان ناکرێ، واته‌ به‌رهه‌مێک که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک خولقاندوویه‌تی.

وشه‌ی فۆلکلۆر بۆ یه‌که‌مین جار له‌ لایه‌ن “ویلیام تامز”ی ئینگلیزی، کارناسی که‌ل و په‌لی کۆن له‌ ساڵی 1846 زایینی به‌ کار هاتووه. ناوبراو له‌ نامه‌یه‌کدا بۆ خه‌ڵکی ئاتێن ده‌نووسێ بۆ له‌مه‌و به‌دوا به‌ جێگه‌ی به‌کارهێنانی وشه‌ی داب و نه‌ریتی ڕه‌شۆکی یان “ئه‌ده‌بیاتی ڕه‌شۆکی”، وشه‌ی فۆلکلۆر به‌کار بهێنن. ده‌توانین بڵێین فۆلکلۆر لای ویلیام تامز به‌گشتی کرده‌وه‌، ئه‌رک، داب و نه‌ریت، جۆک، خۆرافات، په‌ندی پێشینیان، قسه‌ی نه‌سته‌ق، سێحر و جادو و ئه‌ده‌بی زاره‌کی و هه‌موو شتێکی کۆن له‌خۆ ده‌گرێ.

دەف

دەف سازێکە لە سازە زەربیەکان لەمۆسیقای کوردی و ئێرانیدا (کورد دەفی بردە نێو مۆسیقای ئێرانی; کامکارەکان ئەو خزمەتەیان بە مۆسیقای ئێرانی کرد). دەف لەبازنەیەکی دارین دروست بووە کە پێستێکی پیا دراوەو لە دیوی ناوەوەی کۆمەڵێک زنجیر یان بازنەی لێ هەڵواسراوە. پێستەکە بە زۆری پێستی ئاژەڵانە کە لەم ئاژەڵانە دەتوانین ئاسک و مەڕ و بزن و ماسی ناو ببەین، بەڵام ئەمڕۆ پێستی دەستکردیش بە کار دێت.

دەف لە سەردەمانی کۆنەوە لە کوردستاندا ژەنراوە. شوێنکەوتووانی ئایینی یارسان (لە سەردەمێک بە دواوە دەف لە جەمخانەکانی یارساندا بە لاوە نرا) و ھەروەھا شوێنکەوتوانی ڕێبازی قادری لە سەردەمانی کۆنەوە دەفیان بۆ کۆڕی زیکر بە کار ھێناوە. ھەروەھا چون لە ئایینی ئیسلامدا بە ئامێرێکی حەڵاڵ دادەنرێ لە مەولوونامەکان و کۆڕی زیکردا بە کاری دێنن (حەڵاڵ و حەرامبوونی مۆسیقا و ساز بێ بنەمایە). هەروەها لە زەماوەندی پیرشالیاریشدا دەف لێدان بەشێک لە ڕێ و ڕەسمەکەیە. لەبەر ئەمانە دەف جێگەیەکی تایبەتی لە کوردەواریدا ھەیە و لەگەڵ سازی تەمبووردا بە سازێکی کوردی دادەنرێ و زۆرێک لە خەڵکی کوردستان ئاشناییان لەگەڵ ئەم سازەدا ھەیە. تەنانەت لە ناو کوردەواریدا بە تایبەت لە نێوان شوێنکەوتوانی ڕێبازی قادریدا باوە کە کاتێک کە دەفێک دەشکێ، لە جیاتیی وشەی شکاندن، وشەی شەھید بوونی بۆ بە کار دەبەن. لە ساڵی ٢٠١٤دا فێستیڤاڵێکی گەورەی دەفژەنی لە شاری سنەی پارێزگای کوردستاندا بە ڕێوە چوو. بۆیە لە ئێراندا دەف بە ناوی کوردستانەوە ناسراوە و دەوترێ کە پارێزگاکانی کوردستان و کرماشان ناوەندی سەرەکی دەفن و کورد و دەف پێکەوە دەناسرێن.