site loader
ئایار 17, 2022 کوردی سەرکوتکراو و پێشکەوتن لە جیهانی دیجیتاڵدا

 

مرۆڤی کورد بوونەوەرێکی سەرلێشێواو و سەرکوتکراوە کە هەمیشە بە سەرکەوتنەکانی نەتەوەی سەردەست شاگەشکە دەبێت و لە پێشکەوتەکانی خۆی شەرم دەکات. ئەم شەرمکردنەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ناخیدا دەزانێت ئەگەر کورد، لە هەر بوارێکدا، گەشەیەک بکات وردەوردە ئەو ئەوین و خۆشەویستییەی بەرانبەر نەتەوەی سەردەست کاڵ دەبێتەوە، کەچی ئەمە شتێکی ئەرێنییە بەڵام بۆ تاکێکی خۆبەهیچزان و شەیدای بێگانە مایەی ئازار و درووستبوونی کێشمەکێشێکی دەروونییە و هەندێک لە خەڵک بەرگەی ئەم ئازارە ناگرن و هەوڵ دەدەن لێی هەڵبێن کە لە ڕاستیدا ئەم ئازارەش سەرەتای دەستپێکی ئازادبوونە لە کۆتووبەندەکانی کۆیلایەتی.

بۆ نموونەیەکی بەرچاو و نوێ، با بڕوانینە زیادکردنی کوردی (سۆرانی) بۆ گووگڵ ترانسلەیت. ئەمە لە لایەکەوە شتێکی زۆر ئەرێنی و جێگای دڵخۆشییە و لە لایەکی دیکەوە بۆ هەندێک خەڵک دەبێتە هۆی نائارامی و تێکچوونی ئاسایشیان بەتایبەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.

بۆ نموونە با بڕوانینە دۆخی چالاکیی کوردانی ڕۆژهەڵات لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا. هەروا کە هەموو دەزانین دۆزینەوەی کوردێکی ڕۆژهەڵاتی کە زمانی یەکەمی لە جیهانی ئۆنڵاین و لە تۆڕەکاندا کوردی بێت (بەجۆرێک کە نووسین و خوێندنەوە جیدییەکانی بە کوردی بێت) لە دۆزینەوەی ئەمەریکییەک کە بە کوردی بنووسێت زەحمەتی زۆرترە. بیانووشیان بە درێژایی تەمەنیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەوە بووە کە بە هۆی ڕێزگرتن لە هاوڕێ فارسەکانیان فارسی دەنووسن. ئیدی چۆنە کە بیر لەوە ناکەونە ئەم ڕێزگرتنەیان واتە بێڕێزی بە هاوڕێ کوردەکانیان با بمێنێت. لەسەر ئەم دۆخە زۆر باس کراوە با زۆری ورد نەکەینەوە. ئێستا زیادکرانی کوردی دوا بیانووی ئەو کەسانە دەبڕێت، چونکە هاوڕێ فارسەکانیان دەتوانن لە ڕێگای ترانسلەیتی گووگڵەوە تێبگەن کە هاوڕێکەیان چی گوتووە. ئەو پرسیارەش کە ئاخۆ هاوڕێ ڕێزدارە فارسەکانیان ئەوەندە ڕێزی زمانەکەی ئەمان دەگرن یان نا با بمێنێت. ئێستا زیادکردنی کوردی بۆ گووگڵ کە لەسەر ئەرک و تێکۆشانی ژمارەیەکی کەم کوردی خۆبەش لە پاش چەند ساڵ هاتووەتە دی چۆن دەبێتە هۆی لەقکردنی پێگەی ژمارەیەک خەڵکی نەخوێندەواری لووتبەرزی فرەشوێنکەوتووی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان؟

ئەم کەسانە کە زۆربەیان، سەیرە کە بەشێکی بەرچاویان هونەرمەندان و خۆبەڕۆشنبیرزانەکانن، خوێندەواری کوردییان نییە و هێشتا بیریان لەو سەردەمەدا گیری خواردووە کە خوێندەوارییان بە “گوڵستان و بووستانی سەعدی” دەزانی! خوێندەواری کوردییان نییە و بگرە تەنانەت کوردینووسین نازانن و قامکیشیان بەری تەختەکلیلی کوردی بکەوێت تا دوو حەوتە جەمام دەبێت! ئەم بەڕێزانە لەمەو بەدوا ڕووبەڕووی پرسیارەکەی هەمیشەی خەڵک دەبنەوە کە “بۆچی بە کوردی نانووسن؟” ئەوانیش وەڵامەکەی جاران ناتوانن بدەنەوە، ئیدی دەستەوەستان یان دەبێت دان بە نەخوێندەواری خۆیاندا بنێن یان خۆیان لە وەڵامدانەوە گێل بکەن. لەم ناوەندەشدا هەندێک کەس دەستیان کردبووە ڕەخنە و گاڵتە گرتن کە وەرگێڕەکەی گووگڵ لاوازە و وەرگێڕانەکەی هەڵەی زۆری تێدایە! ئەمانەش کێن؟

ئەم بەڕێزانە زۆربەیان خوێندکارە نەخوێندەوارەکانی زانکۆ ئێرانییەکانن کە وادەزانن گووگڵ ترانسلەیت بۆ وەرگێڕانی وتاری زانستی و ئەنجامدانی پڕۆژەکانی خوێندکارەکانی زانینگەیە! لێرەدا ڕەنگە پێویست بێت سەرنجێک بدەین بە ئیش و ئامانجی گووگڵ ترانسلەیت:

-وەرگێڕانی ماڵپەڕەکان: بۆ وەرگێڕانی پێڕست و ڕواڵەتی ماڵپەڕەکان بە زمانەکانی دیکە بۆ ئاسانکاری لە گەڕان بە ماڵپەڕەکەدا. ئەگەر فرۆشگە بێت بۆ وەرگێڕانی پێناسەی شتومەکەکان و هتد کە ڕستەگەلێکی ئاسان و باون.

وەرگێڕانی پۆستەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان: ئەوەی کە بابەتە ئاسایی و ڕۆژانەکان یان هەر بابەتێک لە ئاستێتکدا وەربگێڕدرێت کە خوێنەری ئەو بابەتە بە زمانێکی دیکە لە مەبەست و مانا گشتییەکەی ئەو نووسراوەیە تێبگات.

-وەرگێڕانی کۆمنتەکان: کۆمنتەکان زۆرینەیان ڕستەگەلێکی سەرەتایی و ئاسایین ئیدی لەمەوبەدوا کە ڤیدیۆیەکت لە یوتووب یان هەر شوێنێک بینی و حەزت لێ بوو دەتوانیت بە کوردی کۆمنتی بۆ بنووسیت و خاوەن ڤیدیۆکە وەرگێڕانەکەی بە زمانی خۆی دەخوێنێتەوە و ئەمەش پەیوەندییەکان ئاسان دەکاتەوە.

-بۆ گەشتیاری: ئەگەر سەفەرت کرد بۆ وڵاتێکی دیکە دەتوانی داخوازییە سەرەتاییەکان لە ڕێگای گووگڵ ترانسلەیتەوە وەربگێڕیتە سەر ئەو زمانە و لە چێشتخانەکان، هۆتێلەکان و لەسەر شەقام یارمەتیدەر دەبێت.

بەڵام گووگڵ ترانسلەیت بۆ وەرگێڕانی فەلسەفە و پڕۆژەی خوێنکاران و وەرگێڕانی گرێبەستی بازرگانی و بەگشتی وەرگێڕانی پرۆفیشناڵ نییە، نەک هەر بۆ کوردی بۆ هیچ زمانێک نە توانای ئەوەی هەیە و نە ئامانجیشی ئەوەیە.

دەبێت ئەوەش بەرچاو بگرن کە زیادکردنی زمانێک بە گووگڵ ترانسلەیت واتە توانای نەرمامێرەکە تا ئەو ئاستە گەیشتووە کە دەست بە ئیش بکات و ئەمە سەرەتای گەشەکردنیەتی و ڕۆژبەڕۆژ هەر دەبێت ئیشی لەسەر بکرێت بۆ بەهێزتربوونی.

 

دواجار هیوادارم ئەو خەڵکەش کە تا ئێستا خوویان گرتبوو بە دانیشتن و چاوەڕێکردنی ئەوەی کە لە کوردستان شتێکی باش ڕوو بدات و ئەمان نزم بینرخێنن، ئەگەر لە بوارێکدا شارەزاییەکیان هەیە و تا ئێستا لە خزمەتی نەتەوەی سەردەست بوون ئاوڕێکیش لە ناخی خۆیان بدەنەوە و تێبگەن دەستکەوتەکانیان بۆ نەتەوەی سەردەست زامە بەسەر ماڵ و نیشتمانی خۆیانەوە. یان دەبێت تەواو خۆت بدەیت بە دەستەوە و ببیت بە ئەوان (کە نەکردەیە، ئەوان تا ئەو شوێنە تۆیان دەوێت کە خزمەتیان بکەیت) یان ببیتەوە بە خۆت. قاچێک لەمبەر و قاچێک لەوبەر دەرەنجامی باشی بەدواوە نابێت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .